وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ساڵی نوێ مووچە تەنیا لە رێی (هەژماری من) دابەش دەكرێت و هەر كەسێك بەشدار نەبێت مووچە وەرناگرێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ یەكشەممە راگەیەنراوێك سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) بڵاوكردەوە کە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێ کردووە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە “دوای بڵاوکردنەوەی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بە وەزارەتمان لە هەفتەی ڕابردوودا، لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ کراوە، بۆیە بە پێویستمانزانی ئەم ڕاستییانەی لای خوارەوە بخەینەڕوو:-
1- لە ئەنجامی ڕێکكەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و شاندی حکوومەتی فیدراڵ، وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی ساڵی 2025ی دیاری کرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت.
2- هاوکات بە پێی بڕیاری ژمارە (550)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق خاڵی سێیەمی بڕگەی سێیەم کە لە ڕۆژی (17ی تەمووزی 2025) دەرچووە و تیایدا لیژنەی هاوبەشی پێکهاتوو لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێم، هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە کە لە ماوەی سێ مانگدا پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو بکەن، بەپێی سەرجەم ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشداوە: لە هیچ وڵاتێکدا دوو جۆر شێوازی دابەشکردنی مووچە نییە، لەلایەک بە کاش و لەلایەک بە سیستەمی بانکی، ئێستاش لە هەرێمی کوردستان بە ڕێکكەوتنی هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی، مووچە بە سیستەمی دیجیتاڵی خەرج دەکرێت، واتە دابەشکردنی مووچە بەکاش نامێنێت.
لە كۆتاییدا وەزارەتی دارایی دووپاتی كردەوە كە لە دوای سەری ساڵ مووچە تەنیا لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ـەوە خەرج دەکرێت، هەر کەسێکیش بەشدار نەبێت لە پڕۆژەكە مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت

