فەزیلە شۆرش
توندوتیژی لە زۆربەی چین و توێژەکاندا، بەبێ جیاوازی، بوونی هەیە. ئەم دیاردەیە پەیوەستە بە پەروەردەی تاکەوە، نەک بە ئاستی خوێندن و بڕوانامە یان نەخوێندەواری.
توندوتیژی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی شیرازەی خێزان؛ کاتێک لە خێزاندا ڕێزگرتن نەما و ژینگەی ماڵەوە تەندروست نەبوو، ڕەفتاری توندڕەوی شوێنی گفتوگۆی تەندروست دەگرێتەوە. بەداخەوە لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگە و سەردەمیبوونی جیهان، ڕێژەی توندوتیژی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەرچاوترە، بەتایبەتی توندوتیژیی جەستەیی، کە ڕۆژانە بەرامبەر ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان بەکاردێت و لە هەندێک حاڵەتدا دەگاتە کوشتنی ئافرەت، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا یەکێکە لە دیاردە ترسناکەکانی ژیان. بەکارھێنانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت، بەتایبەتی دایک، دەبێتە هۆکاری شێواندن و بریندارکردنی هەست و سۆزی هەموو ئەندامانی خێزان؛ لە دەرئەنجامدا تاکەکانی خێزان تووشی پەروەردەیەکی نادروست و خەمۆکی دەبن.
بەهۆی تیرۆرکردنی سێ خوشک (خوشکانی میرابال) لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٦٠ لە وڵاتی دۆمێنیکان، ئافرەتانی چالاکوان بە بەردەوامی داوایان دەکرد کە ڕۆژی تیرۆرکردنی ئەم سێ خوشکە بە فەرمی بناسرێت. وا بوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٩، ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەری بەفەرمی وەک “ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان” ناساند.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە ٢٥ی نۆڤەمبەر تا ١٠ی دیسەمبەر (کە ١٠ی دیسەمبەر ڕۆژی مافی مرۆڤە)، لەلایەن ڕێکخراوەکانی ئافرەتانەوە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەست پێ دەکات، ئەمەش بە ڕێکخستن و ئەنجامدانی چەندەها چالاکیی جۆراوجۆر. هەروەها هەڵمەتی (Orange The World)ی (UN Women) بۆ مافەکانی ئافرەتان و یەکسانیی جێندەری، بە نارنجیکردنی چەندەها شوێنەواری بەرچاو و ڕێکخستنی چەندەها چالاکی دەست پێ دەکات، بۆ کەمکردنەوە و لەناوبردنی دیاردەی توندوتیژی.
بێگومان کۆمەڵگەی کوردستانیش، هەروەک هەر کۆمەڵگەیەکی دیکەی جیهان، بەدەست توندوتیژیی دژی ئافرەتانەوە دەناڵێنێت. بۆیە لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا لە کوردستانیش وەک وڵاتانی تری جیهان، بۆ بایەخدان بەم کێشەیە و کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی، ڕێکخراوەکانی ئافرەتان چەندەها چالاکی ڕێک دەخەن. بەڵام ئەوەی گرنگە، پێویستە هەردوو ڕەگەز هاوتەریب بن لەگەڵ حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک. بێگومان باشترین ڕێگەچارەش ئەوەیە کە تاک خۆی دووربین و ئارام بێت لە ئاست هەر کێشەیەک کە دێتە پێشی.

