ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکەی كار لە هەرێمی كوردستانی عێراق و نەینەوا خزمەتگوزاریی كار و پەیوەندییەكانی بازاڕی كار بەهێزتر دەكات.
لەم بارەیەوە ریكخراوەكە زنجیرەیەك ڕاهێنان تواناكانی فەرمانگە گشتیەكانی دامەزراندن و ناوەندەكانی پەرەپێدانی پیشە بەرز دەكاتەوە بۆ ئەوەی كارخوازان باشتر لەگەڵ دەرفەتە بەردەستەكاندا خۆیان بگونجێنن
ڕێكخراوەكە لە ڕاگەیێنراوێكدا نووسیویەتی كە هەرێمی كوردستان لە وۆركشۆپی دووەم و كۆتاییدا زیاتر لە ٤٥ بەشداربووی كۆ كردەوە، كە بریتی بوون لە ڕاوێژكاری دامەزراندن لە فەرمانگەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان و نەینەوا، تیمەكانی ناوەندەكانی پەرەپێدانی پیشەی زانكۆكان، هەروەها نوێنەری خاوەنكارەكان لە ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی.
ئەم بەرنامەیە بەشێكە لە هەوڵە فراوانەكانی ڕێكخراوی كار بۆ مۆدێرنكردنی خزمەتگوزارییەكانی دامەزراندن، بەهێزكردنی حوكمڕانیی بازاڕی كار و، ئامادەكردنی فەرمانگەكانی دامەزراندن و ناوەندەكانی گەشەپێدانی پیشەیی بۆ ڕۆڵێكی سەرەكی لە جێبەجێكردنی سیاسەتە نیشتمانییەكانی دامەزراندن و پشتگیریكردنی كارخوازان، خاوەنكاران، دەرچووان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بازاڕی كاردا.
دكتۆر خالد سەیغ، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: “لە كاتێكدا ڕێكخراوی كاروباری نێودەوڵەتی بەردەوامە لە پاڵپشتیكردنی پەرەپێدانی چەندین چوارچێوەی سیاسەتی نیشتمانی، لەوانەش ستراتیژی دامەزراندن بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كە بەم نزیكانە دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم هەوڵە هاوبەشانە بەشدارن لە بنیاتنانی دامەزراوەكان كە باشتر ئامێری پێویستیان هەبێت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاریی دامەزراندنی كوالیتی بەرز هاوتەریب لەگەڵ ئەولەویەتە نیشتمانییەكان.”
ڕاهێنانەكە كۆمەڵێك ئامرازی پێشكەوتووی پێشكەش كرد كە تواناكانی فەرمانگەكانی دامەزراندن و ناوەندەكانی گەشەپێدانی پیشەیی لە بوارەكانی وەك پشتگیریكردن لە پرۆسەكانی دامەزراندنی كارمەند، پەیوەندیكردن لەگەڵ خاوەنكارەكان، هەماهەنگی دامەزراوەیی و، خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەكان بەرز كردەوە. هەروەها باسی لە ئاستەنگەكانی گەیشتن بە گروپە جۆراوجۆرەكان و دڵنیابوون لەوەی كە خزمەتگوزارییەكان لەگەڵ واقیعەكانی بازاڕی كاردا هاوتەریبن، لەوانەش “بازاڕی سێبەر” كە زۆرێك لە كارەكان بە فەرمی ڕیكلامیان بۆ ناكرێت.
هەروەها خاوەنكارەكان تێڕوانینێكی پراكتیكییان سەبارەت بە تەحەددیاتی دامەزراندن، كەلێنی كارامەیی و پێداویستییەكانی ئامادەیی بازاڕی كار پێشكەش كرد، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەك بۆ بەرزكردنەوەی هاوكاری لە نێوان فەرمانگەكانی دامەزراندن، ناوەندەكانی زانكۆ و كەرتی تایبەت.
مەریوان باگۆك، بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: “دروستكردنی توانای خزمەتگوزارییەكانی دامەزراندنی گشتی و ناوەندەكانی گەشەپێدانی پیشەیی زۆر گرنگە بۆ باشتركردنی كوالێتی خزمەتگوزارییەكانی پێشكەش بە هەلی كارخوازان و خاوەنكاران، هەروەها بۆ ئامادەكردنی دامودەزگاكانمان بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژییەتی دامەزراندن بە شێوەیەكی كاریگەر لە هەرێمی كوردستان”.
