مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ كامپ نۆ، بەرشلۆنە دەرگەی خێری بە ڕوودا كرایەوە
یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، لە گەڕی 13 خولی تۆپی پێی پلەیەكی ئیسپانیا، لە یەكەم یاریی خۆیدا لە نێو یاریگە تایبەتەكە (سپۆتیفای كامپ نۆ) بە 4 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئەتلەتیك بلباوی بردەوە.
یانەی بەرشلۆنە، نزیكەی دوو ساڵ بوو بە هۆی كاری نوێكردنەوە و پەرەپێدان، لە یاریكردن لەو یاریگەیەی دابڕابوو، بەڵام لە گەڕی 13ی لا لیگادا بۆ یاریگەكەی گەڕایەوە و لەگەڵ گەڕانەوەشی سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانە توندەكەی هەرێمی باسكدا (ئەتلەتیك بلباو)ـدا تۆمار كرد و بە 4 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی لێ بردەوە. لە خولەكی 4ـدا لیڤاندۆڤسكی گۆڵی یەكەم و فێرنان تۆرێس دوو گۆڵ لە خولەكەكانی 45 و 90 و فێرمین لۆپێزیش گۆڵێكی لە خولەكی 48ـدا بۆ یانە كاتەلۆنییەكە تۆمار كرد.
بەو سەركەوتنە، ژمارەی خاڵەكانی یانەی بەرشلۆنە بووە 31 خاڵ و ژمارەی خاڵەكانی یانەی بلباو لە 17 خاڵدا مایەوە.
هانز فلیكی راهێنەری یانەی بەرشلۆنە، بە پێكهاتەیەك یاریی كرد، كە گۆڕانكاریی تێدا كرابوو، بەهۆی گەڕانەوەی بەشێك لە یاریزانانی لە پێكان، لەوانە خوان گارسیای گۆڵپارێز، كە دوو مانگ بوو بە هۆی پێكانی ماسوولكەكانیەوە لە یاریكردن دابڕابوو.
گەڕانەوەی ئەو، پاڵنەرێكی مەعنەویی باش بوو بۆ جێگیریی تیپەكە و بێخەمبوونیان لە هێڵی هۆڵ، بە تایبەت كە لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەچنە نێو چەند یارییەكی گرنگ و چارەنووسسازەوە.
سەرەڕای نائامادەیی پێدری بەهۆی پێكان و فرینكی دی یۆنگ بەهۆی ڕاگرتنەوە، بەڵام فلیك بە بڕیارێكی هەمووانی تووشی شۆك كرد، كاتێك كاسادۆی خستە سەر كورسیی یەدەگ، ئەوەش بووە جێی پرسیار، بە تایبەت كە لە یارییەكانی ڕابردوودا پشتی پێ دەبەست، دواتر هانز فلیك روونی كردەوە، كە ئامادەیی هەندێ یاریزان و هەندێ وردەكاریی هونەری، ئەو بڕیارەی پێ داوە.
پێكهاتەكەی بەرشلۆنە بەم جۆەر بوو: خوان گارسیا، جێرارد مارتین، جول كۆندی، باو كۆبارسی، ئەلیخاندرۆ بالدێ، ئیریك گارسیا، دانی ئۆلمۆ، فێرمین لۆپێز، لامین یامال، فیران تۆرێس و رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی.
بۆ نەهێشتنی دەنگۆكان، ڕێككەوتنی نێوان ریاڵ مەدرید و ڤینیسیۆس نزیكە
كارگێڕیی یانەی ریاڵ مەدرید، نزیكە لەوەی داهاتووی ئەستێرەی بەڕازیلیی یانەكەی ڤینیسیۆس جۆنیۆر یەكلا بكاتەوە، دوای چەند مانگێك لە گەنگەشە و دەنگۆ لەسەر نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە كارگێڕیی یانەكە و یاریزانەكە لە بەرەبەری ڕێككەوتنێكی تەواودان، گەشبینن بەوەی بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی كە بەو پێیە ڤینی تا ماوەیەكی زۆر لە یانەی درێس سپی بمێنێتەوە، ئەوەش هەموو كێشەكانی ئەو یاریزانە چارەسەر دەكات.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە كە ڤینی زۆر ئاسوودەیە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و خواستی لە مانەوەیە لە مەدرید و گرێبەستەكەی تا هاوینی 2027 نوێ و درێژ بكرێتەوە. یانەی شایانەش هەوڵ دەدا ئەو یاریزانە بەشێكی یانەكە بێ دوای ئەو ماوەیە و هەردوو لا دەزانن ئەوی تر چی دەوێ.
روونیشی كردووەتەوە كە هەردوولا گفتوگۆیان كردووە و ئێستە لەسەر ڕێڕەوی گەیشتنن بە ڕێككەوتنی كۆتایی، كە لە شوباتی ڕابردووش نزیك بوو بەڵام نەگەیشتە ئەنجام، ئەوەش هاوینێكی ناخۆش و بەدەنگەدەنگی لە نێوان یانەكە و یاریزانەكەدا دروست كرد.
كارگێڕیی یانەی مەدرید، ڤینی بە بەشێكی بەنرخی مێژووی یانەكە دادەنێ و گومانی لەوە نییە، بەڵام دووپاتی دەكاتەوە كە یانەكە لە سەرووی هەر یاریزانێكەوەیە، ئەوەش لەلایەن یاریزانە بەڕازیلییەكەوە دەركی پێ كراوە، لە سەرەتای گفتوگۆكانەوە كە دەگەڕێتەوە بۆ پێش 9 مانگ.
ئاس باسی لەوە كردووە كە ماوەیەكی زۆرە پرسی نوێكردنەوەی گرێبەستی ڤینی خراوەتە سەر مێزی گفتوگۆ، لەگەڵ ڕێزگرتن لە مەرجە گشتییەكان كە هەردوولا دیاریی دەكەن و لەم چەند ساڵەی دواییدا لە روونی جێگیر كراوە.
مێدیاكە باسی لەوە كردووە دوای ئەو هەرایەی پێشتر، ئێستە لێكتێگەیشتنی هاوبەش هەیە، ڤینی 10 رۆژ لەگەڵ بەڕازیل بوو، زانی كە ریاڵ هەڵوێستی جوانی بەرانبەری هەیە.
باسی لەوە كردووە مانەوەی لەگەڵ هاوڕێكانی لە بەڕازیل، یارمەتییان داوە كە متمانەی بۆ بگەڕێتەوە و كاریگەریی ئەوەی ڕووی دا، لەسەری كەم ببێتەوە و لە بەڕازیلیش باشتر دەركەوت.
نوێنەرانی ئەو یاریزانە و كارگێڕیی ریاڵیش، دەركیان لەوە كردووە گەیشتنە ڕێككەوتن، سنوور بۆ دەنگۆكان دادەنێ و ئارامی دەگەڕێنێتەوە، سوودی ئابووری و وەرزشی و كۆمەڵایەتیش بە هەردوولا دەگەیەنێ.
ڤینی هیچ مەرجێكی وەرزشیی بۆ نوێكردنەوەكەی نییە.
لەلایەكی دیكەوە، فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووس ڕایگەیاندوووە كە یانەی چێڵسی هیچ دانوستان و گفتوگۆیەكی لەگەڵ ڤینیسیۆس یان جۆیس یان بریكارانی نەكردوووە و ئەوەی دەوترێ تەنیا دەنگۆیە، چێڵسی هیچ نیازێكی بۆ گرێبەست لەگەڵ ڤینی یان ڕۆدڕیگۆ نییە.
ئەوە وەڵامی ئەو ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییە بوو كە باسی لەوە دەكرد چێڵسی خواستی لەوەیە گرێبەستێكی 150 ملیۆن یۆرۆیی پێشكەشی ڤینی بكا تا هاوینی داهاتوو بیباتە ریزەكانیەوە.

