رۆژنامەی ھەولێر

ئەمریكا و فەنزوێلا نزیك بوونەتنەوە لە جەنگێكی گەورە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەمریكا كەشتی جەنگی USS Gerald R.Fordی لە ئەمریكای لاتین جێگیر كرد، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە دەیەوێت جەنگ بەرپا بكات، بۆیە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەمریكا لە ماوەیەكی نزیكدا لە فەنزوێلا دەدات و حكوومەتەکە دەڕووخێنێت.

لە ١٩٨٩، ئەمریكا هێرشی كردە سەر پاناما لە ئەمریكای لاتین و داگیری كرد، ئێستاش گەورەترین بنكەی سەربازی لەوێ هەیە، رەنگە هەمان سیناریۆ بۆ فەنزوێلا دووبارە ببێتەوە. ٣٠ ساڵ بەر لە ئێستا، سەرۆكی پاناما بە ناوی مانوێل نۆریگای لە دەسەڵات دوور خستەوە، بەهانەی پەلامارەكەی ئەمریكاش ئەوە بوو، ئەو سەرۆكە بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەكات و مەترسییە بۆ سەر جیهان، هەمان تۆمەتیش دەدەنە پاڵ سەرۆكی فەنزوێلا نیكۆلاس مادورۆ و كۆشكی سپی تۆمەتباری دەكات بەوەی بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەكات.
ئەگەرچی ئەمریكا گەورەترین كەشتی جەنگی و هەڵگرتنی فڕۆكەی لە نزیك فەنزوێلا جێگیر كردووە، بەڵام كۆشكی سپی تاوەكوو ئێستا بەفەرمی راینەگەیاندووە دەیانەوێت پەلاماری فەنزوێلا بدەن و لەو ڕووەوە هیچ ناڵێن.
هەفتەری رابردوو، ڤلادیمیر لۆپێز وەزیری بەرگری فەنزوێلا، لەبارەی هێرشی ئەمریكا بۆ سەریان گوتی: ”لەڕووی وشكانی و دەریایی و ئاسمانییەوە ئامادەكاریمان كردووە و وەڵامی هەموو هێرشێك دەدەینەوە. هەروەها سەرۆكی وڵات پێی گوتووین تا ٢٠٠هەزار سەرباز بۆ جەنگ ئامادە بكەین و جێبەجێمان كردووە.“
بەشێكی زۆر لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، هێزەكەی نیكۆلاس لاواز بووە، توانای ئەوەی نییە بتوانێت بەرگەی گەورەترین هێزی دونیا بگرێت كە ئەمریكایە. بەڵام لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، نیكۆلاس وەكوو وەڵامێك بۆ هەڕەشەكانی ئەمریكا ئاماژەی دا، خەریكی ئەوەن هەشت میلۆن چەكدار ئامادە بكەن بۆ جەنگ. شارەزایانی سەربازی ئەم گوتەیە بە وەهم لێك دەدەنەوە.
جێمس ستۆری، سەركونسوڵی پێشووتری ئەمریكا لە فەنزوێلا، لەبارەی ئەو گوتانەی نیكۆلاس، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) كردووە و دەڵێت: ”ئەم ژمارەیەی باسی دەكات راستی تێدا نییە، ژمارە راستییەكە زۆر كەمترە، نیكۆلاس تەنانەت دەنگەكانیشی لە هەڵبژاردندا ئەوەندە نەبووە و چوار ملیۆن دەنگ بووە، ئیتر چۆن هێزێكی هەشت ملیۆنی ئامادە دەكات.“
ئەنیستیتۆی لێكۆڵێنەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی، لەبارەی هێزەكانی فەنزوێلا ئاشكرای دەكات، ئەو وڵاتە خاوەنی ١٢٣هەزار چەكداری ئامادە كراوە بۆ جەنگ.
ستۆری لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لەوەش كردووە، هێزەكانی فەنزوێلا راهێنانیان كردووە، بەڵام بەشێكی زۆریان خاوەنی چەك نین، بۆیە دەكرێت بڵێیت هێزی فەنزوێلا وەكوو جاران نییە و لاواز بووە، راستە لە ناوچەكە خاوەن پێگەیەكی سەربازی باشە، بەڵام لاواز بووە.
فەنزوێلا، چەندین جۆری چەكی لە رووسیا كڕیوە، وەكوو مووشەك و فرۆكەی بێفرۆكەوان و زۆری تریش، بەڵام ئەو چەكانە نابنە هۆی ئەوەی بتوانێت رووبەڕووی ئەمریكا ببێتەوە، بەتایبەت لەڕووی سیستەمی بەرگرییەوە زۆر لاوازە و ئەو سیستەمە بەرگرییەی بەكاری دەهێنێت ساڵانی هەشتایەكان كڕیویەتی و ناتوانێت مووشەكەكانی ئەمریكا و فڕۆكەی ئەمریكی بخاتە خوارەوە.
شارەزایانی سەربازی پێیانوایە، ئەمریكا زۆر بەئاسانی دەتوانێت بنكە سەربازی و هەموو ئەو سیستەم و چەكانەی فەنزوێلا بەكاری دەهێنێت بە كەمترین ماوە لەناو ببات، بۆیە ئەگەر ئەمریكا بڕیار بدات لە فەنزوێلا بدات، دەكرێت بڵێین دەسەڵاتی نیكۆلاس كۆتایی پێدێت.
ئەوەی گرنگە باس بكرێت، رەوشی ئابووریی فەنزوێلا زۆر زۆر خراپە، خەڵك رەخنەی زۆری لە سیستەم هەیە و پێیانوایە نیكۆلاس دكتاتۆرە و دەسەڵات بەجێناهێڵێت، بۆیە ئەگەر هێرش بكرێتە سەر فەنزوێلا، زەحمەتە گەل پشتی سەرۆك و حكوومەتەكەی بگرێت.