رۆژنامەی ھەولێر

ئۆجەلان لە رێگەی شاندی پەرلەمانەوە داوا لە یەپەگە دەكات چەك دابنێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

شاندی پەرلەمانی توركیا، بەكۆی دەنگ بڕیاریاندا بچنە ئیمیڕاڵی و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە بكەوێت، یەكێك لە بابەتە هەرە سەرەكییەكانیش بابەتی یەپەگەیە لە رۆژئاوای كوردستان، كە ئەو شاندە بۆچوونی ئۆجەلانی لەبارەوە وەردەگرن.

راستە چوونی شاندێكی پەرلەمانی توركیا بۆ لای ئۆجەلان، باسكردنە لەبارەی پرسی چارەسەری كورد و هەروەها هەنگاوەكانی چەكدانانی پەكەكە، بەڵام ئەوەی باس نەكراوە و گرنگە و قسەی جیدی لەسەر دەكرێت، بابەتی یەپەگەیە لە رۆژئاوای كوردستان، پەرلەمانی توركیا دەیانەوێت لەسەر زاری ئۆجەلان خۆی بزانن بۆچوونی لەوباریەوە چییە؟.
پێشتر لە ٢٧ی ٢ی٢٠٢٥، ئۆجەلان لە پەیامێكی مێژووییدا داوای لە پەكەكە كرد، چەك دابنێت و خۆیان هەڵوەشێننەوە، پەكەكەش بەگوێی رێبەرەكەی خۆی كرد و سەرەتا كۆبوونەوەی بەست و خۆیان هەڵوەشاندەوە، پاشان بەشێوەیەكی سيمبوولی ٣٠ چەكداریان چەكەكانی خۆیان سووتاند.
توركیا و بەتایبەت ئاكەپە و مەهەپە، داوایان لە یەپەگەش كرد چەك دابنێت، چوونكە ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا گوتویەتی پەكەكە و هەموو ئەو گروپانەی سەر بە پەكەكەن چەك دابنێن، بەڵام یەپەگە رەتی كردەوە چەك دابنێت و مەزڵووم كۆبانێ، سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی یەپەگە گوتی ”یەپامی ئۆجەلان بۆ یەپەگە نییە و تەنیا بۆ پەكەكەیە.“ ئەمە توركیای نیگەران كردووە و بەردەوام فشار دەخەنە سەر یەپەگە بۆ خۆهەڵوەشانەوە، یان بچنە ناو سوپای سووریای راگوزەر.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (ئۆكسجین)ی توركی، حكوومەت زۆر هەوڵیداوە ئۆجەلان پەیامێكی تایبەت بۆ رۆژئاوای كوردستان بنێرێت و داوا لە یەپەگە بكات چەك دابنێت، یان بەبێ هیچ مەرجێك بچنە ناو وەزارەتی بەرگری سووریای راگوزەر، بەڵام ئۆجەلان ئەو پەیامەی بڵاونەكردەوە، ئەمەش دەریدەخات، ئۆجەلان لەگەڵ ئەوە نییە یەپەگە هەڵوەشێتەوە.

ئایە باخچەلی فێڵ لە ئۆجەلان دەكات؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، بەوتارێك دەرگای ئیمیڕاڵی بۆ شاندی پەرلەمانی توركیا كردەوە، كاتێك گوتی ”ئەگەر رێگە نادەن شاندی پەرلەمان بچێتە ئیمیڕاڵی، بۆ خۆم و سێ هاوڕێم دەچم، كەس هەیە رێگەم لێ بگرێت؟“ دوای ئەو وتارە پەرلەمان كۆبووەتەوە و بەكۆی دەنگی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی نیشتیمانی و برایەتی و دیموكراتی)، بڕیاردرا شاندێك بچێتە ئیمیڕاڵی و بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی پرسی چارەسەریی و ئەو كۆبوونەوانەی ئەنجامیان داوە وەربگرن.
بۆچوونێك هەیە، باخچەلی فێڵ لە ئۆجەلان بكات، ئەویش لە رێگەی ئەو شاندەوە داوای لێ بكات پەیامێكی تایبەت بۆ یەپەگە بنێرێت و داوایان لێبكات خۆیان هەڵوەشێننەوە.
باخچەلی خۆی زۆر لە ئۆجەلان نزیك كردووەتەوە، ئەویش بە وتار و گوتەكانی لەناو پەرلەمانی توركیا، بۆ نموونە سەرەتا داوای كرد ئۆجەلان بێتە پەرلەمانی توركیا و وتارێك پێشكەش بكات و پاشان مافی ئومێد بیگرێتەوە. هەروەها ناوی ئۆجەلانی وەكوو سەرۆكی پەكەكە هێنا، لە كاتێكدا پێشتر دەیگوت سەری گەورەی تیرۆرست، بۆیە رەنگە ئەم هەنگاوانەی بۆ ئەوە بێت ئۆجەلان لە خۆی نزیك بكاتەوە و نەرمی بكات تا پەیامێك بۆ رۆژئاوا و بەتایبەت یەپەگە بنێرێت.
باخچەلی، چەندین جار داوای لە یەپەگە كردووە چەك دابنێت، وەكوو تیرۆرست ناویان دەهێنێت و دەڵێت بەگوێی ئۆجەلان بكەن، چوونكه داوای كردووە چەك دابنێن، بەڵام لەڕاستیدا ئۆجەلان بەیەك وشەش باسی لە یەپەگە نەكردووە بۆ چەك دانان.
ئەگەر بێت و فشار بكرێتە سەر ئۆجەلان بۆ ئەوەی داوا لە یەپەگە بكات چەك دابنێت، ئایە یەپەگە بەگوێی دەكات؟ وەڵامی ئەو پرسیارە نەخێرە، چوونكە یەپەگە بەڕوونی گوتوویەتی ئێمە سەر بە پەكەكە نین و پارتێكی جیاوازین، هەروەها دوای ئەو دوو كۆمەڵكووژییەی سوپای شەرع دژی عەلەوییەكانی لازقییە و دوورزییەكان ئەنجامیدا، مانەوەی یەپەگە وەكوو سوپایەكی چەكدار بۆ رۆژئاوای كوردستان و پاراستنیان لە غەزەبی شەرع گرنگە.
رەنگە ئۆجەلان داوا بكات، یەپەگە بچێتە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، بەو مەرجەی رۆژئاوای كورستان هەر یەپەگە بەڕێوەی ببات، بەڵام دەكرێت ناویان بگۆڕن و بەناوێكی تر پارێزگاری لە رۆژئاوای كوردستان بكەن، ئەمەش ئەو پرسیارە دەورووژێنێت، ئایە باخچەلی و حكوومەتی توركیا رازی دەبن بەوەی یەپەگە لەژێر ناوێكی تر رۆژئاوای كوردستان بپارێزێت؟ یان ئاخۆ پشت لە ئۆجەلان دەكەن و پرسی چارەسەری جارێكی تر دەخەنە ناو سەلاجە و دەیكەنە قوربانی رۆژئاوای كوردستان؟
وەڵامی ئەو پرسیارانە ئەوكات دەدرێتەوە، بۆچوونی ئۆجەلان لەبارەی رۆژئاوای كوردستان و یەپەگە بەفەرمی بڵاوبكرێتەوە.