رۆژنامەی ھەولێر

هێمن حسێن لەگەڵ ماهیر ئەمین بەرهەمێكی نوێ بڵاودەكەنەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

هونەرمەندانی گۆرانیبێژی بە ئەزموون (هێمن حسێن و ماهیر ئەمین) بەرهەمێكی هاوبەشی نوێیان ئامادەیە و وا بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا بەشێوەی كلیپ بڵاوی بكەنەوە.

هونەرمەند هێمن حسێن یەكێكە لە هونەرمەند و موزیسیانە دیارەكانی كوردستان كە تائێستا چەندین ئەلبوم و بەرهەمی تاكی بڵاوكردۆتەوە و لەئێستاشدا بەرهەمێكی نوێی لەگەڵ هونەرمەند ماهیر ئەمین بەڕێوەیە.
هونەرمەند هێمن حسێن بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەلبومێكی موزیكی ئامادەیە و تەنها ئەوەی ماوە چۆنیەتی بڵاوكردنەوەی دیاری بكەن، جگە لەوەش بەرهەمێكی هاوبەشییان لەگەڵ هونەرمەند ماهیر ئەمین تۆماركردووە و لەداهاتوویەكی نزیكدا دەست بە وێنەگرتن دەكەن و بڵاوی دەكەنەوە.
لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەك لە هونەرمەندی گەنج هاتوونەتە بواری هونەری كوردییەوە، هێمن حسێن بە “باشە” وەسفی هەندێكیان دەكات و دەڵێت “نائینسافیە بڵێین بەشێك لەو گۆرانیبێژە گەنجانەی ئەمڕۆ خراپن، چوونكە بەڕاستی گەنجی زۆر باشیان تێدایە، هەر بۆ نموونە كاكە ئاگرین و شاباز زەمانی هونەرمەندی زۆر باشن و هونەرییانە گۆرانی دەڵێن، موزیسیانی زۆر باشیشمان هەیە، لە پاڵ ئەوەدا دەنگیش هەیە وەك پێویست نییە، ئەو پۆلێنكردنە بۆ هەموو سەردەمێكیش راستە”.
كێشەیەكی گەورەی هونەرمەندان لە ساڵانی رابردوودا مافی بڵاوكردنەوەیە و كۆپیكردنی بەرهەمی هونەرمەندانە، بەڵام لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا، تاڕادەیەك ئەو كێشەیەش چارەسەر بووە، لەو رووەوە هێمن حسێن وتی “كێشەی كۆپی رایت هەر هەبووە و هەیە و كۆتایی نایەت، بەڵام لەگەڵ برەودانی زیاتر لە پلاتفۆرمەكاندا، هونەرمەندان دەتوانن گۆرانی لەو پلاتفۆرمانە بڵاوبكەنەوە”.