رۆژنامەی ھەولێر

چۆن بووم بە ئەندام لە شانۆی Lace Market Theatre

سەردار ئەکرەم/ بەریتانیا

 

لە دڵی نۆتنگهامی مێژوویی، لە شانۆیی لەیس مارکێت (Lace Market) کە هەناسەی سەدەکانی ڕابردووی پێوە دیارە و پێشتر گەنجینەی قووماشی لەیس بووە، شانۆیەکی بچووک و سەربەخۆ بەناوی شانۆی لەیس مارکێت (Lace Market Theatre) وەستاوە، کە وەک گەوهەرێکی شاراوە لەناو کەلەپووری پیشەسازیی شارەکەدا دەدرەوشێتەوە. ئەم شانۆیە، کە لە بنەڕەتدا لە ساڵی 1922 وەک یانەی Nottingham Playgoers دامەزراوە، نەک تەنها شوێنێکی نمایشکردنی هونەرە، بەڵکوو. سیمبوولێکە بۆ ئاستێکی باڵای پیشەییبوون لە جیهانی شانۆی ئاماتۆردا.ئەزموونی بوون بە ئەندام لەم دامەزراوە هونەرییەدا، وەک هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە کتێبی ژیاندا، بەڵام لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا، سێبەری یادگارییە کۆنەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ڕۆژی یەکەم، ڕۆژێک بوو کە بە تەواوی شایەنی ئەوەیە وەک “ڕۆژی تێکەڵبوونی هەستەکان” ناوبنرێت؛ ڕۆژێک کە تێیدا گەرمی پێشوازیی و ساردیی یادگارییەکی دوور بەیەک گەیشتن.لەو ساتەدا کە پێمنایە نێو هۆڵی سەرەکی، بەڕێوەبەری شانۆ، خاتوو جێل (Jill)، بە ڕوویەکی گەشاوە و پڕ لە وزەوە پێشوازی لێکردم. شێوازی قسەکردنی، کە تێکەڵەیەک بوو لە ڕەوانبێژیی پیشەیی و دڵسۆزیی بێگەرد بۆ هونەر، هەستی دڵنیایی و ئارامی بەخشی. ئەو پێشوازییە، کە بەتەواوی دوور بوو لە فەرمییەتیی سارد، زیاتر لە باوەشی خێزانێک دەچوو بۆ ئەندامێکی نوێیان.خاتوو جێل بە پەرۆشەوە دەستی بە گەشتەکە کرد. ئەو بەش بە بەشی شانۆکەی پێناساندم، کە هەریەکەیان وەک پارچەیەکی گرنگی مەتەڵێکی گەورە دەهاتە بەرچاو، پارچەیەک کە بە وردبینییەکی زۆرەوە دانرابوو. بەڵام لەگەڵ هەنگاوێکدا، کاتێک قسەی لەسەر پێکهاتە ئاڵۆزەکانی شانۆ و ڕۆڵە جیاوازەکان دەکرد، هەستێکی سەیر دایگرتم.لەگەڵ هەر وەسفێکی ڕۆڵی داهێنەر وەک دەرهێنەر و بەرهەمهێنەر، یان ڕۆڵی تەکنیکی وەک بەڕێوەبەری شانۆ و دیزاینەری سێت، دڵم بەرەو تەنگبوون دەچوو و چاوەکانم پڕ دەبوون لە گریان. بە ناچاری دەچوومەوە نێو یادەوەریی ئەو ڕۆژانەی کە لەگەڵ هاوڕێکانم لە کوردستان شانۆمان دەکرد. بیرم دەکردەوە کە ئێمە چەندە هەژار بووین لە ڕووی ئامێر و پێداویستییەوە؛ تەنها کۆمەڵێک گەنج بووین کە حەزێکی گەورەی شانۆ کۆی کردبووینەوە، بەڵام شانۆکانمان بە هەژارییەکی سەخت دەکرد. ڕاستە، ڕۆح و زمان و پەرۆشیمان زۆر بوو، بەڵام لەبەردەم نەبوونی توخمەکانی شانۆدا، هەستمان بە بێدەسەڵاتی دەکرد زۆرهەژاربووین،تەنانەت هەژاربووین لە نەبوونی پەرتووکی شانۆیی سەرچاوەی شانۆیی .