ئهمڕۆ یەكشەممە 2025.11.23، لە ژێرچاودێرى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر، لە پێناو پشتگیریکردنى زیاترى جوتیاران و بە بازاڕکردن و ساخکردنەوەی بەرهەم و بەروبوومى خۆماڵى، بە ئامادەبوونى هێمن سەید موراد، بهڕێوهبهری گشتیی كشتوكاڵ و شێخ نەوزاد کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئهندازهی پاركهكان و ژمارهیهكی بهرچاوو لە هاووڵاتییان، شەشەمین فیستیڤاڵی “هەولێر” بۆ ههنار و بەرهەمی دیکەى خۆراکى و کاری دەستی بە بەشداری ژمارەیەک لە جووتیاران و خاوەنکاران و ئافرەتان و لاوانى هەولێر و شار و شارۆچکەکانى ترى هەرێمى کوردستان، لەلایەن بهڕێوهبهرایەتی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر لە بەردەم پارکی شاندەر کرایەوە.
دواى کردنەوەى فیستڤاڵەکە و بەسەر کردنەوەى بەشەکانى، کە چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە ئامادەکار و سەرپەرشتیارانى فیستیڤاڵەکە، هیواى سەرکەوتنى بۆ بەشداربووانى خواست.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیشدا بۆ كەناڵەكان ڕایگەیاند: “ئامانج لە سازکردنى ئەم فیستیڤاڵە، پشتگیریکردنى زیاترى جوتیاران و بە بازاڕکردن و ساخکردنەوەی بەرهەم و بەروبوومى خۆماڵیەكان و ڕەخساندنی دەرفەتى کارە بۆ لاوان و ئافرەتان، سازكردنی ئەو فیستیڤاڵەش هەنگاوێکى ترى بایەخدان و پشتگیرى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە سەرۆکایەتى ڕێزدار مەسرور بارزانى، بۆ بههێزكردنی ژێرخانی خۆراك و پاڵپشتی گشتیی و بووژاندنەوە و بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرووبوومی ناوخۆیی”.
جێگەى باسە، مەبەست لە سازکردنى ئەو فیستیڤاڵە لە هەولێرى پایتەخت، ئاشناکردنی هاوڵاتییانە بە بەرهەم و بەربوومى خۆماڵى جوتیاران و خاوەن کاران و ناساندنی توانا و بەهرەى ئافرەتان و لاوان و پەرەپێدانی جوڵەی بازرگانی و کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان.

