رۆژنامەی ھەولێر

دوای كشانەوەی پەكەكە لە زاب هەنگاوی كرداریی توركیا ماوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، بەفەرمی رایگەیاند لە ناوچەی زابی سەر بە هەرێمی كوردستان كشانەوە و شوێنەكەیان چۆڵ كرد. پەكەكە لە راگەیێندراوێكدا ئامانجی كشانەوەیان لە زاب دەخەنە روو و دەڵێن، بڕوامان بەوە هەیە، لە توركیا لە پێناو خزمەتی ئاشتی و دیموكراتی ئەم هەنگاوە كردارییە بنێین.

پەكەكە لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا لە كۆنگرەی خۆیاندا بڕیاریاندا خۆیان هەڵوەشێننەوە، هەروەها لە ٢٦ی ١٠ی ٢٠٢٥، بە تەواوی لە خاكی توركیا كشانەوە، ئەمەشیان لە پێناو سەرخستنی پرسی ئاشتی لە توركیا ئەنجامدا. لە ١٩٩٠ و بەرەو سەر، زاب شوێنێكی گرنگی پەكەكە بووە، بەردەوام لەوێدا گورزی گەورەیان لە توركیا داوە.
كشانەوەی پەكەكە لە زاب و تەواوی خاكی توركیا، میدیاكانی توركیای هێناوەتە دەنگ و بەشێكی زۆریان پێیان وایە، ئەم هەنگاوەی پەكەكە گرنگە، چونكە بەهانەی توركیا ناهێڵێت بۆ گرنگیدان بە پرسی ئاشتی لە توركیا، هەروەها ئەو ساردییەی لە رەوتی ئاشتی دروست بووە، بە كشانەوەیان لە زاب، پڕۆسەكە خێرایی بەخۆیەوە دەبینێت.
پەكەكە لە راگەیێندراوەكەیاندا لەبارەی كشانەوەیان لە زای دەڵێن: ”لە ناوچەی زاب، كە شوێنێكی مەترسی بووە بۆ شەڕ، كشاوینەتەوە و هێزەكانمان بۆ شوێنێكی گونجاو ناردووە، بەمەش شوێنی مەترسی بۆ شەڕ بە تەواوی هەڵگیرا.”
زاب، سەر بە هەرێمی كوردستانە، بەڵام كەوتووەتە باشووری هەكاری لە باكووری كوردستان، لە ١٩٩٠ەكانەوە پەكەكە كۆنترۆڵی تەواوی زابی كردبوو. توركیا بەردەوام رەخنەی هەبووە لە زاب و پەكەكەی بەوە تۆمەتبار كردووە، لە زابەوە دزە دەكەنە ناو خاكی توركیا و لەوێ كاری تیرۆریستی دەكەن، بەڵام پەكەكە بەردەوام رەتی كردووەتەوە ئەوان كاری تیرۆریستی بکەن. سوپای توركیا، چەندین جار ئۆپەراسیۆنی گەورەی سەربازیی کردووەتە سەر زاب، بەڵام نەیتوانیوە ئەو شوێنە كۆنترۆڵ بكات و پەكەكە لە زاب دەربكات.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، كشانەوەی پەكەكە لە زاب، ئەو ئاماژەیە دەدات بەدەستەوە، كە بۆ سەرخستنی رەوتی ئاشتی لە توركیا ئەو هەنگاوەیان ناوە، بۆیە رەنگە توركیاش هەنگاوی كرداری بهاوێت.
لە ٣٠ی ١٠ی ٢٠٢٥، پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار، ئەندامانی شاندی ئیمرالی سەردانی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیایان كرد، سێ رۆژ دوای ئەو دیدارە، سەردانی ئیمرالییان كرد و چاویان بە عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە كەوت. ئەردۆغان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی دا، پرسی چارەسەری هەنگاوی باشی ناوە و گەیشتوونەتە شوێنێك گەڕانەوەیان نییە.
ئەوەی زۆر گرنگە قسەی جیدی لەسەر دەكرێت، شاندێكی كۆمیسیۆنی (پاڵپشتی میللی و برایەتی و دیموكراتی) لە پەرلەمانی توركیا، كە لە ٥١ ئەندام پێك هاتوونە و بۆ پرسی چارەسەری كورد ئەو كۆمیسیۆنە دروست بووە، سەردانی ئیمرالی بكەن، بەڵام تاوەكوو ئێستا لێدوانی فەرمی حكوومەت لەو ڕووەوە نەهاتووە، ئایە رێگە دەدەن ئەو كۆمیسیۆنە بچنە ئیمرالی.
سانجار، پەرلەمانتاری سەر بە دەم پارتی، داوا دەكات پەلە بكرێت بۆ چوونی ئەو شاندە بۆ لای ئۆجەلان و پێویستییە، چونكە دەبێت ئەنجامی هەموو كۆبوونەوەكانی ئەو كۆمیسیۆنە بدرێتە ئۆجەلان و بۆچوونی ئەو وەربگیرێت.
تاوەكووئێستا ئەو كۆمیسۆنە ١٧ كۆبوونەوەی کردووە، دەم پارتی پێیان وایە ناكرێت ئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە بۆ ئۆجەلان باس نەكرێت، چونكە ئەو لایەنێكی سەرەكی ئەو پرسەیە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، پێشتر رایگەیاندبوو، ئاساییە كۆمیسیۆن بچنە ئیمرالی و بۆچوونی ئەویش وەربگیرێت.