ئەم بیرکردنەوە تەنها لەمێشکمدا نەما، بەڵکوو کاتێک گەیشتینە بەشێکی شانۆکە کە تایبەت بوو بە ئامێری ڕووناکی، یادگارییەکە بە تەواوی تەقایەوە. لەبەردەم دیوارێکی گەورەدا وەستاینکەهۆڵێکی گەورە کە پڕبوولە ئامێری ڕووناکی بە هەموو شێوە و قەبارەیەک داپۆشرابوو؛ ئامێری زیرەک، پرۆجێکتەر، و کۆنتڕۆڵەرە ئاڵۆزەکان، کە هەموویان شاهیدی ئاستی پێشکەوتوویی تەکنیکی شانۆی لەیس مارکێت بوون.لەو کاتەدا، پێکەنینێکی تاڵ هاتە سەر زارم، و قسەیەکی مامۆستایەکم هاتەوە یاد. کاتی خۆی نمایشێکمان هەبوو و گرفتی نەبوونی ڕووناکیی شانۆمان هەبوو. مامۆستاکەمان هاتە لامان وتی: “کێشەتان چییە؟” وتمان: “ڕووناکیمان نییە”. ئەویش بە پێکەنینەوە وتی: “باشە، بنێرنه سلێمانی گەڵابەیەکەتان بۆ بێت!” ئێمەش پێکەنین، بەڵام لە قووڵایی دڵماندا دەمانزانی کە مەبەستی مامۆستاکە ئەوە نەبوو کە کێشەکە چارەسەر بات، بەڵکوو مەبەستی ئەوە بوو کە نەبوونی تۆوخمە سەرەکییەکان لە شارەکەی خۆماندا تا ئاستێک بوو کە چارەسەرکردنی وەک خەیاڵ دەهاتە بەرچاو.لێرە، لە شانۆی لەیس مارکێت، کاتێک ئەو دەوڵەمەندییە تەکنیکییەم بینی، باوەڕم بۆ دروست بوو کە شانۆ دەکرێت چەندە گەورە و پیشەیی بێت، تەنانەت ئەگەر ئاماتۆریش بێت. ئەم شانۆیە، کە لەلایەن The Lace Market Theatre Trust Ltd. بەڕێوە دەبرێت و ڕێکخراوێکی خێرخوازییە، بە بەرهەمهێنانی درامای مۆدێرن و تەقلیدی، کۆمیدی و مۆسیقایی بە ئاستێکی بەرز ناسراوە.ئەم جیاوازییە، نەک تەنها لە ڕووی ئامێرەوەیە، بەڵکوو لە سیستەمی کارکردنیشدایە. لێرە، هەموو ڕۆڵێک بە وردی دیاری کراوە دیزاینەری ڕووناکی و کارپێکەری دەنگ بە شێوەیەکی زانستی کار دەکەن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری شانۆ (ASM) و بەڕێوەبەری جێگری شانۆ (DSM) لەگەڵ دەرهێنەر و بەڕێوەبەری شانۆ کار دەکەن بۆ ئەوەی نمایشەکە بە وردییەکی کاتژمێری بەڕێوە بچێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە شانۆ لێرە، نەک تەنها حەزێکە، بەڵکوو. زانستێکی ڕێکخراو و پیشەیەکی بەڕێوەبراوە.گەشتەکەی خاتوو جێل، نەک تەنها ناساندن بوو بە بەشەکانی شانۆ، بەڵکو وانەیەک بوو لەسەر گرنگیی ڕێکخستن و دابینکردنی توخمەکان. شانۆی لەیس مارکێت، وەک نموونەیەکی درەوشاوەی شانۆی ئاماتۆری لە بەریتانیا، دەیسەلمێنێت کە هونەر پێویستی بە دامەزراوەی گەورە نییە بۆ ئەوەی کاریگەریی هەبێت، بەڵکوو پێویستی بە ڕۆحێکی پیشەیی و پەرۆشییەکی ڕێکخراو هەیە. ئەو ڕۆژە، بەڕاستی، سەرەتایەکی نوێ بوو، سەرەتایەک کە تێیدا هەست دەکرا بوون بە ئەندام لەم شانۆیەدا، بەشێکە لە گەشتێک بۆ نێو دنیایەکی نوێی شانۆیی، کە تێیدا یادگارییە تاڵەکان دەتوانن ببنە سووتەمەنی بۆ داهاتوویەکی گەشاوەتر.