رۆژنامەی ھەولێر

توندوتیژی دژ بەژنــان

پرشنگ توانــا
1999/11/25 – 2025/11/25
توندوتیژی دژبە ژنان دیاردەیەکی ترسناکە و وەک کلتوورێکی نامۆ کاردانەوەیەکی زۆر نەرێنی کردۆتە سەر خێزان بەتایبەتی و کۆمەڵگاش بەگشتی، ڕاستە توندوتیژی بەهەموو جۆرەکانیەوە، جائایا جەستەیی بێت، یان دەروونی لە پیاوسالاریەوە سەرچاوەی گرتوە، وەک کلتوورێکی نامۆش لەنێو کۆمەڵگای کوردەواریدا کاریگەرییەکی نەرێنی کردۆتە سەر ژن و تەندروستی خێزان و منداڵانیش بوونەتە قوربانی ئەو دیاردەیە، .
نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆژی 1999-11-25 یان کردە ڕۆژی بەڕەنگابوونەوە دژ بە توندوتیژی ژنان، ئیتر هەر لەوکاتەوە ناڕەزاییەکان بەشێوازی خۆپێشاندان و چالاکیە جۆراوجۆرەکان لەلایەن ڕێکخراوە جەماوەریەکان و چالاکوانانی بواری ژنان بەئەنجام دراون، لەکوردستانیشدا بەفەرمی پشتیوانی لەهەموو هەوڵ و کۆششێک دەکرێ کە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژ بەئافرەتان خەبات دەکەن .
بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کۆمەڵگا ڕۆشنبیر بکرێ و ژنانیش لەڕوانگەی بڕوابوون بەخۆیانەوە، بەیاسا ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببنەوە، جگە لەوانەش دەبێ کار لەسەر بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونی و خیزانی بکرێ، چونکە لەسەرەتاوە لەسەر ئاستی خێزانەوە دەردەکەوێ و دواییش دەبێ بە نەخۆشیەکی نێو کۆمەڵگا .
ژنانی ئەمڕۆ بە بەراورد لەگەڵ دوێنێدا وشیارتر و ڕۆشنبیرترن و پێشکەوتنێکی بەرچاویشیان بەخۆیانەوە بینیوە و بوێرانە لەڕێگای یاساوە دژ بەو دیاردەیە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن .
سەرەڕای ئەوەی کە زۆر لە ئافرەتان گەیشتوونەتە پێگەی بریاردان و خاوەن بریاری خۆیانن و ڕۆژ بەڕۆژ هەنگاوی بەرەوپێشەوە دەنێن، بەڵام هەموو ئەو پێشکەوتنانە نەبوونەتە هۆکاری ئەوەی کە توندوتیژی دژ بەژنان هەر کۆتایی پێهاتبێ، تاوەکو ئێستاش ئەو دیاردەیە هەر هەیەو ڕێژەکانیش لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازی هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئافرەتان لەبەرامبەر توند و تیژیەکان بێدەنگ نین و ڕووبەڕوویان دەبنەوە، هەموو ئەو پێشکەوتنانەش لەڕوانگەی بڕوابەخۆبوونەوە سەرچاوەیان گرتوە . حکوومەتی کوردستانیش ڕۆڵیکی زۆر کاریگەریان لەکەمکردنەوەی ئەو دیاردەیە هەیە .