رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەی ڕووناکی لە هەموو ڕوویەکەوە شارستانی و پێشکەوتوو و مۆدێرنە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سەرەکیترین کێشەی پڕۆژەی رووناکی ئەوە بووە هەر بە شێوەی کۆن، فەرمانبەرانی کارەبا کرێی خەرجییەکانی کارەبایان لە خەڵک وەردەگرن کە کێشەیە و بە هۆکاری جیاوازی وەک کەمیی ژمارەی فەرمانبەر و زۆریی هاوبەش یان لەماڵەوە نەبوون لە کاتی سەردانی فەرمانبەر، ژمارەیەکی زۆر لە هاوبەشەکان نەیانتوانیوە پارەی مانگانەیان بدەن و هەر بۆیە لەسەریان کەڵەکە بووە، بەپێی هەنگاوێکی نوێ خەریکە ئەم کێشەیەش چارەسەر دەبێ و هاووڵاتییان دەتوانن هەر لە رێی مۆبایلەکانیان بە ئاسانترین شێوە پارەکانیان بدەن.

کارمەندان و فەرمانبەرانی وەزارەتی کارەبا لە گەڕەک و کۆڵانەکاندا دەسوورێنەوە و هەر کامێکیان دەفتەرچەیەکی تایبەت بە پسوولەی کارەبایان بەدەستەوەیە و لە دەرگای ماڵەکان دەدەن بۆ ئەوی خەرجییەکانی مانگانەی کارەبایان لێ وەربگرن. پڕۆژەی رووناکی کە لە هەموو روویەکەوە شارستانی و پێشکەوتوو و مۆدێرنە ئەو شێوازە لە کۆکردنەوەی پارە لەگەڵیدا ناگونجێت.
پڕۆژەی رووناکی کە یەکێک لە سەرکەوتووترین پڕۆژەکانی حکوومەت بووە بۆ دابینکردنی کارەبای بیست و چوار سەعاتی تا ئێستا زیاتر لە چوار ملیۆن و پێنجسەد هاووڵاتی لێی سوودمەند بووە و سەرەڕای دابەزینی پلەکانی گەرما و بەرزبوونەوەی رێژەی بەکاربردنی کارەبا هیچ کێشەیەک بۆ پڕۆژەکە نەهاتووەتە کایەوە. بەگشتی یەک ملیۆن و سەد و سی و یەک هەزار هاوبەشی کارەبا لە پڕۆژەی کارەبای بیست و چوار سەعاتی سوودمەند بوون.
لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا نرخی هەر یەکەیەکی بەکاربردنی کارەبا بە وردی دەستنیشان کراوە کە لە چوارسەد کیلۆواتەوە نرخەکان دەست پێ دەکەن و لەگەڵ زیادبوونی هەر چوارسەد کیلۆوات کارەبا لە ماوەی مانگێکدا نرخەکەش گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

حکوومەت و بەرپرسانی پڕۆژەی رووناکی لە رێی خزمەتگوزارییەکی پێوەندیدار کە بریتییە لە پێوەندیگرتن بە ژمارە ١٩٩٢ راستەوخۆ پێوەندییان لەگەڵ بەکاربەران و هەموو هاوبەشێکدا هەیە وهاوڵاتییان هەر لە رێی مۆبایلەکانیان دەزانن لە مانگێکدا چەند کیلۆواتیان خەرج کردووە و پارەی ئەو کارەبایەش کە خەرجیان کردووە چەندە.
یەکێک لە کێشەکانی پرۆژەی رووناکی بریتی بووە لەوەی هاووڵاتییان نەیانتوانیوە پارەی مانگانەی کارەبا بدەن و کارمەندانی پڕۆژەکە بە شێوەی دەستی پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە و زۆر جار مشتومڕ لە نێوان کارمەندەکە و هاووڵاتییان هاتووەتە کایەوە. بۆ نموونە هاووڵاتی هەبووە پارەی کرێی مانگێکی بە کارمەندەکە داوە بەڵام بۆ مانگی داهاتوو ئەو پارەیە نەسڕاوەتەوە و دیسان بۆی گەڕاوەتەوە و تەنانەت زیادی کردووە و هۆکارەکەش ئەوە بووە ئەو پسوولانە بە وردی لە کۆمپیوتەر داخڵ نەکراون.
هاووڵاتییەک کە حەزی کردووە مانگانە کرێی کارەباکەی هاوشێوەی سەردەمی مۆلیدە بدات بۆ ئەوەی لەسەری کەڵەکە نەبێت بە رۆژنامەی هەولێرت گوت ”پارەم دابوو کەچی دیسان پسوولەی نوێم بۆ هات و داوای پارەی زیاتر کرابوو و بۆیەش باش بوو پسوولە کۆنەکەم لای خۆم هەڵگرتبوو و سەردانی فەرمانگەی کارەبام کرد و لەوێ بۆیان چاک کردم و گوتیان بیرمان چووە. ”
بەپێی دواین زانیارییەکان ئەو کێشەیەش خەریکە چارەسەر دەکرێ و هاووڵاتییان دەتوانن لە رێی مۆبایلەوە و لە رێی چەند سیستمێکی گواستنەوەی پارە کرێی مانگانەی کارەبایان دابین بکەن . سەرچاوەیەکی پڕۆژەکە ئەم زانیارییەی ئاشکرا کردووە بەڵام هێشتا بە فەرمی رانەگەیەنراو.
ماوەی رابردوو وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی تر پێداگری لەوە کرد کە پڕۆژەکە بەردەوامە و دڵنیایی دا لە وەرزی زستانیشدا هیچ کێشەیەک بۆ کارەبای رووناکی نایەتە کایەوە بە مەرجێک هیچ کێشەیەک بۆ سەرچاوی گازی سروشتی دروست نەبێت کە بە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان دادەنرێت.
بەگشتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی بەردەوامە و ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە هێشتا لە پڕۆژەکە سوودمەند نەبوون تا کۆتایی ساڵی داهاتوو هەموویان لێی سودمەند دەبن.