ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
یانەی ریاڵ مەدرید، لە گەڕی سێزدەی خولی تۆپی پێی پلەیەكی ئیسپانیا، لەگەڵ یانەی ئێڵچی كەوتە داوی یەكسانبوونەوە و لەگەڵ بەرشلۆنەی خاوەن خانەی دووەم، جیاوازییەكە بۆ تەنیا یەك خاڵ كەم كردەوە.
لە نێو یاریگەی مارتینیز ڤالیرۆی تایبەت بە یانەی ئێڵچی، یانەی ریاڵ مەدرید ڕووبەڕووی ئەو یانەیە بووەوە.
یانەی ریاڵ مەدرید ئەوە دووەمین یاریی لەسەریەكە دەكەوێتە داوی یەكسانبوونەوە، لە كاتێكدا پێش ئەم دوو یارییە 5 خاڵ لە بەرشلۆنەی ڕكەبەری و خاوەن خانەی دووەم دوور بوو، بەڵام بەم دوو یارییە جیاوازییەكەی بۆ تەنیا یەك خاڵ كەم كردەوە، بەو پێیەی بەرشلۆنە هەردوو یارییەكەی بردەوە و ریاڵیش هیچیانی نەبردەوە و لە هەردووكیدا یەكسان بوو، تەنانەت لە یارییەكەی ئێڵچیدا، چەند خولەكێك پێش كۆتاییهاتنی یارییەكە، ریاڵ مەدرید گۆڵی یەكسانبوونی تۆمار كرد.
لەو یارییەدا گۆڵەكانی ئێڵچی ئەلێكس فیباس و ئەلڤارۆ ڕۆدڕێگێز لە خولەكەكانی 53 و 84ـدا تۆماریان كرد، بەڵام گۆڵەكانی ریاڵ مەدرید دین هۆیسن و جود بێلینگهام لە خولەكەكانی 78 و 87ـدا تۆماریان كرد.
ریاڵ مەدرید ئێستە ژمارەی خاڵەكانی 32 خاڵن و پێشەنگی لا لیگای گرتووە، بەرشلۆنەش بە 31 خاڵ ڕكەبەرییەكی توندی لەگەڵدا دەكات.
یانەی ئێڵچییش بەو خاڵە، ژمارەی خاڵەكانی گەیاندە 16 خاڵ و خانەی سێزدەمی ڕیزبەندیی لا لیگای گرتووە.

