ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تایبتەدا، لە پەراوێزی شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 25)، لە زانکۆی ئەمەریکی – دهۆک، ڕایگەیاند “ئەمجارە ئێمە لەسەر ئەجێندای حکوومەتی داهاتووی عێراقە. مەرجی ئێمە بۆ بەشداریکردن، جێبەجێکردنی دەستوور و بەڵێنەکانە. هەر لایەنێک بیەوێت هاوپەیمانیمان لەگەڵ ببەستێت و بەشداریی حکوومەت بکەین، پێویستە دەستوور جێبەجێ بکات. با ڕەشبین نەبین، با گەشبینین بین بۆ ئەوەی ئامانجەکانمان بەدەست بهێنین. ئێمە ناتوانین بەردەوامبین لەگەڵ وڵاتێک کە بەردەوام پێشێلکاریمان بەرانبەر بکرێت و ڕێزمان نەگیرێت. پێموایە، گەورەترین داواکاری و پێویستی بۆ وڵات دەستوور خۆی نییە، دەستوور خۆی هەیە، بەڵام میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی دەستوور نین. ئەوانەی کە دەستوور پێشێل دەکەن بە بەرپرسیار نازانرێن، ئێمە دەمانەوێت هەر کەسێک دەستووری جێبەجێ نەکرد بە بەرپرسیار بزانرێت و سزا بدرێت.”

