رۆژنامەی ھەولێر

زاخۆ یەكێكە لە بەهێزترین بەربژێرەكان بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

درەنگایی شەوی رابردوو وادەی دەنگدان بۆ بەربژێرانی خەڵاتەكانی باشترینی ساڵی 2025 بە فەرمی لە لایەن فیفا داخرا، بە گوێرەی راپۆرتێكی فیفا زیاتر لە 15 ملیۆن كەس دەنگیان بۆ بەربژێرەكان لەسەر ئاستی باشترین یاریزان، باشترین، راهێنەر و یانە گۆڵپارێزان، لە نێویاندا باشترین هاندەری ساڵیش دیاری دەكرێت و هاندەرانی زاخۆ یەكێكن لە بەهێزترین بەربژێرەكان.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس بۆ خەڵاتەکانی زەبیست دەنگیان داوە، کە هاندەرانی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ بەربژێرکراون و لە کوردستان گەورەترین کەمپەین بۆ دەنگدان بە هاندەرانی زاخۆ بەردەوامە.
فیفا لە بەیاننامەکەی رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس بۆ خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ دەنگیان بەو نۆ خەڵاتە داوە کە لەلایەن فیفاوە بەربژێرەکانیان ئاشکرا کراون و زۆربەی خەڵاتەکان 25%ـی خاڵەکانیان بە دەنگی هاندەران یەکلا دەکرێنەوە، تەنیا خەڵاتی باشترین هاندەری ساڵ نەبێت، سەدا سەد بە دەنگی هاندەران یەکلا دەکرێتەوە، کە هاندەرانی زاخۆ و ئالیخاندرۆ سیگانۆتۆی ئەرجەنتینی و مانۆلۆ بۆمبۆی ئیسپانی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین هاندەری 2025 بەربژێرن.
کاتژمێر 02:00ـی درەنگانی شەوی رابردوو ماوەی دەنگدان لە رێگای ماڵپەڕی فیفاوە بۆ باشترینەكانی ساڵ كۆتایی هات، لەسەرئاستی نێوخۆ و تەواوی جیهان پشتگیرییەكی باش لە هاندەرانی زاخۆ كرا.
ئەوەی جێگەی سەرنج بوو هیچ كەناڵ و میدیاییەكی عەرەبی عێراق ئامادەنەبوون پشتگیری لە كەمپەینی پاڵپشتیكردنی هاندەرانی زاخۆ بكەن، لە كاتێكدا حەفیز دەراجی كۆمێنتاری بەناوبانگی جەزائیری و چەندان كەسایەتی دیكەی ناسراو لە دەرەوەی عێراق رایانگەیاند دەنگیان بە هاندەرانی زاخۆ داوە، تەنیا عەدنان درجاڵ سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پاڵپشتی خۆی بۆ هاندەرانی زاخۆ راگەیاند، لەسەر ئاستی یانەكان، جگە لە یانەی رەمادی و گەرمە، هیچ یانەیەكی دیكەی خوار و ناوەراستی عێراق ئامادەنەبوون پاڵپشتی لە هاندەرانی زاخۆ بكەن.
لە خولی ئەستێرەكانی عێراقی وەرزی رابردوو، پێش یارییەكەیان بەرامبەر حدوود، هاندەرانی زاخۆ لە رۆژی 13ـی ئایاری ئەمساڵ، 30 هەزار بووكەڵەیان فڕێدایە نێو یاریگە، دواتر سەرجەم بووكەڵەكانیان كۆكردەوە و بەخشرایە ئەو منداڵانەی بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە، ئەم كارەی زاخۆش لە لایەن فیفا وەكو كارێكی مرۆڤایەتی هەژمار كرا و بە فەرمی هاندەرانی زاخۆ بۆ خەڵاتی باشترین هاندەرانی جیهان بەربژێر كران.