رۆژنامەی ھەولێر

بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ مه‌رزی نێوده‌وڵه‌تیی حاجی ئۆمه‌ران داده‌خرێت

به‌ مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی لۆد و فشاری زۆر بۆ ماوەی دوو ڕۆژ مەرزی حاجی ئۆمەران کە به‌ یەکێک لە دەروازە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دادەخرێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێندرێتەوە بۆ زۆربوونی هاتووچۆی بازرگانی و گه‌شتیاریی لەو دەروازەیە.

ئاژانسی هەواڵی “میهر” نزیك له‌ حكوومه‌تی ئێران لە زاری بەرپرسانی ئیداری ده‌روازه‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، تا رۆژی شه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌روازه‌ی سنووری نێوان حاجی ئۆمه‌ران و پیرانشار داده‌خرێت، ئه‌وه‌ش بەهۆی زیادبوونی هاتووچۆ لە مەرزی حاجی ئۆمەران و دروستبوونی لۆد و فشاری زۆر له‌سه‌ر ده‌روازه‌كه.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌: بڕیاره‌كه‌‌ سنوردارکردنی نوێیه‌ لەلایەن حكوومه‌تی هەرێمی کوردستانەوە، بەوەی دەبێت ڕۆژانە تەنها هەزار کەس له‌رێگه‌ی ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ هاتووچۆ بکەن.

داخستنی مەرزی حاجی ئۆمەران بۆ ماوەی دوو ڕۆژە و لەمڕۆ پێنجشەممە و سبەی هەیینیدا جێبەجێ دەکرێت، لە ڕۆژی شەممەی سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتووه‌ وه‌ هاتووچۆ لەسەر بنەمای پیت دەبێت و ده‌روازه‌كه‌ ده‌كرێته‌وه‌.