رۆژنامەی ھەولێر

چی لە پشت یەک ملیۆن دەنگەکەوە بوو؟

میرۆ جەلال
پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق-٢٠٢٥ توانی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێت. هەروەها لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا هەردوو ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی گڕوتینێکی دیکەیان بە بانگەشە جەماوەرییەکانی هەڵبژاردنەکان دا، لە نێویاندا چاڵنجەکەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە هاووڵاتیان و لایەنگرانی پارتی دا، کە ئەویش گەیاندنی پارتی بوو بە یەک ملیۆن دەنگ.

گەیاندنی پارتی بە یەک ملیۆن دەنگ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو متمانەیەی کە هاووڵاتییان بە پارتی دیموکراتی کوردستانیان هەیە، لەڕووی خزمەتگوزاری، ئاسایش و ئارامی و پێکەوەژیان و ئەو هۆکارانەی کە دڵنیایین بۆ داهاتوویەکی ڕۆشنتر و ژیانێکی سەقامگیرتر.
بەڵام ئەوەی جێی ئاماژە و هەڵوەستەلەسەرکردنە، گوتاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، کە بەو پەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە چاڵنجی یەک ملیۆنی ڕاگەیاند، دەکرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت و بکرێتە بابەتی توێژینەوە لە ناوەندە سیاسی و ئەکادیمیەکان، کە ئەمیش لە داهاتوودا، سوودی بۆ پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەبێت و دەکرێت شێوازی گوتاری سیاسیی لە داهاتوودا لەسەر بونیاد بنرێت.
ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە هەڵبژاردنەکاندا هەمیشە وا دەرکەوتووە کە جیاوازتر بێت و بەشێکی شێوازی بانگەشەکەی پەیوەندیی پێشبڕکێیەکی سەردەمییانەوە هەبێت، لەو ڕوانگەوە لە دوو هەڵبژاردنی پێشووتردا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جۆرێک لە چاڵنجی دیکەی لەگەڵ هاووڵاتیاندا تاقیکردەوە، کە یەکەم کەس بێت لەسەر سندووقی دەنگدان، کە ئەمیش خۆی لە خۆیدا گەرموگوڕییەکی بە هەڵبژارنەکان دا. هاوکات، لە ڕوویەکی دیکەیشەوە ئەوە نیشان دەدات کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکەم کەسە دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان و پێمان دەڵێت ئەوە سندووقی دەنگدانە کە دەتوانێت وێنایەکی جوانی دیموکراسی بە کوردستان ببەخشێت و گۆڕانکاری و دەستاودەستی دەسەڵات بێنێتە کایەوە. هاوکات، هانی هاووڵاتییان دەدات کە بەشدارییەکی بەرفراوان لە پرۆسەکەدا بکەن و ئەو وێنایە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکەن، کە کوردستان قۆناغی ململانێی نێوخۆیی چەکداری تێپەڕاندووە و لە قۆناغێکی دیموکراسیی پێشکەوتوودایە، کە گەڕانەوەی نییە. ئەم گوتەیەش جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین جار دووپاتیکردۆتەوە و دواترینیان لە دیداری مێری ئەمساڵ (2025-10-8) لە هەولێر جەختی لەسەر کردەوە.
ئەوەی جێگای ئاماژە و خوێندنەوەیە، چاڵنجی ئەمجارەی ڕێزدار نێچێرڤان بارزانی بوو لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، کە جەنابیان ڕایگەیاندبوو، ئەم هەڵبژاردنە پارتی دەگەیەنینە یەک ملیۆن دەنگ. ئەم چاڵنجەی بەڕێزیان، هەرزوو لایەنگرانی پارتی پڕ لە جۆشوخڕۆش کرد و لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دروشمی یەک ملیۆن دەنگیان بەرز دەکردەوە.
گەیاندنی پارتی بە یەک ملیۆن دەنگ بە چالنجێک لە کاتی بانگەشە، کە پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا نەگەیشتبوو بەم ژمارەی دەنگە، جۆرە پەیامێکە کە دەکرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت و بزانرێت چی لە پشت پەیامەکانی ئەم بانگەشەوەیە.
دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ گوتارەکانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە کاتی بانگەشەدا، جەنابیان بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێک بهێنێت و هێرش بکاتە سەر هیچ لایەنێک بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی گوت: ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە کە دەتوانێت بەرپرسیارێتی پێ بسپێردرێت و کوردستان تاوەکو کەناری ئارام ببات، ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە پابەندە بە پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن.
جەنابیان لە کاتی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، کە بەشدارییەکی کارای لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی پارتیدا لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان کرد و لە گوتارەکانیدا جەختی لەسەر کۆمەڵێک پرس دەکردەوە، کە هاووڵاتییان بەوپەڕی متمانە و پەروەشییەوە لێیان دەڕوانی.
ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بەشدارییەکی کارای لە کامپەینی حزبەکەی لە هەریەک لە شارەکانی (هەولێر، شێخان، ئاکرێ، سلێمانی، دهۆک و بازنەی نەینەوا) کرد، لە پەیامەکانیدا لە پاڵ بانگەشەدا جەختی لەسەر چەندین پرەنسیپ و پابەندبوونی نیشتمانی، ئەخلاقی و یاسایی لە چەند ڕەهەندێکی جیاواز دەکردەوە.

