دوو کەس پارەی فەرمانگەیەکی هەولێر دەدزن
دوو کەس لە هەولێر بە تۆمەتی دزینی پارەی فەرمانگەی ئاوی قەزای خەبات لەلایەن پۆلیس دەستگیر کران.
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “بڕێک پارەی فەرمانگەی ئاوی قەزای خەبات دەبەن و جارێکی دیکەش هەوڵدەدەن پارەکە ببەن، جاری یەکەم 800 هەزار دیناریان لەناو قاسەی فەرمانگەکە بردووە، جاری دووەم چاودێری فەرمانگەکەیان کردووە تا ئەوکاتەی خەڵک زۆر سەردانی دەکەن، بۆ ئەوەی پارەی زۆر کۆببێتەوە و ئەوکات بچن پارەکە ببەن، بەڵام بەڕێوەبەری ژمێریاری پارەکەی بردووەتەوە ماڵەکەی خۆی، کە چوونە قاسەکە هیچ پارەی تێدا نەبووە، چەند وشەیەکی نەشیاویان لە پشت شوێنی دانیشتنی بەڕێوەبەر نووسیوە”.
گوتیشی: “ئێستا هەردوو کەسەکە بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی بەند کراون”.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند: “ئەو دوو تۆمەتبارە تەمەنیان لەنێوان 20-25 ساڵیدایە و خەڵکی قەزای خەباتن”.