رۆژنامەی ھەولێر

هەموو ئەوانەی ئەمساڵ بۆ حەج ناویان دەرچووە دەبێت پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن.

گوته‌بێژی حه‌ج و عومڕه‌ی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند، هەموو ئەو کەسانەی بۆ ساڵی داهاتوو ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە، دەبێت پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن و لە پشکنینەكانیش دەربچن.

كاروان ستوونی گوته‌بێژی حه‌ج و عومڕه‌ی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: سعوودییە مەرجی پێشوەختەی داناوە بۆ وەرگرتنی ڤیزای حەج کە ئەویش پشکنینی پزیشکییە، هەروەها دەبێت ئەو کەسە لە پشكنینەكان دەربچێت پێش ئەوەی پڕۆسەی حەج ئەنجام بدات.

گوته‌بێژی حه‌ج و عومڕه‌ی هەرێمی كوردستان هەروەها رایگەیاند: بە هەماهەنگی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند لیژنەیەك دانراوە بۆ ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەكان بۆ حاجییان.

كاروان ستوونی ئاماژەی بەوەش دا كە دوای ئەنجامدانی، پشکنینەكان بۆ وڵاتی سعوودییە دەنێردرێن و لە رێگەیەوە ڤیزا بە حاجیان دەدرێت.

جەختیشی كردەوە كە ئەنجامدانی ئەم پشكنینە پزیشكییانە مەرجن و پێوسیتە هەموو حاجییەك ئەنجامی بدات.