رۆژنامەی ھەولێر

ڕێگای ٨٠ گوند قیڕ کرا

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ڕێگای سەرەکی کانی شەکر لە ناحیەی مەزنێ سنووری قەزای مێرگەسۆر قیڕتاو کرا، ئەم ڕێگایە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوە بەتانکەر بۆ زیاتر لە ٨٠ گوندی سنوورەکە، ھەروەھا شوێنەکە شوێنێکی گەشتیارییە، پڕۆژەکە کارئاسانی زۆر بۆ ھاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات.

ئەندازیار مەنسور عومەر، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی مەزنێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، دواین پڕۆژە کە لە سنوورەکەمان جێبەجێ کرا قیڕتاوکردنی ڕێگای سەرەکی کانی شەکر بوو، ڕێگاکە ٧٥٠ مەتر درێژە، پڕۆژەکە لە لایەن سەرۆکایەتی شارەوانی مەزنێ لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە گوژمەی ٩١ ملیۆن دینار جێبەجێ کرا.
سەرۆکی شارەوانی ناحیەی مەزنێ، دەشڵێ: ڕێگاکە زۆر پێویست بوو، چونکە کانیاوێک دەکەوێتە سەر ڕێگاکە و بە پرۆسەی تانکەرین ئاو بۆ ٨٠ گوندی سنووری مێرگەسۆر دابین دەکات، لە ھەمان کاتدا شوێنەکە گەشتیارییە و بەھۆی جوانی سرووشتەکەی گەشتیاران بەردەوام سەردانی شوێنەکە دەکەن، ھەروەھا گوندنشینانی ناوچەکە لێرە بەدواوە بە ئاسانی دەگەنە ڕەز و باخەکانیان.
ئەندازیار مەنسور عومەر، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی مەزنێ، گوتیشی: زۆر سوپاسی پاڵپشتی و ھاوکاری مەلامستەفا بارزانی و قایمقامی قەزای مێرگەسۆر و بەرێوبەری ناحیە دەکەین کە ھەردەم پاڵپشت بوونە بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنوورەکە.