هاونیشتمانیان، ئافرەتانی سەربەرز..
جیهانی ئەمڕۆ گۆڕاوە و هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکان، ڕێگە و شێوازەکانی توندوتیژیش گۆڕاون. ئیتر توندوتیژی تەنها لەنێو چوار دیواری ماڵەکاندا قەتیس نییە، بەڵکو لەڕێگەی شاشەی مۆبایل و تۆڕەکانەوە دزەی کردۆتە ناو قووڵایی دەروونی تاکەکان.
ئەمڕۆ “توندوتیژی دیجیتاڵی” ئەو مۆتە شاراوەیەیە کە هەڕەشە لە ئارامی و ژیانی هەزاران ئافرەت دەکات. لە ناوزڕاندن و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی زانیاری تایبەتەوە تا دەگاتە زەوتكردن و سوکایەتی پێکردن، هەموویان یەک ئامانجیان هەیە، شکاندنی شکۆ و بێدەنگکردنی ئافرەت لە کایە گشتییەکاندا. ئەم جۆرە توندوتیژییە، ئەگەرچی جەستە بریندار ناکات، بەڵام ڕۆح دەکوژێت و شیرازەی خێزان هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە هەستکردنمان بەم مەترسییە هەنووکەییە، هەڵمەتی ئەمساڵمان لەژێر دروشمی “پێکەوە توندوتیژی دیجیتاڵی دژ بە ئافرەت دەوەستێنین” ڕادەگەیەنین هەڵبژاردنی وشەی “پێکەوە” هێمایە بۆ ئەوەی کە شەڕی تەکنەلۆژیا و ئابڕوو، شەڕی تاکەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە پاراستنی ئاسایشی دیجیتاڵی ئافرەتان، بەشێکی دانەبڕاوە لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی کوردستان.
لە ئەم هەڵمەتەدا، داوا دەکەین یاساکانی هەرێمی کوردستان توندتر و دەستی دادگاکان بەهێزتر بێت بەرامبەر هەر کەسێک کە تەکنەلۆژیا وەک میكانیزمێك بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتی ئافرەت بەکاردێنێت. هەروەها ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم دەکەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، بەڵام داوای میتۆدی خێراتر دەکەین بۆ پاراستنی نهێنی و کەرامەتی سکاڵاکاران، و داوا لە تەواوی خێزان و کۆمەڵگە دەکەین، لەبری سەرزەنشتکردنی قوربانی، ببنە پشتیوان و پەناگە بۆیان، تا ترس لە ئابڕوو نەبێتە هۆی ملکەچبوون بۆ تاوانباران.
لەم ١٦ ڕۆژەدا و لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا، بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە دەنگی دلێری ئەو ئافرەتانە بین کە لە پشت شاشەکانەوە دەچەوسێنرێنەوە، با هەموومان پێکەوە ژینگەی دیجیتاڵی بکەینە کایەیەکی ئارام بۆ گەشەکردن و داهێنان، نەک بۆ ترس و تۆقاندن.
سەری ڕێز بۆ قوربانیانی توندوتیژی دادەنەوێنین و بەردەوام دەبین تا فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و پارێزراو بۆ ئافرەتانی کورد.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

