رۆژنامەی ھەولێر

ناسر خلێفی چی لەبارەی ئاستی ئەشرەف حەكیمییەوە گوت؟

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.

ناسر خلێفی چی لەبارەی ئاستی ئەشرەف حەكیمییەوە گوت؟
ئەستێرەی مەغریبی پێشووتری یانەی ریاڵ مەدرید (ئەشرەف حەكیمی)، بە شێوەیەكی چاوەڕێنەكراو لە یارییەكەی ڕابردووی ریاڵ مەدرید بەرانبەر ئێلچی لە گەڕی سێزدەی خولی ئیسپانی ئامادە بوو.
حەكیمی لەسەر پەیژەكانی یاریگەی مارتینیز ڤالیرۆ، بۆ بینینی یارییەكەی ریاڵ و ئێلچی ئامادە بوو، كە یەكشەممەی ڕابروو بەڕێوە چوو و 2-2 گۆڵ یەكسان بوون.
ئەو یاریزانەی ئێستەی یانەی پاریس سان جێرمان، كە بەم دواییە خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەفریقای بردەوە، كاریگەر بوو بە ئاستە سادەكەی ریاڵ مەدرید و كێشەكانی ریاڵ مەدرید لەنێو یاریگەی ئێچلی.
حەكیمیی تەمەن 27 ساڵان، لەنێو تازەپێگەیشتووانی ریاڵ مەدریدەوە دەستی پێ كرد تا گەیشتە تیپی یەكەم، بەڵام لە هاوینی 2018ـدا چووە یانەی بوڕوسیا دۆتمۆندی ئەڵمانی و لەوێشەوە لە هاوینی ساڵی 2020ـدا چووە یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی.
دوای یەك ساڵ، یانە ئیتاڵییەكە دەستبەری ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییە مەغریبییە بوو بۆ یانەی پاریس سان جێرمان بەرانبەر 60 ملیۆن یۆرۆ بە گرێبەستێك تا هاوینی ساڵی 2026، بەڵام پاریس لە كۆتاییەكانی وەرزی ڕابردوو، گرێبەستەكەی تا مانگی حوزەیرانی 2029 درێژ و نوێ كردەوە.
پێش ئەوەی بڕوا، ئەشرەف حەكیمی لە 17 یاریی بە درێسی ریاڵ مەدرید دوو گۆڵی تۆمار كردبوو، دواتر لە 73 یاریی 12 گۆڵی تۆمار كرد، لە ئینتەر میلانیش لە 45 یاریدا 7 گۆڵی تۆمار كرد، لە 189 یاریی پاریس سان جێرمانیشدا 27 گۆڵی كردووە.
حەكیمی خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەفریقیی بردەوەو سەركەوت بەسەر هەریەكە لە محەمەد سەڵاح، یاریزانی میسڕی ویانەی لیڤەرپوول (براوەی ساڵانی 2017 و 2018) و ڤیكتۆر ئۆسیمینی نێجیری و هێرشبەری یانەی گەلاتە سەرای توركی و براوەی هەمان خەڵات لە ساڵی 2023ـدا، ئەو كاتەی یاریزانی یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی بوو.
ناسر خلێفی، سەرۆكی یانەی پاریس سان جێرمان، لە لێدوانەكانیدا، كە تۆڕی فوت مێركاتۆ گواستوویەتیەوە، دەڵێ: لە ڕوانگەی منەوە، ئەشرەف حەكیمی، یەكێكە لە باشترین یاریزانانی جیهان و بێ هیچ گومانێك باشترین یاریزانی ئەفریقییە.
دەشڵێ: ئەو سەركردەیە لە پاریس سان جێرمان و مەغریبیش، هەموومان شانازیی پێوە دەكەین.
هەروەها عوسمان دێمبلیی هاوڕێی و ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و خاوەن خەڵاتی تۆپی زێرینی باشترین یاریزانی جیهان، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە ئینستاگرام، پیرۆزبایی لێی كردووە و نووسیویەتی: پیرۆزە برام، خەڵاتی باشترین یاریزان.
دوای چەند خولەكێكی كەمیش لە ئاهەنگەكە، سەركردەی هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئەستێرەی ریاڵ مەدرید كیلیان ئمباپێ، پیرۆزبایی لە هاوڕێی پێشووی، بەرگریكاری ڕاستی پاریس حەكیمی كرد، بۆ بردنەوەی ئەو خەڵاتە و لە تۆڕی ئینستاگرام وێنەی كاتی بردنەوەی خەڵاتەكەی داناوە و نووسیویەتی: برام خۆشم دەوێیت، پاشای ئەفریقا، شایستەی زیاتری.
