رۆژنامەی ھەولێر

سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ جەزیرەی بۆتان

‎هاودەنگ فارووق
كە دەڵێین سەرۆك بارزانی، سەرۆكێكە بۆ هەموو نەتەوەی كورد، لەو واقیعەوە سەرچاوەی گرتووە؛ كە كوردانی هەرچوار پارچەی كوردستان، وەكو ڕەمزی دۆزی ڕەوای كورد دەیبینن، پێگەی سەرۆك بارزانی سنوورەكان دەبڕێت، لەوە دەردەچێت تەنها مەرجەعی بەشێكی كوردستان بێت. سەردانی ئەمجارەی سەرۆك بارزانی بۆ باكووری كوردستان، پێشوازی كوردانی باكوور و گەرموگووڕیی ڕۆشنبیران و نووسەرانی بەشدار لە “دیداری مەلای جزیری”دا، ئەوەی پێگوتین، ئەگەرچی دیدارەكە بابەتێكی ڕۆشنبیریی و كولتوورییە، بەڵام كاتێك سەرۆك بارزانی بەشداری تێدادەكات، دەبێتە داینەمۆی كۆكردنەوەی كورد و بابەتەكە دەبێتە پەیامی یەكڕیزی، ئاشتی و برایەتی كوردان. كوردانی باكوور پێكەوە گوتیان: سەرۆك بارزانی بۆ ماڵی خۆی هاتووە، ئێرە ماڵی سەرۆك بارزانییە. ئەو قسەیە تەنها بابەتی موجامەلەیەكی ئاسایی نییە، بەڵكوو دەلالەتی سیاسی و فەرهەنگی قووڵی هەیە، چونكە سەرۆك بارزانی لە دوو توێی قسەكانی خۆیدا، ئاماژەی بەكۆمەڵێك بابەتی چارەنوسسازكرد، وەك پرسی ئاشتی لەباكوور و گوتی: سوپاسی سەرۆك ئەردۆگان و ئۆچئالان دەكەم و ئاشتی هەمیشە باشترین بژاردەیە. كەواتە چوونی سەرۆك بارزانی بۆ دیدارێكی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی وەكوو “دیداری مەلای جزیری” لەمانای سیاسی چارەنووسساز خاڵی نییە، بەڵكو جەنابیان بە دەربڕینی پشتیوانی بۆ پرۆسەی ئاشتی لەباكوور، گڵۆپی سەوزی كوردە بۆ بەردەوامبوون و بەئەنجام گەیشتنی پرۆسەكە. ئەو لێدوانە و سەردانەكەش سەلماندنی ئەو ڕاستیەیە كە حكوومەتی توركیا و لایەنی كوردیش، لەوە تێگەیشتوون هەنگاوەكان بەبێ وەرگرتنی شەرعیەت لە مەرجەعی كوردەوە سەركەوتوو نابن و، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانیی سەرۆك بارزانی بۆ پرۆژەكە بەهەند وەردەگرێت. چونكە هاوكاری سەرۆك بارزانی بۆ پرۆژەكە، هێز و گوڕێكی زۆر زیاتر بەو پرۆسەیە دەبەخشێت، هەروەك ئەوە پیشان دەدات، كە ماڵی كوردی، خەتی سووری نییە و، ئامانج ئەوەیە ئاشتی لێوە بەرهەمبێت. سەرباری ئەوەیش سەرۆك بارزانی بایەخێكی زۆر بە كولتووری كوردی و بەتایبەتی بە كەسایەتی وبەرهەمەكانی مەلای جزیری دەدات، زۆرجار لەبۆنەكاندا، هۆنراوەكانی مەلای جزیری وەكوو بەڵگەی لۆژیكی و هونەری وشەسازی كوردی بۆ ئیرادەی بەرزی كورد و خۆنەچەماندن و سوربوون لەسەر مافەكان بەكار دێنێت، لەم ڕووەشەوە دەكرێت بڵێین: سەردانەكە بایەخی كولتووری و فەرهەنگی كوردی و ئایكۆنێكی وەكو مەلای جزیرییە، لەنێو بیركردنەوەی سەرۆك بارزانیدا.