ڕائیب جادر – هەولێر
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەردەوامە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ھەزاران پارچە زەوی دیکە بەسەر فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی دابەش بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ئامادەکارییەک لە لایەن شارەوانییەکانەوە کراوە. بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، دەڵێت: بەم نزیکانە ١٥ ھەزار فەرمانبەری تر دەبن بە خاوەن زەوی خۆیان.
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ھەر شارەوانییەک زەوی ئامادە بێت تیروپشکیان بۆ دەکرێت و زەوییەکان بەسەر فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی دابەش دەکرێت، ھەر فەرمانبەرێک کارتی زانیاری سەر بە چ سنوورێک بێت، لەو شوێنە زەوی پێ دەدرێت.
لە ٢٧- ٥-٢٠٢٤ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی کوردستان دابەش بکرێت کە لە ڕابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ کرد، دواتر ھەولێر و سلێمانی گرتەوە، پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت و ھەموو فەرمانبەران زەوی وەردەگرن.
لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی سوودمەند دەبن و ھەر کەسێک ٢٠٠ مەتر زەوی پێدەدرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر جدییەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دابەشکردنی زەوی کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە لە سنووری شارەوانییەکان زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بکرێت و ئەو شارەوانییانەی کە زەوییان نییە لە شوێنی دیکە دابینی بکەن. ھەروەھا جەختیشی لەسەر دیاریکردنی ستافێکی تایبەت لە شارەوانییەکان بۆ ڕووپێویکردنی زەوی و بەڕێوەبردنی پرۆسەکە کردەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، دابەشکردنی زەوی لە بەرژەوەندیی گشتیی ھاووڵاتییانە و پێویستە ئەو پرۆسەیە بە خێرایی و بە ڕێکوپێکی بەڕێوەبچێت.
مەریوان ھادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، تا ئێستا ١٤ ھەزار پارچە زەویی دابەش کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، ئەوەشی گوت: بەمنزیکانە ١٥ ھەزار فەرمانبەری تر دەبن بە خاوەن زەوی خۆیان و ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی دەستی پێ کردووە.
مەریوان ھادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، دەشڵێت، تا ئێستا ٤٢ ھەزار فەرمانبەر فەرمانی وەرگرتنی زەویان لە سنووری شارەوانیی ھەولێر گەڕاوەتەوە، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان، ببێتە یەکەمین شوێن لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان کە زەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەرانی سنوورەکەی دابەش کردبێت.