– جەنابیان لە گوتارەکانیدا جەختی لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور دەکردەوە و، ئەم هەڵبژاردنەی عێراقی بە “یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکان” ناوبرد و گوتی، ناوی دەنێن “هەڵبژاردنی جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق”. جەنابیان وتیشی؛ ئەوەی بە دەستوور رێکخراوە، ناکرێ و نابێت بە نادەستووری تێکبدرێت، دەبێت ئێمە لەسەر ئەوە پێداگری بکەین لە بەغدا. ئەم بۆچوونەوەی بەڕێزیان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئیتر کاتییەتی کار بە دەستووری عێراق بکرێت و ئەو کێشە و کۆسپانەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەیە بە دەستوور چارەسەر بکرێت، ئەمەش پێویستی بە بەهێزی پارتی هەیە بۆ ئەوەی سەنگی حزبەکە بەکاربهێنرێت بۆ پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی، دەبێت ئەو کێشە و ناکۆکییانەی کە لە وڵاتەکەدا هەیە چارەسەر بکرێت و ناکرێت بەردەوامییان هەبێت.
– جەنابیان جەختی دەکردەوە لەسەر پرسی ڕەوشتی بانگەشەی هەڵبژاردن و پابەندبوون بە بەها ئەخلاقییەکانی دەنگدەر و بە لایەنگرانی پارتی گووت؛ ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەش زۆر ئاشتیخوازانە بەڕێوە ببەن. وه‌ڵامى كه‌س مه‌ده‌نه‌وه‌، داری بەرز بەردی تێدەگیرێت، پەلاماری کەس نەدەن، پارتى ده‌يه‌وێت كوردستان لە ئاستی ئێستای بگەیەنێتە ئاستێكی گەورەتر، خواست و تمووحی پارتی زۆر گەورەترە لە خواستی خەڵكی تر، خواستی پارتی ئاوەدانییە، كوردستانە، كوردستان ببات بۆ قۆناغێكی پێشكەوتووتر و گەشەسەندووتر و ئاوەدانتر، بۆیە بەرپرسیاريه‌تیی ئێوە لە هەموو حزبەكانی دیكە گەورەترە. لێرەوە جەنابیان دەیەوێت بە هەموو لایەنەکان و دەنگدەرانی پارتیش بلێت؛ پارتی بە شێوازێکی جیاوازتر و گەورەتر لە کوردستان دەڕوانێت و خواستی حزبەکەی بۆ ئاییندە فراوانتر و جوانبینترە.
– پرسی پێکەوەژیان، لەو پرسانەیە کە رێزدار نێچیرڤان بارزانی بەردەوام جەختی لەسەر دەکاتەوە و لەم بانگەشەیەشدا بە گرنگییەوە باسی دەکرد. لەو نێوەندەدا لە بانگەشەی پارتیدا لە شێخان ڕایگەیاند؛ ئەو شتەی ئەمڕۆ خۆشحاڵتری کردم و پێ دڵخۆشم بووم، ئەو دیمەنە جوانەیە، مامۆستایی ئایینیی موسڵمان، مەسیحی و ئێزدی پێکەوە لێرەن، ئەوە دیمەنێکی زۆر جوانی کوردستانە و پێویستە هەتا هەتا بمێنێت، ئەو دیمەنە دۆستانمان دڵخۆش و ناحەزانیشمان عاجز دەکات. لێرەدا جەنابیان دەیەوێت پێمان بڵێت؛ پرسی پێکەوەژیان شانازییەکی گەورەی هەرێمی کوردستانە، کە لە نێوەندە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا شانازی پێوە دەکەین.
– پرسی گرنگیی هەڵبژاردن و پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی یەکێکی دیکە بوو لەو خاڵانەی کە جەنابیان لە کامپەینی بانگەشەدا گرنگی پێدەدا و پێی گووتین، ئەوە سندووقەکانی دەنگدانەوە کە دەتوانێت گۆڕانکاری و پیشڤەچوون لە ڕەهەندە جیاوازەکاندا بێنێتە کایەوە.
– پرسی یەکخستن و یەکدەنگیی نێو ماڵی کوردستانی لە هەگبەی گوتارەکانی جەنابیان بوو لە بانگەشەی هەڵبژاردن و بۆ چەندەمین جار پێی ڕاگەیاندین؛ ئاسمان و خاکی ئێمە یەک ناویان هەیە، ئەویش کوردستانە. ‘زۆنی زەرد و سەوز نییە، زۆنی کوردستانی هەیە”. ئەمە ئەو پەیامەیە کە هەموو کوردستانیان دەیانەوێت و هیچ دژێکی نییە، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت پێمان بڵێت “کوردستان لە سەرووی هەموومانەوەیە و ئەوانی دیکە وەسیلەن”.
– پرسی ئاشتی؛ جەنابیان لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دڵی لای پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە و ئەمجارەیان بە نەفەسێکی بەرزەوە لە بانگەشەی حیزبەکەی لە ئاکرێ وتی: هەوڵ دەدەین پرۆسەی چارەسەری سەرکەوێت، چەکدار و شەڕ لە گوندەکانی ئێمە نەمێنن و جووتیاران بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان. جەختی کردەوە “دەبێت پارتی سەربکەوێت تاوەکو کوردستان بباتە قۆناخێکی باشتر و ئارامی و ئاوەدانی لە کوردستان بەردەوام بێت”. ئەم پەیامەیش دەرخەری ئەوەیە پەیامی پارتی، “ئاشتییە”، دەستەبەرکردنی ئاشتی و یەکترقبووڵکردن دەمانگەیەنێتە کەناری ئارام، ئەمە هەمان ئەو مەبەستە بوو کە ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی مەبەستی بوو.
ئەم پەیامانەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد و کۆمەڵێک پرسی گرنگی دیکە، کە دەکرێت لەسەر بوەستین و هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، ئەو روئیا و دونیابینییەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ـین، کە لە پاڵ ئاوەدانی و خزمەتی پارتی بۆ کوردستان پاڵنەربوون بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەکانی بگەیەنێتە زێدەتر لە ملیۆنێک دەنگ.