كوردستان, داڕمانی دیموكراسی و گوشاری تەكنۆپۆپۆلیزم

مەشخەڵ كەوڵۆسی

دەكرێ لەو ئەنجامەوە دەستپێبكەین كە پرۆسەی دیموكراسی لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا شكستی هێنا. سەرلەبەری پرۆسەكە داڕماوە. ئەمەش لەو سۆنگەیەوە كە بەڕاستی جگە لەناو، هیچ ناوەڕۆكێكی پرۆسەی دیموكراسی لەكوردستان قبوڵكراو نیە و، كەلتوری
كۆمەڵگە بوار بەجێبەجێكردنی نادات.
دیموكراسی بەر لەهەرشتێك بریتییە لەكۆمەڵێك بەها، ئەو بەهایانە پایەی فەلسەفەی دیموكراسیەت و جەدوای دیموكراسیەت پێكدێنن. دیوكراسیەت بەرلەوەی هەڵبژاردن بێت، بریتییە لە:ئابووری بازاڕ، ئازادی تاك…هتد. بەڵام كەلتوری كۆمەڵگەی كوردی، نە ڕێگە بە ئازادی تاك دەدات، نە بازاڕی ئازادیش قبوڵ دەكات و لەماوەی ڕابردوودا، ئێمە تەنها “هەڵبژاردن”مان دی، كە ئەویش بەشێكی زۆر بچوكی سەرخانی دیموكراسییە، هەڵبژاردن ئەنجامی باڵاكردنی پرسە گرنگ و ژێرخانییەكانی دیموكراسییە، بەڵام كۆمەڵگەی كوردی، بەرلەوەی پایەكانی دیموكراسی قبوڵ و هەرس بكات، ڕاستەوخۆ بازیدایە سەر ملی هەڵبژاردن، هەر بۆیە بەهیچ پێوەرێك ئەو هەنگاوە نەیتوانی كۆمەڵگە بگوازێتەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، یان سیستەمی سیاسی بگۆڕێت بە سیستەمێكی دیموكراسی. نەتوانیومانە سیستەمی دیموكراسی و تۆلێرانس و فرەیی بنیات بنێین، نەبازاڕی ئازاد، نە بەهیچ شێوەیەكیش ئازادی تاكەكەس قبوڵ دەكەین. بەڵكو كۆمەڵگە و حیزب و حكومەت، هەریەك لەلای خۆیانەوە دەبنە پۆلیس وچاودێر لەسەر ڕەفتاری تاكەكەس، بچوكترین ڕواڵەتی ئازادی ڕەفتاری تاكەكەس و قەناعەتی فیكری قبوڵ ناكەن.
بەهەموو پێوەرێك، كۆمەڵگەی كوردی شكستی هێناوە لەوەی بتوانێت مۆدیلێكی دیموكراسی، لەئاستەكانی ئابووری و حوكم و سیاسەت و فەرهەنگدا دروست و پێشكەش بكات.
ئەم شكستەش بووەتە مادەیەكی خاوی زۆر بەهێز بۆ سەرهەڵدانی تەوژمێكی بەرفراوان كە ئەمڕۆ لەكۆمەڵگەكانی تریشدا هەمان تەوژم سەری هەڵداوەو، بیرمەندانی دنیا بە “شەپۆلی تەكنۆپۆپۆلیزم” ناوزەدی دەكەن.
ئەم شەپۆلە نوسخەیەكی پێشكەوتووتری پۆپۆلیزمە و، توانیویەتی سودێكی یەكجار گەورە وەربگرێت لەو فەزا مەجازییەی كە
“تەكنەلۆژیا” فەراهەمی كردووە.
دەكرێ هەركام لە دۆناڵد ترامپ لە ئەمریكا، ئەنگێلا مێركل لەئەڵمانیا، بۆیس
جۆنسۆن لە بەریتانیا، بەڕێبەرانی ڕەوتی تەكنۆپۆپۆلیزم لەقەڵەم بدرێن لەئاستە گەردوونییەكەیدا، بەڵام كۆمەڵگە لۆكاڵییەكانیش، بۆنمونە كۆمەڵگەی كوردستان، خاوەنی ڕێبەرانی ئەم ڕەوتەین، بەجیاوازییەكی ڕێژەییەوە، ئەویش ئەوەیە ئەوانەی لێرە بەرەو بەم ڕەوتە دەدەن و بوونەتە ئەستێرەی دیاری سۆسیالمیدیا، مادەیەكی خاوی زیاتریان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بەكاری بهێنن و خۆیان وەك بەدیل پێشكەش بكەن. سیفەتی ئەم شەپۆلە وایە، هەستێكی فەیك دەدات بەمرۆڤ، هەستی هاوڵاتییبوونی جیهانیی، نەمانی سنورەكان، بەشداری هەمووان لەخەمە هاوبەشەكاندا! ئەم چەمكانە لەفەزا مەجازییەكەدا كۆدەبنەوە، لەبەر ئەوەی سەركەوتنی نمونەی شارەوانییەكی دەوڵەتێكی ئەسكەندەنافی، مەترسی لەسەر شكستی شارەوانییەكی كوردستان دروست دەكات، چونكە ڕێبەرانی تەكنۆپۆپۆلیزم، زۆر بەئاسانی بەراورد لەنێوانیاندا دەكەن و، ئەوەش بێگومان كاریگەری سیاسی دەبێت لەسەر هەڵبژاردەكانی جەماوەر و دەنگدەران لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا. چونكە لەبنەڕەتەوە هەڵبژاردنەكانیش بەبێ تەبەنی كردنی ژێرخانەكانی تری دیموكراسی بەڕێوەدەچن.
هاوكات یەكێكی تر لەسیفەتەكانی ئەم شەپۆلە لەكوردستان، ئەوەیە شەپۆلێكی دەستكردە و، تەقلیدێكی ئاشكرای كۆمەڵگەكانی ترە، ئامانجەكانیان ڕوون و مەكشوفن. كەمێك پێش نوسینی ئەم چەند دێڕە، گوێم لەیەكێك لەو فیگەرانەی سۆسیالمیدیابوو، لەگرتەیەكدا گوتی: پێتان سەیر نەبێت كەمن دەبمە ئەندامی پەرلەمان!.
كەوابێ، شكستی كۆمەڵگە و ئەقڵی كوردی، لەدروستكردنی نمونەیەكی ڕاستەقینەی دیموكراسی، پانتاییەكی گەورەی خستۆتە بەردەم هەمووان تاكو لەفەزای مەجازیدا ببنە فیگەری دیار و ڕۆژبەڕۆژ هەست دەكەن لەپێكانی ئامانجەكانیان بۆ گەیشتن بەدەستەڵات نزیك دەبنەوە.
ئەوجا ئەوەندەی تر دیموكراسی كوردی لەقوڕدا دەچەقێت، پەرلەمان و دامەزراوەكان لەبری كەسانی شارەزا، دەبنە مۆڵگەی كۆمەڵێ فەیكە فیگەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، خاڵی خاڵی دەبنەوە لەمانای جەوهەری و ڕاستەقینەی خۆیان!. بێگومان ئەگەر شكستی دیموكراسی كوردی ئەوەندە ڕوون و ئاشكرا و بەرچاو نەبوایە، بوارەكە هێندە لەبار نەدەبوو بۆ ئەوەی خەرق بكرێت وهەركەس بیەوێت نەك بە ئەسپێكی شەلەوە، بەڵكو بەگوێدرێژێكی كلك قرتاویشەوە بێتە پێشەوەو ڕكابەری گەیشتن بەدەستەوڵات بكات!.

ھەواڵی زیاتر