رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی: ستیکەری نوێی دەرمان، دڵنیایی دەدات لە بەرزیی کوالێتی

ماكوان عێزەت – هەولێر

لە پێناو هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان و خۆبەدورگرتنیان لە دەرمانی بێستیكەر، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم هەڵمەتێكی هۆشیاری بۆ هاووڵاتیان ڕاگەیاند.

د. سەركار سوورچی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندن: ستیكەری دەرمان یەكێك بوو لە هەنگاوە گەورەكانی كابینەی نۆ، كە تێیدا توانرا دەرمانی خراپ و قاچاخ لە بازاڕ نەهێڵێت هاوكات بەهۆی ئەو ستیكەروە هاووڵاتیان دڵنیا دەبنەوە لە دروستی و سەلامەتی گشت ئەو دەرمانانە كە لە پشكنینی وەزارەتی تەندروستی دەرچوون.
هاوكات د. كۆڤەند ڕەوەند بەرپرسی چاودێری بازاڕو بازگەكانی دەرمان لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: هیچ دەرمانخانەیەك ناتوانێت زیاتر لە نرخی سەر ستیكەر دەرمان بفرۆشێت، نرخی دەرمانیش لە هەموو هەرێمی كوردستان ڕێك خراوەتەوە.
د. كۆڤەند ڕەوەند گوتیشی: لە ساڵی 2023ـەوە دەست کراوە بە پرۆسەی لێدانی ستیکەری نوێی دەرمان، هەر بۆیە 100٪ـی دەرمانەکانی هەرێمی کوردستان ستیکەری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە و نرخیش جێگیرا كراوە.
ستیکەری نوێی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) – وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوی دەرمان، ناوی کۆمپانیای هاوردەکار، ژمارەی باچ، ژمارەی داواکردن و نرخی دەرمانەکەی تێدایە.
بۆ رێگریکردن لە ساختەکارییش، لە لای راستی ستیکەرە نوێیەکە موگناتیسێک هەیە کە جۆرێکی تایبەت مەرەکەبی تێدایە و ساختەناکرێت، لەکاتی نزیکخستنەوەی موگناتیسی تایبەت (لە دەرمانخانەکان هەیە)، رەنگی بۆ سەوز دەگۆڕێت.
هەروەها لەلای چەپی ستیکەرەکە، بارکۆدێک هەیە، لەکاتی سکانکردن بە ئاپی “QR Code Scaner” یان کامێڕای مۆبایل، کۆمەڵێک زانیاری بە سێ زمان “کوردی، ئینگلیزی و عربی” لەسەر ناو، نرخ، وڵاتی سەرچاوگە و باری بەرهەم دەخاتەڕوو.
وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات:
*خۆیانبەدووربگرن لە کڕین و بەکارهێنانی دەرمانی بێ ستیکەر، تەنها ئەو دەرمانانە بەکاربهێنن کە ستیکەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان (KMCA) – وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لەسەرە.
*خۆت دوور بگرە لە هەر دەرمان یان هەر پێداویستیەکی پزیشکی بێ ستیکەری کوالیتی کۆنتڕۆڵ.
*خۆت دڵنیا بکەوە لە بوونی ستیکەر و کۆدی کوالیتی کۆنتڕۆڵ.
*دەرمان و پێداویستی پزیشکی بەبێ کوالیتی کۆنتڕۆڵ بە دەرمانی نایاسایی و قاچاغ دادەنرێت، تکایە ئەگەر بینیت بێ ستیکەرە، وەریمەگرە و مەیکڕە و هەواڵی تیمی چاودێری بدە بە پەیوەندیکردن بە هێڵی گەرمی ژمارە مۆبایلی ڕاستەوخۆی کۆڕەک 07502356000
وەتسئەپی هەمان ژمارە.
*هەمووکۆمپانیا و کۆگا و دەرمانخانەکان ئاگادارکراینەوە.
*لە هەر شوێنێک دەرمان و پێداویستی پزیشکی بێ ستیکەر هەبێت، مامەڵەی تاوانی لەگەڵدا دەکرێت و سزای توند دەدرێت.
وەزارەتی تەندروستی جەختیش دەكاتەوە كە بەرژەوەندی و تەندروستی هاوڵاتی لەسەرووی هەمووانە.