لە بەشی دووەمی ڕاهێنانەكەدا، بەشداربووان پێداچوونەوەیان بە ڕێنمایی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كاردا كرد، “چۆن پشتگیری خاوەنكار بكەین؟”، كە تیشك دەخاتە سەر گرنگی دروستكردنی پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان فەرمانگەكانی دامەزراندنی گشتی و خاوەنكارەكان بۆ باشتركردنی پرۆسەكانی دامەزراندن و پەرەپێدانی هێزی كار. ڕێنماییەكە ئامرازی پراكتیكی دابین دەكات بۆ یارمەتیدانی ڕاوێژكارانی دامەزراندن بۆ بنیاتنانی هاوبەشی بەردەوام لەگەڵ كەرتی تایبەت.
ئەم قۆناغە لەسەر بنەمای وۆرك شۆپێك بنیات نراوە كە لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەردا لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەسەر بنەمای ڕێنمایی ڕێكخراوی كار، “چۆن پشتگیری لە كارخوازێك بكەین؟”، كە جەخت لەسەر ڕۆڵی گرنگی ڕاوێژكارانی دامەزراندن دەكاتەوە لە یارمەتیدانی كارخوازان- بە تایبەتی گروپە لاوازەكان- لە ڕێگەی گواستنەوەی پیشەییەوە. ڕێنماییەكە لێهاتووییە سەرەكییەكان دیاری دەكات، لەوانە شیكاری بازاڕی كار، تێگەیشتن لە چوارچێوە یاساییەكان، تەكنیكەكانی ڕێنمایی پیشەیی و كارامەیی نەرم.
ئیگۆر بۆسێك، ڕێكخەری وڵاتەكانی ڕێكخراوی كار لە عێراق وتی: “خزمەتگوزارییە مۆدێرن و كاریگەرەكانی دامەزراندن زۆر گرنگن بۆ باشتركردنی نێوەندگیری بازاڕی كار و فراوانكردنی دەستڕاگەیشتن بە كاری شایستە.” “بەهێزكردنی هاوكاری نێوان فەرمانگەكانی دامەزراندنی گشتی، ناوەندەكانی گەشەپێدانی پیشەیی و، خاوەنكارەكان هەنگاوێكی چارەنووسسازە بۆ بنیاتنانی سیستەمێكی دامەزراندن كە وەڵامدەرەوەتر و گشتگیرترە كە پشتگیری گەنجان و ژنان و گروپە لاوازەكان بكات لە سەرانسەری عێراقدا.”
هەردوو وۆركشۆپەكە پێكەوە پاكێجێكی ڕاهێنانی گشتگیر پێك دەهێنن كە نێوەندگیری بازاڕی كار بەهێز دەكات و دامەزراوەكان ئامادە دەكات بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی نیشتمانیی دامەزراندن لە عێراق و هەرێمی كوردستان. ئەو لێهاتووییانەی بەدەست هاتوون بەردێكی بناغەی سیاسەتە چالاكەكانی بازاڕی كار لەلایەن ڕێكخراوی كارەوەن، پشتگیری لە كارگەڕان دەكەن لە دۆزینەوەی دەرفەتی گونجاو، باشتركردنی ڕێڕەوی پیشەیی درێژخایەنیان و، دڵنیایی لەوەی كە كەس لە دوای گۆڕانكارییە ئابوورییەكاندا نەمێنێتەوە.
ئەم هەوڵانە تەواوكەری كارە بەردەوامەكانی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکەی كار لەگەڵ وەزارەتی كار و هاوبەشە نیشتمانییەكانن بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی دامەزراندن لەسەر بنەمای بەڵگە، بەهێزكردنی سیستەمی زانیاری بازاڕی كار و، بنیاتنانی توانای دامەزراوەیی، كە هەموو ئەمانە بەشدارن لە پێشخستنی كاری شایستە لە عێراقدا.
ئەم بەرنامەیە بەشێكە لە هاوبەشی PROSPECTS، كە لەلایەن حكومەتی هۆڵەندا پارەی بۆ دابینكراوە، هەروەها پڕۆژەی “بەرزكردنەوەی هەلی كار و توانای دامەزراندن لە نێوان پەنابەران، ئاوارە ناوخۆییەكان و، كۆمەڵگە میواندارەكان بە گرنگیدان بە ژنان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و، گەنجان لە باكووری عێراق”، كە لەلایەن وەزارەتی فیدراڵی ئەڵمانیا بۆ هاوكاری و گەشەپێدانی ئابووری (BMZ) پارەداركراوە و لەلایەن GIZ پاڵپشتی دەكرێت.