حەكیمی و ئمباپێ بۆ ماوەی سێ ساڵ لە 2021 تا 2024 هاوڕێیەتییەكی تۆكمە لە نێوانیاندا بوو، پێش ئەوەی كیلیان بچێتە یانەی ریاڵ مەدرید.
پێش ئەوەی كیلیان ئمباپێ، ڕیزەكانی یانەی پاریس سان جێرمانیش جێ بهێڵێ، چەندان جار ئاماژەی بە ئاستی حەكیمی دابوو.

ئایا كڵۆپ بۆ رزگاركردنی لیڤەرپوول دەگەڕێتەوە یانەكە؟
كورسییەكەی راهێنەری هۆڵەندیی یانەی لیڤەرپوول (ئەرنی سلوت) لەق بوو، بە هۆی داكشانی ئاست و ئەنجامەكانی یانەی لیڤەرپوولەوە لەم وەرزەدا، لە كاتێكدا وەرزی ڕابردوو ناسناوی پرێمەر لیگی بردەوە.
یانەی لیڤەرپوول لە نێو یاریگە و لەبە دیدەی هاندەرانیدا، بەرانبەر نۆتینگهام فۆرستدا لە گەڕی 12ی پرێمەر لیگ، تووشی شكستێكی گەورە (0-3) و نوێ هات و چووە خانەی 11ی خولەكە.
یانەی لیڤەرپوول لە دوا 11 یاریی خۆیدا لە هەموو خول و پاڵەوانیەتییەكاندا، لە 8 یاریدا دۆڕاوە، تەنیا سێ یارییشی بردووەتەوە.
دەنگۆ و هەواڵی بەهێز هەیە لەبارەی دوورخستنەوەی سلوت، بەهۆی ئەو ئەنجامە خراپانەی بەرۆكی تیپەكەی گرتووە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەدا 500 ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینیی خەرج كرد.
لە دوا كاتژمێرەكانی ڕابردوودا، دەنگی داوكاری لە نێو هاندەرانی یانەكەدا بەرز بووەوە بۆ گەڕانەوەی ڕاهێنەری ئەڵمانی یۆرگن كلۆپ، بۆ رزگاركردنی لیڤەرپوول لەم وەرزە ئاڵۆزە.
كڵۆپ لە هاوینی ساڵی 2024ـدا ئەركی راهێنەرایەتیی لیڤەرووپل جێ هێشت، ئەوەیش دوای 9 ساڵ سەرپەرشتیكردنی هونەریی ئەو تیپە، كە خول و پاڵەوانیەتیی جیاوازی بردەوە.
رۆژنامەی میترۆی بریتانی باسی لە لێدوانێكی پێشتری یۆرگن كلۆپ كردووە، كە وتوویەتی: پێشتر وتوومە لە ئینگلتەرا راهێنەرایەتیی هیچ یانەیەكی دیكە ناكەم. ئەمەش بەو واتەیە لێك دراوەتەوە، كە گەر ئامادە بێ بگەڕێتەوە، بۆ لیڤەرپوول دەبێ.
لە ماوەكانی ڕابردوودا، ناوی كڵۆپ وابەستەی چەندان یانەی دیكە كرا، بەڵام ڕەتی كردەوە و مانەوە و سەرپەشتیكردنی تیپێكی تۆپی پێی لە كۆمپانیای (ڕید بۆڵ) پێ باشتر بوو.
كڵۆپ لە لە هاوینی ساڵی 2015 تا 2024 راهێنەری یانەی لیڤەرپوول بوو و چەندان ناسناوی لەگەڵیدا چنییەوە، گرنگترینیان ناسناوی پرێمەر لیگ 2019 و چامپیۆنس لیگی 2018 – 2019 بوو.
سلۆت لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی بی بی سی دوای شكستیان بەرانبەر نۆتینگهام فۆرست، ڕایگەیاند: جارێكی دیكە هەست بە داڕمان و بێهیواییەكی گەورە دەكەم، یارییەكەمان زۆر باش دەست پێ كرد لە نیوكاتژمێری یەكەمدا، بەڵام كاتێك گۆڵێكمان لێ كرا، بە هەمان ریتم و ئاستی پێشتر نەمانتوانی بەردەوام بین كە لە نیوكاتژمێری سەرەتادا پێشكەشمان كرد.
