رۆژنامەی ھەولێر

باخچەلی: دیداری ئۆجەلان مێژوویی بوو

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، پێی وایە چوونی شاندێكی پەرلەمانی توركیا بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بڕیارێكی مێژوویی بوو.

دوای ئەوەی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی)، بە ٣٢ دەنگی بەڵێ بڕیاریان دا بچنە ئیمرالی لەبارەی پرسی چارەسەریی كورد و چەكدانانی پەكەكە لەگەڵ ئۆجەلان كۆ ببنەوە، بۆچوونێك لە توركیا دروست بووە، پێویستە ئەوانەی رێگەیان خۆش كرد ئەو شاندە بچێتە ئیمرالی، دادگایی بكرێن، بەڵام باخچەلی بە توندی وەڵامی ئەو بۆچوونە دەداتەوە.
باخچەلی، لە وتارێكدا لەناو پەرلەمانی توركیا گوتی: ”تەنیا تیرۆر لە ژیانماندا نەمێنێت و دەریبكەین، تەنانەت ئەگەر كۆتایی ئێمەشی بەدوادا بێت كێشە نییە. دەبێت بزانین، بۆ ئەوەی بگەینە ئامانجی توركیایەكی بێتیرۆر، گرنگترین لایەن بۆ گفتوگۆ ئیمرالییە، بۆیە سوپاسی فەتی یڵدز، ئەندامی مەهەپە دەكەم، كە یەكێك بوو لەو سێ كەسەی چووە ئیمرالی.“
تولای خەتیبئۆغڵو، هاوسەرۆكی دەم پارتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا، پێویستە دیدارەكەی ئۆجەلان شەفاف بێت و بڵاو بكرێتەوە، هەروەها نوعمان كورتوڵمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا لەو ڕووەوە چەند زانیارییەك ئاشكرا دەكات.
ڕێکەوتی ١٨ی ئەم مانگە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە لە وتارێكدا گوتی: ”ئەگەر رێگە نادەن شاندی پەرلەمان بچێتە ئیمرالی، بۆ خۆم و سێ هاوڕێم دەچین، جا كەس هەیە رێگەم لێ بگرێت؟“ دوای ئەم لێدوانە ئیدی ئاكەپەش هاتە سەر هێڵ و پەرلەمانی توركیا كۆ بووەوە و بڕیاریان دا سەردانی ئیمرالی بكەن و، ٢٤ی مانگیش شاندێكی سێ كەسی چوونە ئیمرالی، كە پەرلەمانتاری سەر بە ئاكەپە و مەهەپە و دەم پارتی بوون و بۆ ماوەی سێ سەعات لەگەڵ ئۆجەلان كۆ بوونەوە.
جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، رەتی كردەوە ئەندامیان هەبێت بۆ چوونیان بۆ ئیمرالی، ئەمەش دەم پارتی نیگەران كردووە.
گولتان كشەناك، سەرۆكی پێشووی شارەوانیی ئامەد، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا رەخنەی لە هەڵوێستی جەهەپە گرت و ئاماژەی دا، جەهەپە هەڵەیەكی گەورەی كرد، ئەندامی خۆی نەناردە ئیمرالی.
كشەناك گوتی: ”ئەم هەڵوێستەی جەهەپە، بۆ داهاتوو بوێری ئەوەی دایە ئاكەپە، ئەگەر پڕۆسەكە سەركەوتوو نەبوو، رەنگە ئاكەپە بڵێت بۆیە لە پرسی چارەسەریی كورد پەشیمان بوینەوە، چونكە ناكرێت گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لەناو پڕۆسەكە نەبێت.“
دەم پارتی، ئەگەرچی نیگەرانن لە جەهەپە، بەڵام پێیان وایە پێویستییە و گرنگە جەهەپە پشتگیری لە پرۆسەی پرسی چارەسەری كورد بكات، چونكە بەشێكی گەورەی توركیا لایەنگری جەهەپەن و ناكرێت ئەوان لەناو پرۆسەكە نەبن.
بەگوێرەی شرۆڤەی بەشێكی زۆری چاودێرانی سیاسی، ئەم هەڵوێستەی جەهەپە زیانی زۆری بەو پارتە گەیاند، چونكە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی توركیا، ئەستەمە كورد پشتگیری لە بەربژێری ئەوان بكات، ئەمەش بەختی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بۆ سەركەوتن زیاد دەكات، بۆیە پێویستە جەهەپە، بە هەڵوێستی خۆیدا بچتەوە و دان بە هەڵەی خۆیدا بنێت.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣دا، بەگوێرەی زانیارییەكان ٧٠٪ی كوردانی باكووری كوردستان دەنگیان بە كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن دا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەڵام بەهۆی دژایەتیكردنیان بۆ چوونی شاندێكی پەرلەمان بۆ لای ئۆجەلان، كوردیان لە خۆیان نیگەران كردووە و پێویستە ئاشتیان بكەنەوە.