رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵ و کاریگەریی ژن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خێزان

ئەژین غەفار
ئەو باسەی هەردەم لەسەر زارە، ڕۆڵ و پێگەی خانمانە لە کایەکانی ئابووری، سیاسی و حوکمڕانیدا، بەڵام ئەوەی کەمتر باس دەکرێت کاریگەریی ژنە لەنێو ماڵ و خێزاندا. زۆرجار پێگەی ئافرەت لەنێو خێزان زیاتر وەک پەروەردەکار و بەخێوکەر دەبینرێت، تا سەرچاوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان.
بەڵام ڕاستییەکەی، چارەسەرکردنی کێشە، کەمکردنەوەی گرژی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە توانا هەرە بەهێزەکانی ژنانە. لەو گۆشەنیگایەی ژن سروشتێکی نەرم و ئارام و لەسەرخۆی هەیە، کارامەییەکانیشی لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێو خێزان زیاتر زەق دەبێتەوە.
توانای بێوێنەی ژن وەک گوێگر، وا دەکات لە کاتی ڕوودانی ئاڵۆزییەک لەنێو خێزان، نیگەرانییەکانی دەوروبەر کەمتر بکاتەوە. لە لایەکی ترەوە، ڕۆحییەتی بەرەنگاریی ژن وا دەکات لە کاتی تووشبوون بە ناڕەحەتی لەنێو خێزان، کۆڵ نەدات و بەردەوام بێت لە دایکایەتی، ژنایەتی و ڕاگرتنی دینگەکانی خێزان بە گشتی.
هەروەها، ژن بە تەنیا ژن نییە، بەو مانایەی یەک ڕۆڵ نابینێت لەنێو خێزاندا؛ چونکە ژن لە یەک کاتدا دەکرێت: دایک، خوشک، بووک، خانمی ماڵ، خەسوو و هتد… بێت و لە هەمان کاتدا چەندین ڕۆڵ ببینێت. ژن لە پەیوەندی لەگەڵ منداڵدا، دایکە. لە بەرانبەر دایکی خۆی، کچە. لە بەرکەوتن لەگەڵ هاوسەرەکەی، هاوژینە. لەنێو ماڵەخەزوورانیدا بووکە و لە ئایندەش خۆی دەبێتەوە خەسوو. بۆیە لە هەر یەک لەم گۆشەنیگایانەوە، ژن ڕۆڵێکی جیاواز و پێگەیەکی گرنگی هەیە.
ئەوەی شیاوی باسە، ژنان پێویستە هاوکات لەگەڵ بەهێزبوونیان بۆ دونیای دەرەوە و کار و بازاڕ، هۆشیار بنەوە بە گرنگی و پێگەی بەرزییان لەنێو ماڵ و خێزان؛ نەک تەنیا وەک پەروەردەکاری منداڵ و ماڵداریکردن، بەڵکوو وەک سەرچاوەیەک بۆ ئاڕاستەکردنی کێشەکانی خێزان بەرەو کەناری ئارامی و بەڕێوەبردنی قەیران و ئاڵۆزییەکان.