رۆژنامەی ھەولێر

کاروانی ئاوەدانی کوردستان ناوەستێت

ئەحمەد شاکر
دوژمنانی ئاوەدانی و ڕووناکی، جارێکی تر خۆیان تاقی کردەوە، جارێکی تر بۆ هەموو لایەکیان سەلماند، چەند ناخ ڕەش و قین لە دڵن بەرامبەر کاروانی ئاوەدانی کوردستان و ئینتیمای بەرزی نیشتیمانی هاووڵاتیانی کوردستان، جارێکی دیکە سەلماندیان هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێگای ڕاستی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونە و لەرزۆکانە دەیانەوێت ڕایبگرن و ناتوانن.

ناحەزانی هەرێمی کوردستان، دەبێت ئەوە بزانن خەڵکی کوردستان، ئەگەر لە ڕابردوودا گازاندە و نیگەرانییەکیان هەبووبێت لە خزمەتگوزارییەکان، ئێستا ئەوە بووە بە ڕابردوو، ئیستا قۆناغێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، ئەویش قۆناغی متمانە و یەکدەستییە بۆ بەرەو پێشبردنی وڵات بە هاوبەشیی حکوومەتێکی خزمەتگوزار و خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان. هەرگیز لە پێشتردا وەکو ئێستا بەرچاوی کوردستانیان ڕوون نەبووە لە ناسینی دڵسۆزانی خۆی، هەرگیز لە پێشتردا وەکو ئێستا زەمینە لەبار نەبووە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی قەڵای خۆڕاگری کوردستانیان بە گژ زووڵم و ستەم و نادادی دوژمنە سەرسەختەکانی خۆیان ببنەوە و بێ باک بن لە هەڕەشەی ترسنۆکانە و نەزۆکانەی دوژمنانی ئاوەدانی و ڕووناکی.
یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە، پردی متمانەی نێوان خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوو تۆکمەتر و پتەوتر بێت، بە تەنیا پێشکەوتن و پرۆژە و خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو بەجێهێنانی بەڵێنی سەرۆکی حکوومەت بوو بەوەی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بگاتە هەموو ناوچە و کوچە و کۆڵانێکی کوردستان، جوانترین نموونەش کارەبای ٢٤ کاتژمێری بوو، کە پێکڕا لە زاخۆ و دهۆک و هەولێر و سلێمانی کەوتە کار، ڕەنگە هۆکاری ئەوەش کە لەلایەن ناحەزانەوە بە ئامانج دەگیرێ هەر ئەو خاڵە بەهێزەی بێت. چونکە پرۆژەی هاوشێوە کە هەموو کوردستانیان یەکدەخات بە تەنیا پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ نیشتیمانسازی و کاڵکردنەوەی سنووری حزبایەتی و تێکشکاندنی زۆنەکان لەسەر بنەمای ڕەنگ و ئینتیمای سیاسی.

هێرشەکەی سەر کۆرمۆر، ئەوەی پیشانی هەمووان دا، کە چۆن هاووڵاتیان لە هەموو شوێنە جیاوازەکانی کوردستان هەمان نیگەرانی و هەمان بۆچوونیان هەبوو دەرباری ڕووداوەکە، ئەمەیان ئەزموونێکی نوێی نیشتیمانییە لە کوردستان، کە پێمان دەڵێت؛ هەرگیز کوردستان بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە و کاروانی ئاوەدانیمان بە کۆسپی ناحەزان و تیرۆرستان ناوەستێت.