رۆژنامەی ھەولێر

بازنەی نیگەرانی

خدر گو‌ڵانی

 

نیگەرانم، نیگەران
نیگەرانم،
لە هەموو ئەوشتانەی،
بە سروشتی خۆیان پێنەگەیشتن
نیگەرانم،
بۆ ئەو دەنکە گێلاسەی
تاوە تەرزەی هەورێکی ساختە
بێ بەزەییانە وەراندی !
نیگەرانم،
بۆ ئەو زەڕنەقووتەیەی
پێش دەرکردنی پەڕوباڵ
دەمی مارێکی گەیشتێ و
تا ئەبەد لە فڕین دایبڕی
نیگەرانم،
بۆ ئەو هێشوە ترێیەی (کەڕووی)
زستانێک لێی بووە
ژەنگ هەڵیکڕوزاند
نیگەرانم،
بۆ ئەو کاریلە کێوییەی
کە هێشتا بەسەر ژمارەی
ڕۆژەکانی حەفتەدا بازی نەدابوو
کەوتەبەر چڕنووکی تیژی هەڵۆیەک
نیگەرانم،
بۆ ئەو گوڵە مێلاقەی لە هەڕەتی
گەشانەوەیدا بە پێخوستی
(تەژەندەرێک) پووکایەوە
نیگەرانم،
بۆ ئەو کۆترە باریکەی
بەترسەوە لە شەقەی باڵی داو
خەیاڵی لای گەڕانەوەی هێلانەکەی بوو
باشووکەیەک هەڵیبڕی و بە یەکجاری
لە چاوی فەرخەکانی ونیکرد
نیگەرانم،
بۆ ئەو سواڵە گەنمانەی
بەداس و پەنجەی پاڵەیەک
باوەشیان کرد بەیەکدا،
لێ پڕیشکی ئاگرۆچکەی
منداڵێکی هارو هاج کردنی بەخۆڵەمێشی دوای سووتان
نیگەرانم،
بۆ ئەو چڵەڕێحانەی
بەسەر پشتی دێراوێکەوە
گڕەی هاوینێکی وشکەساڵی
لە بێخەوە کردی بە (سۆرەپەل)
نیگەرانم،
بۆ ئەو شیعرەی
هێشتا نیوەی دڵۆپەکانی
لە نووکی خامەی شاعیرێکی
عاشقەوە نەتکابوو
چەقۆیەکی ژەنگاویی
هزری خێڵ ملی قرتاتد
نیگەرانم،
بۆ ئەو لێوەی پێش ئەوەی
گەزۆی ماچێک تامکات
باری کۆڤانێک نیشتە سەری و
قەدەر دووری خستەوە
لە خەندەی ئەوین!
نیگەرانم
لەو هەموو نیگەرانیەی خۆم
تێناگەم کام لە گوناھەکانم
خستومیە ناو گێژەڵووکەی
تووڕەیی خوا؟
لە ناو بازنەی نیگەرانیدا
بە دەوری یەئسی خۆمدا
بێوچان هەر خول دەدەم