کوردێک راکان جبووری دەداتە دادگا

هونەرمەندێکی کورد لە کەرکووک لە دادگا سکاڵای لەسەر پارێزگاری سەپێنراو و قایمقامی کەرکووک تۆمار دەکات.

ئەو هونەرمەندە کوردە، هەفتەی رابردوو لەسەر نەبوونی خزمەتگوزاریی و کەمتەرخەمی ئیدارەی شارەکە سکاڵای دژی پارێزگار و قایمقامی کەرکووک تۆمار کردووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگا بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەوان ئامادەی دانیشتنەکە نەبوونە.

زانیار جومعە، هونەرمەندێکی کوردە لە کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: “دوێنێ لە دادگا ئاگادار کرامەوە کە ئەمڕۆ دانیشتنی دادگامان هەیە، ئەمڕۆ چوومە دادگا، بەڵام نە پارێزگار و نە قایمقامی کەرکووک ئامادەنەبوون، دادوەر وتەی منی وەرگرت و هەموو شتەکانم خستەڕوو، دادوەر بەڵێنی پێدام کە لە دانیشتنی دووەم پارێزگار و قایمقام ئامادەبن”.

گوتیشی: “سکاڵاکەی من دژی پارێزگار و قایمقام، لەسەر نەبوونی خزمەتگوزارییە، ئەم شارە بووەتە زبڵخانە، داواکاری سەرەکی ئەوەیە کاتەکانی پێدانی کارەبا لە کەرکووک زۆر کەمە و نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە زۆر گرانە، بۆیە داوام کردووە کێشەکانمان چارەسەر بکەن، نرخی کارەبای موەلیدە کەمبکرێتەوە، هەروەها لەناو بازاڕ رێگری لە کار و کەسابەتی خەڵک دەکرێت، هاووڵاتییان ناتوانن ئیش بکەن، جاران خەڵک لە شارەکانی دیکە دەهاتە کەرکووک ئیشیان دەکرد، ئێستا بازاڕی کەرکووک بێکار و کەسابەتە”.

زانیار جومعە، ئاماژەی بەوەشکرد: “دادوەری دادگاکە پێی گوتم، یەکەم جارە پارێزگار و قایمقام لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک بانگێشتی دادگا بکرێن”.

راشیگەیاند: “ئەگەر لە دادگای کەرکووک لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکرێت و بێ ئەنجام بێت، لە وەزارەتی داد سکاڵا دەکەم، ئەگەر هەر لەوێش نەبوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا دەکەم، وازناهێنم تا ئەنجامی دەبێت، ناکرێ شاری کەرکووک بەم هەموو داهاتەی نەوتەوە ئەمە حاڵی بێت”.

ھەواڵی زیاتر