شێرکۆ حەبیب
ئەمە جاری یەکەم نییە و دوا جاریش نابێت هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی کوردستان چ ئابووری یا سیاسی بێت، لە لایان ناحەز و دوژمنان.
میللەتی کورد میللەتێکی ئاشتی خوازە و هەردەم هەوڵدەدات گرفتەکان لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، دوور لە توند و تیژی، ئەمەش وای لە دوژمن و نەیاران گەیاندووە کە ئەمە لە لاوازی کوردە، کە بەهەڵە لە کورد گەیشتوون، بەهەر حاڵ ئەوەی دژی کورد دەیکەن بۆ ئەوەیە کورد لە راست ئەوان بێ هەڵوێست بن و ئەوەی دەیانەوێت کورد رەزامەند بێت بە داواکاریەکانیان، بەتایبەتی ئەوە پەیامێکە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە هەردەم سازش لە مافەنەتەوەییەکان ناکات، هەر لە ساتەوەختی دامەزراندنییەوە سوورە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی بەرامبەر مافەکانی کورد.
هەڵبەتە دوژمنانی کورد لەو باوەرەن کەوا بەو کارە تیرۆریستی و ترسنۆکانە گوشاری سیاسی دەخەنە سەر پارتی بۆ مل کەچی بۆ ئەوان، تا ئیستا لەوە نەگەیشتوون کەوا پارتی هێزی هەڵقوڵاوی ناخی جەماوەرە.
بێگومان سزا نەدانی ئەوانەی کاری لەو شێوەیان ئەنجام داوە دژی کورد هۆکارە لە بەردەوامی ئەو کارە دژ بە مرۆڤایەتی، ئەوەی جێگای سەرسوورمانە تا وەکو ئێستا حکوومەتی عێراقی نەیتوانیوە ئەو میلیشیایانە سزا بدات کە وەک رۆژی رووناک دیارن کێن و سەر بە چ لایەنێکن، بەڵام دیارە حکوومەتی عێراقی توانای سزادانی نییە یا ئەو دەسەڵاتەی نییە یا نایەوێت.
ئەوەش وەک چیرۆکی ئەو گوندەیە ئەگەر سەگ کوژەکەیان بکوشتبایە ئەوە رووی نەدەدا، دەڵێن لە گوندێک حاڵ و وەزعیان زۆر باش بووە، لەناکاو کەسێک لە ناوچەیەکی دیکە دێتە گوندەکە و سەگێکی خاوەن ماڵێک دەکوژێت کە گەورەی گوندەکە دەبێت، ئەو کەسە خاوەن چەند کوڕێک دەبێ دەچنە لای باوکیان بەسەرهاتی سەگەکەی بۆ دەگێڕنەوە، دەڵێ سەگ کوژەکە بکوژن، کورەکانی زۆر لایان سەیر دەبێ دەڵێن باوکمان باسی چی دەکات، چۆن لە بری سەگێک مرۆڤێک بکوژین، بایەخ بە قسەکەی نادەن، دوای ماوەیەک هێرش دەکەنە سەر ئەو گوندە و هەرچی مەڕ و ماڵات هەیە بە تاڵان دەیبەن، هەمدیس دەچنەوە لای باوکیان ئەویش هەمان وەڵامی دەبێ، کوڕەکان دەڵێن باوکمان خەڵەفاوە گوێ نادەنێ، دوای ماوەیەک هەمدیس هێرش دەکەنە سەر گوندەکە و چەند ئافرەتێک دەستگیر دەکەن، دیسانەوە باوکیان دەڵێ سەگ کوژەکە بکوژن، کوڕەکان دەڵێن دەبێ باوکمان بۆ سوور بێ لەسەر ئەوەڵامە، کوڕە گەورەکە دەڵێ ئەوەی باوکم گوتی جێبەجێی دەکەم هەڵدەستێت بە کوشتنی سەگ کوژەکە، ساتێک هەواڵی کوشتنی ئەو سەگ کوژە بڵاو دەبێتەوە گوندەکانی دەوربەر دەڵێن لەسەر سەگێک مرۆڤێکیان کوشت، هەر بۆیە ئەو مەڕ و ماڵانەیان تاڵان کردبوو گەڕاندیانەوە و ئەو ئافرەتانەی ڕفاندبوویان گەڕانەوە، بەمەش گوندەکە ئارام بوو، ئەوجا کوڕەکانی ئەو پیاوە حەکیمە زانیان مەبەستی باوکیان چییە.
ئیستاش ئەوانەی کاری تیرۆر دژی کوردستان ئەنجام دەدەن دەبێ دەستگیر بکرێن و سزا بدرێن ئەگینا لێژنە و لێژنە کاری و ئیدانە کردن دادی ئێمە نادات دەبێ سەگ کوژە بکوژرێت.

