رۆژنامەی ھەولێر

عێراق تا نەبێتە دەوڵەتی دامەزراوەیی ناتوانێت کێشەکانی چارە بکات

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

رۆژی سێشەممە سەرۆک بارزانی لە میانەی وتارێکی لە کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست MEPS کە لە زانکۆی ئەمەریکیی دهۆک پێشکەشی کرد کۆمەڵێک داواکاری خستەڕوو کە بووە جێی سەرنجی میدیاکانی ناوخۆیی و عێراقی و جیهانی و بە بایەخەوە گواستیانەوە بەڵام لەو داواکارییانە خاڵێک کەمتر سەرنجی خرایە سەر کە پێوەندی بە نەبوونی دەوڵەتی دامەزراوەیی و هەبوونی دەوڵەتۆک هەبوو. سەرۆک بارزانی داوای کرد چیتر لە عێراق دەوڵەتۆک لەناو دەوڵەتدا نەبێتە کێشە و ڕێگر، دەوڵەتی دامەزراوەیی دابمەزرێت، یاسا سەروەر بێت و هەر هاووڵاتییەک ماف و ئەرکی خۆی بزانێت.

رەنگە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێ بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان لە چەمکی دەوڵەتۆک تێنەگەیشتبن کە هۆکارێکی سەرەکییە لەو نەهامەتی و کێشانەی بەرۆکی عێراقییەکانی گرتووە و ڕێگر بووە لەوەی عێراق نەتوانێت تەنانەت دەستوورەکەی خۆیشی جێبەجێ بکات.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی حکوومەتی عێراق لە ڕابردوودا و بە حکوومەتی ئێستاشەوە ئەوە بووە دامەزراوە سەرەکییەکانی دەوڵەت بە ئەرکی خۆیان ڕانەپەڕیون و دەسەڵاتیان سنووردار بووە دەسەڵاتەکان هەمووی لە لایەن دەوڵەتی سێبەر بەڕێوەچوون و خۆیان نەیانتوانیوە ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکەن کە دەستوور بۆی دەستنیشان کردوون. هەر بۆیەش سەرۆک بارزانی پەنجەی لەسەر برینەکە داناوە و نادامەزراوەییبوونی دەوڵەتی عێراق و هەبوونی دەوڵەتۆک لەناو دەوڵەتی بە گرنگترین کێشەکانی فەرمانڕەوایی و قەیران و کەمیی خزمەتگوزارییەکان ناو بردووە.
زۆربەی ئەو کێشانەی لە نێوان حکوومەتەکانی عێراق و خەڵکی عێراق یان لە نێوان حکوومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان یان وڵاتانی دیکەدا هەیبووە ئەوە بووە قسە و کرداری دەسەڵات لەگەڵ یەکتردا یەکیان نەگرتووەتەوە، بە دروشم هەموو شتێک کراوە و تەواوی کێشەکان چارەسەر کراون بەڵام بە کردار شتێکی دیکە ڕوویداوە هەر بۆیەش کێشە و قەیرانەکان لە شوێنی خۆیان نەک چارەسەر نەکراون، گەورەتر بوون.
نوێترین نموونە ئەوە بووە کە حکوومەتی فیدراڵی لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی کوردستان قسەی دڵخۆشکەری گوتووە بەڵێنی داوە جیاوازی لە نێوان فەرمانبەرانی هەرێم و عێراقدا نەکات بەڵام بە کردار ئەوە جێبەجێ نەکراوە و زۆر جار وەزیرێک یان فەرمانبەرێکی ئاسایی دەوڵەت کێشەی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە و تەنگی و چەڵەمە خراوەتە بەردەم پڕۆژە و بڕیارەکان سەرەڕای ئەوەی کە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق لەسەری ڕێککەوتوون.
بە هەموو پێوەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبوایە بەغدا بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان هەستێت بەڵام بینراوە پاشگەز بووەتەوە یان پڕۆژە و ڕێککەوتنەکەی بەلاڕێدا بردووە و پاساوی جیاوازی هێناوەتەوە و هۆکارە هەرە سەرەکییەکەش هەر ئەوە بووە کە دەوڵەتۆک لە ناو دەوڵەتدا هەبووە و دامەزراوەکان بە ئەرکە یاساییەکانی خۆیان هەڵنەستاون.
ئەم کێشەیە لە تەواوی دامەزراوە حکوومییەکانی عێراق ڕەنگی داوەتەوە و دەوڵەتی قووڵ لە چوارچێوەی ئەوشتانەی خۆی بە بەرژەوەندییان دەزانێت نەک ئەوانەی بەرژەوەندیی ڕاستەقینەن، بڕیارەکانی خۆی سەپاندووە و حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئاراستە کردوون.
ئەمانە بۆ سەپاندنی ئیرادە و ویستیان ئامرازی زۆریان بەدەستەوە بووە، لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار گرووپە میلیشیاکان لە بەغدا لە سەرووی یاسا هەڵسوکەوتیان کردووە، پەلاماری دامەزراوە بیانییەکانیان داوە بێ ئەوەی حکوومەت دەسەڵاتی بەسەریاندا بشکێت، هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگە و دامەزراوە ئابوورییەکان و هەر ئەو گرووپانە دەستیان بەسەر دەروازە بازرگانییەکاندا گرتووە و چەک و تەنانەت مادەی هۆشبەریان گواستووەتەوە بێ ئەوەی هیچ کەسێک پێیان بڵێت پشتی چاوت برۆیە.
ئەوانە لە سامان و پارەی عێراقیان خواردووە و مانگانە بە سەدان ملیار دینار پارە و مووچەیان وەرگرتووە بێ ئەوەی فەرمان لە حکوومەت وەربگرن.
هەمان کێشە لە تەواوی دامەزراوە یاسایی، خزمەتگوزاری، سەربازی، تەناهی، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسییەکانی عێراقدا ڕەنگی داوەتەوە و لە ژێر رۆشنایی داواکایە سەرۆک بارزانی ئەو چاوەڕوانییە لە حکوومەتی داهاتووی عێراق هەیە چیتر دەوڵەتۆک لە ناو دەوڵەتدا بوونی نەبێت و لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلانی عێراق ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و دەوڵەتی دامەزراوەیی بە مانای تەواوی وشە دامەزرێنرێت.