رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کۆبوونەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی هاوکاریی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە وەڵامدەرەوەی خواستی هاووڵاتییان بێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە پاتریک دۆرێل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە وڵات، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

هەردوولا سەرکەوتنی هەڵبژاردنیان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لەقەڵەم دا و لەسەر گرنگیی هاوکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ دامەزراندنی حکوومەتی فیدراڵی لە عێراق هاوڕا بوون، بە شێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان بێت.

پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و دۆخی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.