رۆژنامەی ھەولێر

گەورەترین پێشانگای بازرگانی تایبەت بە پاکەتکردن و لە قوتوونان و پلاستیکی و پیشەسازیی کشتوکاڵ و خۆراک لە هەولێر كرایەوە

دوێنێ، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و د.محەمەد شوكری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و ژمارەیەكی تر لە كونسڵ و نێردەی وڵاتان و بازرگانان و پیاوانی کار، لە پیشانگای هەولێری نێودەوڵەتی، لە پێناو بەرەوپێشبردنی زیاتری پیشەسازیی كشتوكاڵی و خۆراك لە هەرێمی كوردستان، هەشتەمین گەورە پێشانگای نێودەوڵەتی بازرگانی تایبەت بە پاکەتکردن و لە قوتووتان و پلاستیکی و پیشەسازیی کشتوکاڵ و خۆراک، بە بەشداری زیاتر لە ( 300 ) کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانی لە 20 وڵاتی جیهان كرایەوە.

لە کۆی ئەو 352 کۆمپانیایەی بەشدارن لە پیشانگاكەدا، 62 کۆمپانیایان ناوخۆیین و بەرهەمەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، ئەو وڵاتانەشی بەشدارن بریتین لە ( ئێران، تورکیا، هیندستان، چین و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا ).
دوای کردنەوەی پیشانگاکە و بەسەرکردنەوەی بەشەکانی، پارێزگاری هەولێر، وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو هەنگاوە، دەستخۆشی لە سەر پەرشتیار و كۆمپانیا بەشداربووەكانی پیشانگاکە کرد و ئومێدیشی خواست كردنەوەی ئەم پیشانگاییە ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پیشەسازیی كشتوكاڵی لە هەولێری پیاتەخت بەتایبەتی و هەرێمی کوردستان بەگشتیی.
جێگەی باسە، ئەم پێشانگایە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا گەشەی زۆری بەخۆیەوە دیوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێگەی پڕۆژە و بڕیارەکانییەوە هاندەر و پشتگیریی جووتیاران بووە. هەروەها ئاسانکاری زۆری پێشكەش بە کەرتی تایبەت كردووە کار لەسەر بوژاندنەوەی پیشەسازیی کشتوکاڵی بكەن.