رۆژنامەی ھەولێر

پەردە لەسەر تابلۆی ناوی شەقامی “پورزا گوڵەباغ غەفووری” لادرا

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.11.26 لەژێر چاودێریی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی د.کەمال کەرکوکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی16ی پارتی و هیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی 24 سەفینی پارتی و ژمارەیەکی تر لە فەرماندەی سەربازی و بەرپرسان و کەس و کار و خانەوادەکەی، لە ڕێو رەسمێکدا وەک نیشاندانی ڕێز و وەفا لە بەرامبەر خەبات و تکۆشانی، پەردە لەسەر ناوی شەقامێک بە ناوی خەباتکار و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و خاوەنی میدالیای بارزانی خوالێخۆشبوو”پورزا گوڵەباغ غەفووری” لادرا، کە شاقامێکی گرنگ و ستراتیژی هەولێری پایتەختە و پێشتر بە دووسایدی لاوان ناسرابوو.

دوای پەردەلادان لەسەر تابلۆی شەقامەکە، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێكدا وێڕای پیرۆزبایی لە خانەوادی تێكۆشەری دێرینی گەلەكەمان خوالێخۆشبوو “پورزا گوڵەباغ غەفووری” بەبۆنەی ناونانی شەقامەكە بەناوی ئەو، ڕۆڵی مێژوویی و دیاری خەبات و تێکۆشانی ناوبراوی لە بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کوردستان بەرز نرخاند، کە لە سایەی ڕەنج و تکۆشان و ماندوبوونی ئەوان، ئەو ئازادی و ئارامی و ئاوەدانی و دەستكەوتانەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان هاتۆتەدی.

جێگەی باسە، ( ڕەفیق عارف ئەمین ) ناسراوە بە ( پورزا گۆلەباخ غەفوری )، لە ساڵی 1933 لە گوندی خەرابەی سەربە ( ناحیەی ئاشتی ) سنوری قەزای کۆیە لە دایک بوو. لە ساڵی 1958 پێش هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوول دژی حکومەت بووە و لە دوای شۆڕشی ” عەبدولکەریم قاسم ” دژی حکومەتی قاسم بووە و لە زیندان بەعقوبە زیندانیکراوە، لە ساڵی 1961 لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلوول بۆتە پێشمەرگە و لە ساڵی 1963 لەبەر لێهاتوویی و چاوونه‌تەرسی كراوەتە (سەرلق)، لە ساڵی 1968 بووەتە ئامیر بەتالیۆنی هێزی پێشمەرگە و لە ساڵی 1975 ئاوارە ئێران دەبێت و لە ئاوارەیی لەگەڵ ڕێکخستەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام دەبێت، چەند جار لەلایەن «ساواک»ەوە دەستگیر دەکرێت، لە ساڵی 1977 دەكرێت بە بەرپرسی ناوچەی کۆیە و لە ساڵی 1978 دەبێتە سەرپەرشتیاری ناوچەی کۆیە – ڕانیە. لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 دەبێتە فەرماندەی هێزی باوەجی کۆیە و لە ساڵی 1993 دەبێتە لێپرسراوی بەشی عەسکری لەقی 11 و لە مانگی ئابی 1995 لەگەڵ خوالخۆشبوو ” خالید ئاژگەیی” دەبێتە بەرپرسی عەسکری لقی 2ی پێدەسپردرێتپارتی دیموكراتی كوردستان و لە ساڵی 1996 لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە میدالیای بارزانی نەمری پێ دەبەخشرێت … لە ساڵی 1997 دەبێتە ئەندامی «فەلەک» و لە ساڵی 1996 دەبێتە ئەندامی دەزگای باڵای ( ئەیلوول و گولان ). خوالێخۆشبوو لە ژیانی پێشمەرگایەتی،7 جار بریندار بووە و بەداخەوە لە 2022.5.29 كۆچی دوای دەكات و بە یەكجاری ماڵئاوایی لە خانەوادە و كەس و كار و هاوڕێ و هەڤاڵانی دەكات.