دەشڵێ: گەر كاروبارەكان باش بڕۆن یان خراپ، لە بەرپرسیاریەتیی منە، نەمانتوانی هەلی دیكە بقۆزینەوە.
دەشڵێ: هەوڵم دا لە چەند ڕوویەكەوە كارەكە باش بكەم، بەڵام كارەكان سەر نەكەوتن، نەمانتوانی گۆڵ بكەین، كەس نازانێ گەر لەو یاریگەیە گۆڵێك بكەی، ڕەوشەكە باشتر بوو.
دەشڵێ: دوای چەند ڕۆژێكی كەم لە چامپیۆنس لیگ یاریمان هەیە، دواتر سێ یاریمان لە خولی ئینگلیزی لە ماوەیەكی زۆر كورتدا هەیە، سەرتان بەرز بكەن و بە هەوڵ و كۆششەوە یاری بكەن، هەموو رۆژێك هەموو هەواڵ و توانامان دەخەینە گەڕ.
دەشڵێ: ئەوەی باشە، یاریزانی بەئەزموون و بەتوانامان هەیە، بەڵام ئێستە دۆخەكە بە ڕاستەڕێیەكی باشدا ناڕوات.
لای خۆیەوە ڤان دایكی یاریزانی لیڤەرپوول، بۆ تۆڕی بی بی سی دەلێ: زۆر گۆڵمان بە ئاسانی لێ كراوە، جارێكی تر لە تۆپی جێگیر و فاوڵ گۆڵمان لێ كرا.
دەشڵێ: دوای ئەوەی گۆڵمان لێ بوو، هەستمان بە گرژی و شێواوی كرد، پەلەمان كرد بۆ ڕاستكردنەوەی ئەنجامەكە، ئەوەش كارێكی ئاساییە، بە ساتەوەختێكی زۆر دژواردا تێپەڕین، بە تەنیا قسەكردن لەسەر ئەوەی رووی دا، لێی دەرناچین، دۆخەكە كاری زۆر جدی و زیاتری دەوێ.
دەشڵێ: ئێمە لە كێشەداین، لەسەر هەموو كەسێكی یانەكەی پێویستە بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێ، تۆپی پێ یارییەكی بەكۆمەڵە و پێویستە ئەمە قبووڵ بكەین و بە دڵێكی فراوانەوە وەریبگرین، پێویستە بە جددیبوونی زیاترەوە یاریی بكەین، پێویستە بەردەوام بین و كۆڵ نەدەین
دەشڵێ: هەمووان هەست بە بێهیوایی دەكەن و ئەمەش كارێكی ئاساییە، چونكە دۆڕان لەسەر زەوی و یاریگە و بەرانبەر هاندەرانمان بەرانبەر نۆتینگهام، زۆر خراپە، ئەمە كەمترین شتە كە لەسەر ئەوەی رووی دا، وتم.
دەشڵێ: وەكوو وتم، ئەو گۆڵانەی لێمان دەكرێن، زۆر ئاسانن، پێویستە جارێكی دیكە هەموومان سەیری ئاوێنە بكەین، من كاتی زۆرم لەم یانەیە بەسەر بردووە و دۆخی سەختمان هاتووەتە پێش، لەم دۆخە چاك دەبینەوە، بەڵام ئەوە بە شەوێك ڕوو نادا، ئێمە ڕادەست نابین.
دەشڵێ: ناتوانم قسە لەسەر هاندەران بكەم كە پێشوەختە یاریگەیان جێ هێشت، ئێمە دەزانین هاندەران لە ساتەوەختی باش و خراپ لەگەڵمانادا بوونە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ناهەموارەش لەگەڵماندا دەبن، چونكە ئێمە تێی دەپەڕێنین.
لیڤەرپوول لە 10 ساڵی ڕابردوودا، ئەوە دووەم یارییە لە خولی ئینگلیزی بە جیاوازیی سێ گۆل دەدۆڕێ. جاری یەكەم ساڵی 2021 بەرانبەر مانچستەر سیتی بوو (1-4) گۆڵ دۆڕا.
دەشڵێ: ئەوە یەكەمجارە لە ئابی 2015ـەوە كە لیڤەرپوول لە نێو یاریگەی خۆی لە پرێمەر لیگ سێ گۆڵی لێ دەكرێ و هیچ گۆڵێكیش ناكات.
هەروەها ئەوە دووەم شكستی لەسەریەكە بە جیاوازیی سێ گۆڵ لە دوای نیسانی ساڵی 1965ـەوە كە پیل شانكلی ئەو كات راهێنەر بوو.