لەپێناو خێرا ڕاییکردنی مامەڵەی حاجیان بۆ ساڵی 2026، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا دەوامی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە درێژ بکرێتەوە و پشووی ڕۆژانی شەممەش هەڵبوەشێنرێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند لەمەودوا دەوامی فەرمیی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە ڕۆژانە تا کاتژمێر 4ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی ئەوقاف، هەرچەندە ڕۆژانی شەممە لە سەرجەم دامودەزگا حکومییەکان پشووی فەرمییە، بەڵام فەرمانبەرانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ناگرێتەوە و دەبێ لە ڕۆژانی شەممەشدا دەوام بکەن. ئەم سیستمە تا کۆتاییهاتنی تەواوی مامەڵەی حاجیان بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم بڕیارە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و خزمەتکردنی زیاتری ئەو هاووڵاتییانەیە کە ناوەکانیان لە تیروپشکدا دەرچووە، بە مەبەستی ئەوەی بە زووترین کات و بە باشترین شێوە مامەڵەکانیان ڕایی بکرێت و کارئاسانییان بۆ بکرێت.

