رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد

سەرۆک بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، دووپاتی کردەوە کە ڕەوەندی کوردستانی ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانیان نیشان دا.

ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە ڕەحیم ڕەشید (مستەر کورد)، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ڕۆڵ و پێگەی ڕەوەندی کوردستانی و پێویستیی تێکۆشانی نەتەوەیی لە دەرەوەی وڵات (دیاسپۆرا) کرا.

سەرۆك بارزانی ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی لەپێناو پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد بە گرنگ وەسف کرد و پشتیوانی و پاڵپشتیی خۆی بۆ سەرخستنی هەوڵەکانیان نیشان دا، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە “ئەمە پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە بۆ هەموو کوردستانییان”.

لای خۆیەوە، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆنفیدڕاسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، تیشکی خستە سەر ئەو کار و چالاکییانەی کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان ئەنجامیان داون.