رۆژنامەی ھەولێر

شەكرەی دووگیانی و مەترسییەكانی لەسەر دووگیان

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

لە مانگی هۆشیاری نەخۆشیی شەكرە، پزیشكان بەردەوامن لە هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە نەخۆشییەكە و بە تایبەت هۆشیاری بە ژنانی دووگیان دەدەن كە ئاگایان لە نەخۆشییەكە بێت.

زیادبوونی نائاسایی شەكرەی خوێن لەو نەخۆشیانەیە كە ئەگەری هەیە ژنانی دووگیان پێش سێ بۆ چوار مانگ پێش لەدایكبوونی كۆرپەلەكەی تووشی ببێت، پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە نەخۆشییەكە ترسناك نییە، بەڵام پشتگوێخستنی و چارەسەرنەكردنی كاریگەریی خراپی بۆ سەر دووگیان و كۆرپەلەكەی دەبێت.
د. دیمەن حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان و منداڵبوون و نەزۆكی ڕوونی دەكاتەوە كە پێویستە شەكرە لە ژنانی دووگیاندا كۆنترۆڵ بكرێت، چونكە دەبێتە هۆی ڕێگرتن لە مەترسی لەبارچوون یان لە دایكبوونی كۆرپەلەیەكی مردوو، دەشڵێت: دەبێتە هۆی ڕێگری لە تووشبوونی كۆرپەلە بە هەناسەتوندی و دابەزینی ڕێژەی شەكر لە خوێنی كۆرپەلەدا.
ژنانی تووشبوو بە شەكرە لە جۆری یەكەم یان دووەم لەكاتی دووگیانیدا ڕووبەڕووی كێشەیەكی دیكە دەبنەوەو مەترسی ئەوەیان بۆ زیاد دەبێت، كە ئاخۆ ئەو نەخۆشییە كاریگەری بۆ سەر خۆیان و كۆرپەكەیان هەیە یان نا؟
د. دیمەن حوسێن جەخت دەكاتەوە كە بۆچی پێویستە كۆنترۆڵی شەكرە لە ژنانی دووگیاندا بكرێت و گوتی: كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكرەی خوێن لە كاتی دووگیانیدا باشترین ڕێگەیە بۆ ڕێگرتن لە كێشەكانی نەخۆشیی شەكرە لەسەر كۆرپەلە، كە ئەمانەن:
1. ڕێگرتن لە مەترسی لەبارچوون یان لەدایكبوونی كۆرپەلەیەكی مردوو، كە ئەوانە دوو مەترسی گەورەن لەبارەی دووگیانی و نەخۆشیی شەكرەوە.
2. ڕێگرتن لە مەترسییەكانی زوو لەدایكبوون، هەرچەند باشتر كۆنترۆڵی ئاستی شەكرەی خوێن بكرێت ئەگەری زوولەدایكبوون كەمتر دەبێتەوە.
3. ڕێگرتن لە تووشبوون بە كەموكوڕی زکماكی، ئەگەر ئاستی شەكرەی خوێن كۆنترۆڵ بكرێت لە سەرەتای دووگیانیدا، ڕێگرییەكی زۆر لە درووستبوونی كێشەی زگماكی لە كۆرپەلە دەكرێت، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە مێشك و بڕبڕەی پشت و دڵەوە.
4. ڕێگرتن لە زیاد گەشەكردنی كۆرپەلە، ئەگەر بە باشی شەكرەکە كۆنترۆڵ نەكرا، گلوكۆزی زیاد لە ڕێگەی وێڵاشەوە دزە دەكات و پەنكریاسی كۆرپەلە هان دەدات بۆ بەرهەمهێنانی ئەنسۆلینی زیاتر و ئەوەش وا دەكات، كە قەبارەی كۆرپەلە زۆر گەورە بێت و كێشەی لەدایكبوونی بۆ دروست بێت و بە لەدایكبوونی ئاسایی زیانی بەركەوێت.
5. ڕێگرتن لە دروستبوونی كێشە بۆ دایك، كۆنترۆڵكردنی شەكرە مەترسییەكانی بەرزی پاڵەپەستۆی خوێن و ژەهراویبوونی دووگیانی زیاد دەكات.
6. ڕێگرتن لە كێشە بۆ كۆرپەلە، وەك هەناسەتوندی و دابەزینی رێژەی شەكر لە خوێنی كۆرپەلەدا.
7. كۆنترۆڵكردنی شەكرە یاریدەرە بۆ ئاستێكی ئاسایی شەكرە و كالیسیۆم و مەگنسیۆمی خوێنی كۆرپەلە و پاراستنی لە زەردوویی لە دوای لەدایكبوون.