رۆژنامەی ھەولێر

فازڵ میرانی و جێگری کونسوڵی گشتی به‌ریتانیا ڕەوشی ئەمڕۆی ناوچەکەیان تاوتوێ كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2025/11/30 ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی، پێشوازی لە (شارلێت دیکسون) جێگری کونسوڵ و کاربەڕێکەری کونسوڵخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، فازڵ میرانی تیشکی خستەسەر ڕەوشی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و دووپاتی کرده‌وه‌ کە ناوچەکە به‌ بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پێویستە هەموو لایه‌ک بەژیرانە هەڵسووکەوت لەگەڵ پێشهاتەکاندا بکه‌ن و بەرژەوەندی باڵای خەڵکی ناوچەکە لەبەرچاو بگرن.

هەروەها بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی باسی لە بەرێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ کرد و گوتی، هەڵبژاردنەکه‌ بەسەرکەوتووی ئەنجام درا و چاوەڕوان دەکرێت ئەنجامەکان پەسند بکرێت تا دەست بە گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق بکرێت.

میرانی جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ کە ناحەزان و دوژمنانی ئارامی و پێکەوە ژیان و ئاوەدانکردنەوه‌ چاویان بەو پێشکەوتنانەی هەرێمی کوردستان هەڵنایا و بە هەموو توانایان و هەموو ڕێگه‌یەک دژایەتی هەرێم دەکەن و دوایینیان ئەو کارە تیرۆریستیە بوو کە لە دژی کۆرمۆر ئەنجامیان داو و بووە هۆی لەکار خستنی دەرهێنانی غاز لەو کێڵگەیە ‌‌كه‌ ئەم کاره‌ دووره‌ لەهەر بنەمایەکی مرۆڤایەتی.

لەلای خۆیەوە ( شارلێت دیکسون ) جێگری کونسوڵی گشتی به‌ریتانیا لە هەولێر سوپاسی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و پێشوازی کردنیان و پیرۆزبایی لە پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ و بەدەستهێنانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ.

هەروەها دووپاتی کرده‌وه‌ کە به‌ریتانیا بە گرینگی زۆرەوە چاودێری ناوچەکە دەکات و تەئکیدی کرده‌وه‌ کە حکوومەتی به‌ریتانیا ئامادەیه‌ بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوكارییەک و هیوای خواست هەرێمی کوردستان هەر لە پێشکەوتن دابێت.