رۆژنامەی ھەولێر

پۆلیسی هەولێر دوو كەس دەستگیر دەكات كە چەندین تاوانی دزیكردنیان ئەنجامداوە

پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند كە لە رابردوودا چەندین تاوانی دزیكردنیان لە كەسنەزان و بنەسڵاوە و ناو شاری هەولێر ئەنجامداوە.

پۆلیسی هەولێر دەڵێت “ئەمڕۆ سێشەممە لەلایەن چەند هاووڵاتییەک ئاگادار کراینەوە کە ڕووداوی دزیکردنیان لەناو ئۆتۆمبێلی تەکسی لێ كراوە، دەستبەجێ دەستمان بە لێکۆڵینەوەیەکی چڕ کرد”.

دەشڵێت “تیمەكانی پۆلیسی كەسنەزان توانییان لە کەمترین ماوەدا ناسنامەی دوو تۆمەتبارەكە بە ناوەکانی (ع. ل. ع) و (ر. م. ی) ئاشکرا بکەن و بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیریان بکەن”.

هەروەها دەڵێت “هەردوو تۆمەتبارەكە چەکدار بوون و لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەست بەسەر دوو چەکی جۆری دەمانچەدا گیرا.

ئاماژەی بەوەش دا “هەردوو تۆمەتبارەكە دانیان نا بە چەندین تاوانی دزیکردن لە سنووری کەسنەزان و بنەسڵاوە و ناو شاری هەولێر، بۆیە ئێستا بە بڕیاری دادوەرڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە”