رۆژنامەی ھەولێر

پاییز بانگەشەیە بۆ نوێبوونەوە

عومەر چنگیانی
چونكە وانە پڕ لە حیكمەتە خواییەكانی وەرزی پاییز، هێندە زۆر و گرنگ و لەئەژمارنەهاتوون، لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی بەئەركمان زانی تیشكێكی بخەینە سەر و، بیكەینە توێشووی یەكێك لە دوو گوتارەی هەفتەی ڕابردوو كە خرایە بەر دیدی مامۆستایانی كوردستان تا بە چەلەنگی قسەی لەسەر بكەن و، ئێمەیش خستمانە نێو دووتوێی گوتاری ژمارە 320مان لەسەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجەكوبرا لە 21ی11ی2025 و سەرەتا بە ئایەتی چلوپێنجی سوورەتی (كەهف) دەستمان پێ كرد، كە ڕووی گوتاری دەكاتە پێغەمبەری خۆشەویستمان، دروود و سەلامی خوای لەسەر، دەفەرمیت:
“نموونەی بەرجەستەی ژیانی دنیایان – ژیانی نزیك و كەمبەها و بڕاوە – بخەرە بیر، كە وەك ئاوێكە لە ئاسمانێ ڕا باراندبێتمان و دەرەنجام زۆر شینایەتی و ڕووەكی ژیابێتنەوە و ڕوا بن و ئاوێتەی یەك بووبێتن، دواتر وشك هەڵهاتبێتن و بووبێتنە كا و پوش و پەڵاشێكی وا، كە با بە كەیفی خۆی پەرتیان بكات. بەڕاستی خوا خاوەنی هێز و توانایە بەسەر هەمووشتیكدا.”
كە دیارە پاییزیش ڕووی لێ كردینەوە، لێوانلێوە لە هەوای فێنک و، گەڵا وەریوەكانی، پەیامی قووڵی بۆ ئەوانەی بیر دەکەنەوە و تێی ڕادەمێنن هەڵگرتووە.
وەرزی گۆڕانکاری و نوێبوونەوەیە، وەرزێکە سوننەتەكانی خوامان لە گەردوون و هەناوی مرۆڤدا بیر دەهێنێتەوە.
مرۆڤ دەبێت بگۆڕێت، یان بۆ سەرەوە یان خوارەوە، یان بۆ باش یان خراپ.
خوای گەورە پاڵنەرێکی بە مرۆڤ بەخشیوە كە بتوانێت گۆڕان و نوێبوونەوە لە خۆی و دیدگا و بیروباوەڕ و ڕەفتارەکانیدا دروست بكات.ڕاستە خوای گەورە خالقی هەموو بوونە، بەڵام ئازادپی هەڵبژاردنی بە مرۆڤ بەخشیوە تا بتوانێت چاکە و چاكەكاری هەڵبژێرن، یان خراپە و گەندەڵی هەڵبژێرن.

حیکمەتی پاییز:
گۆڕانی وەرزەکان نیشانەیەكە لە نیشانەكانی خوا، بانگهێشتمان دەکات بۆ بیرکردنەوە لە هێز و حیکمەتە نەبڕاوەكانی خالق، وەکچۆن خوا ساڵی بەسەر وەرزەکاندا دابەش کردووە، ژیانی ئێمەی بەسەر منداڵی و گەنجی و پیریشدا دابەش کردووە.
پاییز نەبوایە، بەهای بەهارمان نەدەزانی، ئەمەش نیشانەیەكە بۆ ژیانمان كە لە پاش هەموو ناڕەحەتییەك، خوای گەورە دەرگەمان لێ دەكاتەوە.
بۆیە پاییز تەنیا وەرزێكی زەمەنی نییە، بەڵکوو هێمای گۆڕانکاری و پێگەیشتنی ڕۆحییە، چونکە لەناو خۆیدا حیکمەتی نوێبوونەوە و ئامادەکاری بۆ داهاتوویەکی باشتر هەڵگرتووە.
خوای گەورە لە ڕێگەی پاییزەوە فێرمان دەکات کە گۆڕانکاری بەشێکی سروشتی ژیانە، هەروەها ئەوەشمان بیر دێنێتەوە کەوتن بە مانای کۆتایی نییە، بەڵکوو سەرەتای قۆناغێکی گەشاوەترە.پاییز سروشتی زوو تێپەڕی ژیان و کورتیی ئەم بوونەمان بیر دەخاتەوە، وەک چۆن گەڵاکانی پاییز دەکەونە خوارەوە، ژیانی مرۆڤیش بە جێگیری نامێنێتەوە.
وانەكانی لە وەرزی پاییزەوە فێری دەبین:
وەرزی پاییز، قوتابخانەیەکی مەزنە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت لێیەوە فێر ببن.ئەمانە بەشێكن لەو وانانەی دەتوانین لە ڕێی ئەم وەرزەوە پێی بگەین:
یەکەم/ نزیکبوونەوە لە خوا و زیادکردنی عیبادەت و كار لە پێناو توێشووی ڕۆژی دوایی.
دووەم/ هەلێكە بۆ نوێبوونەوە و بەخۆداچوونەوە و بڕیاردان لەسەر كارە سەرەكییەكانمان.هەر گەڵایەک کە لە پاییزدا دەکەوێت، هەڵگری بەڵێنێکی خوایییە ئەویش بەهارێکی داهاتووە، هەر گۆڕانکارییەک کە لە پاییزدا ڕوو دەدات، بیرخستنەوەیەکە بۆ ئەوەی سروشت هیچ چەقبەستنێک ناناسێت و ژیان بەردەوامە هەرچەندە بارودۆخەکان بگۆڕدرێن. کاتێکە بۆ تێڕامان کە مرۆڤ دەتوانێت لەوە تێ بگات کۆتایییەکان سەرەتای نوێ دروست دەكەن.
سێیەم/ خۆئامادەكردن و پلاندانان بۆ داهاتوو و ژیانێكی باشتر.ئاخر ژیانمان پڕە لە دەرفەتی نوێبووەوە بە تەوبەکردن و چاکسازی و کاری ڕاست.
چوارەم/ ڕزگاربوون لە تاوانەكان.دەبێت واز لە خووی خراپ و کینە و تاوان بە گشتی بهێنین.سەیری درەختەکان چۆن لە پاییزدا گەڵاکانیان دەوەرن، ئەمە لاوازی نییە، بەڵکوو دانایی لە پشتەوەیە، ئەویش ڕزگاربوونە لە هەموو كۆنێك و پێشوازییە لە هەموو نوێیەك.