ڕائیب جادر – هەولێر
لە گوندی چەمێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر، لە مەڕاسیمێکدا بە ئامادەبوونی مەلامستەفا بارزانی و خالد خۆشناو و بەرپرسانی ئیداری، حزبی و ژمارەیەک لە کەسایەتی و ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە پڕۆژەی دروستکردنی پردی چەمێ دوای کۆتایی ھاتن بە کارەکانی کرایەوە و پێشکەش بە ھاووڵاتییان کرا، ھەروەھا بڕیاردرا ڕێگەی سەرەکی نێوان سۆران – مێرگەسۆر بکرێتە دووساید، ئەوەش ھاووڵاتییانی سنوورەکەی دڵخۆشکردووە و سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو ھەموو پڕۆژەیە.
لە وتارێکدا مەلامستەفا بارزانی زۆر بە گەرمی سوپاس و دەستخۆشی تایبەتی جەنابی سەرۆک بارزانی ئاراستەی خالد خۆشناو کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی پردی چەمێ کە بە ھەستێکی نیشتمانپەروەرانە ئەرکی جێبەجێکردن و تێچووی ئەم پڕۆژەیەی لە ئەستۆ گرتبوو و پێشکەشی خەڵکی خۆڕاگر و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوانی دەڤەری بارزانی کرد.
بەڕێزیان ئاماژەی بە گرنگی ئەم پڕۆژەیە کرد کە سەرەڕای ئەوەی کار ئاسانی بۆ ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرەکان دەکات، لە ھەمان کاتدا ھاووڵاتییانی دەیان گوندی سەر بە قەزای مێرگەسۆر لێی سوودمەند دەبن، جگە لەو ھاووڵاتییانەی کە بەم ڕێگەیەدا گەشت دەکەن بۆ وڵاتی تورکیا، بۆیە دووبارە بە ناوی خۆی و ھاووڵاتییانی دەڤەری بارزان سوپاس و دەستخۆشی تایبەتی ئاراستەی خالد خۆشناو کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
جێی باسە پردی چەمێ درێژیەکەی ١١١ مەترە و پانییەکەی ٢١ مەترە، جیا لە دروستکردنی پردەکە، ڕێگەکە لە ھەردوو لای پردەکە بە درێژی زیاتر لە ٢ کیلۆمەتر بەشێوەیەکی سەردەمیانە و بەپێی ستانداردە ئەندازیاریەکان دروستکراوە و لە ماوەی ٣ مانگ کارکردن تیایدا تەواو بووە.
ھەروەھا مەلامستەفا بارزانی لە درێژەی وتارەکەیدا مژدە و مزگێنییەکی گەورە و دڵخۆشکەری بۆ خەڵکی ئازیزی سنووری قەزای مێرگەسۆر ڕاگەیاند، کە لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندی دراوە بۆ بە دووسایدکردنی ڕێگەی سەرەکی نێوان سۆران – مێرگەسۆر کە لە دەروازەی گەلی عەلی بەگ – سۆران دەستپێدەکات تا دەگاتە پردی چەمێ لە سنووری ناحیەی شێروان مەزن، بە جێبەجێبوونی ئەم پڕۆژەیە دانیشتووانی تەواوی ئەو گوند و شار و شارۆچکانەی کە دەکەونە سەر ئەو ڕێگەیە وەک باڵەکیان – ھاودیان و تەواوی ھاووڵاتییانی سنووری قەزای مێرگەسۆر لێی سوودمەند دەبن.

