ئارام كۆشكی – سلێمانی
سلێمانی ئەو شارە بێنازەیە، کە هەمیشە و بەشێوەی جۆراوجۆر غەدری لێ دەکرێت. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش کاتێک دەیانەوێت یادی شارەکە بکەنەوە دیسان بەچەندین شێوە غەدری لێ دەکەن. کاتێک باسی غەدر دەکەم مەبەستم لەوەیە لەم یادکردنەوانەدا ئەم شارە لەبری ئەوەی چانسی هەبێت گەورەییەکەی پیشان بدرێت بچووک دەکرێتەوە. لە هیچ کوێی دونیادا نییە یادکردنەوەی شارێک ببێتە هۆی بچووکردنەوەی ئەو شارە، بەڵام ئەم تیۆرەیە بۆ سلێمانی ڕاستە و ساڵانێکی زۆرە لە یادکردنەوەی ئەمشارەدا ئەمە سەرڕێ خراوە، بەڵام دەپرسین چۆن؟
کاتێک لەم هەفتەیەدا کە یادی دروستبوونی شاری سلێمانی کرایەوە، کە شارێکە نازناوی پایتەختی ڕۆشنبیریی هەڵگرتووە و ئەمەش دەبێت ببێتە هۆی ئەوەی ئەم ناوە لەم یادکردنەوەیەدا زەق بکرێتەوە، یان ناوەرۆکێکی پێ بدرێت، بەڵام ئەوەی لەم یادەدا غائیب بوو کۆی لایەنە ڕۆشنبیرییەکانی ئەم شارە بوو، یان ئەو سێکتەرانە بوون، کە دەرخەری لایەنی ڕۆشنبیریی و وزەی ڕۆشنبیریی ئەم شارەن، کە ئەوانیش شانۆ و موزیک و شێوەکاری و چاپ و بڵاوکردنەوە و سینەمان، بەڵام لەم یادەدا بەشی هەرە زۆری ئەم سێکتەرانە ئامادەییان نەبوو و بەمەش سلێمانی لە شاری ڕۆشنبیرییەوە بووە شاری موزیکی میللیی و نمایشی خوانی کوردەواریی. بێگومان من نکۆڵی لە بایەخ و گرنگی ئەمانە ناکەم، بەڵام ئەمانە کاتێک بەهێز و گرنگن، کە هاوئاستی لایەنەکانی دیکەش بن، بەڵام کوا لایەنەکانی دیکە؟ کوا موزیک و شانۆ؟ کوا ئامادەیی ناوەندەکانی چاپ؟ کوا ئامادەیی سینەماکاران و نیگارکێشەکان؟ بێگومان بەبێ ئەوان یادەکە دەبێتە هەوڵێک بۆ بچووککردنەوەی سلێمانی، نەک پیشاندانی گەورەیی و گرنگیی و تایبەتمەندییەکانی شارەکە.
هیچ شارێک نییە بە یادکردنەوەیەکی لەم شێوەیە کە بەشێکی گرنگی سێکتەرە زیندووەکانی پەراوێز بخرێت گەورەیی پیشان بدرێت، بەڵکو گەورەیی بچووک دەکرێتەوە. ئەوەی لەم یادکردنەوەیەدا تێبینی کرا بچووککردنەوەی گەورەیی سلێمانی بوو، نەک بەخشینی شکۆی زیاتر بە شارەکە.
خاڵێکی گرنگ کە لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم پەراوێزخستنی موزیکی جیدی بوو لە یادکردنەوەی ئەمساڵی شاری سلێمانیدا. موزیکێک بەو مانایەی گوزارشت لە هەموو ڕەهەندە ڕۆحی و ئیستاتیکییەکانی مرۆڤی ئەمشارە بکات، نەک تەنها موزیکێکی میللی بکرێتە ناسنامەی موزیکی شارێک و لە یادی دروستبوونەکەیدا نمایش بکرێت. من لە بایەخ و بوونی موزیکی میللی کەم ناکەمەوە، بەڵام پەراوێزخستنی موزیسیانەکانی دیکە و تیپە موزیکییەکانی دیکە جۆرێک لە بچووککردنەوەی ناسنامەی موزیکی ئەم شارەیە، کە مێژووەکەی تەنها پێکنەهاتووە لە هونەرمەندە میللییەکان. لەم شارەدا چەندین گرووپی جۆراوجۆری موزیکی هەیە، کە دەکرا چالاکی جۆراوجۆر لەو یادەدا پێشکەش بکەن. بەڵام ئایا ڕێکخەرانی ئەو یادە ئاگاداریی ئەوەن، کە دەیان گرووپی چالاکی موزیکی وەکو “سولی فلامینکۆ” هەیە کە تەنها لەم ساڵدا بەبێ هیچ سپۆنسەرێک حەوت کۆنسێرتی پێشکەش کردووە، بەڵام لە یادێکی لەم چەشنەدا فەرامۆش دەکرێت. ئایا فەرامۆشکردنی ئەم گرووپە و هاوشێوەکانی نیشانەی بچووککردنەوەی موزیکی جیدی نییە لەم شارەدا؟
لێرەوە ئەوە بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە، کە فەرامۆشکردنی موزیکی جیدی لە یادی سلێمانیدا هەوڵێکی دیکەیە بۆ بچووک پیشاندانی موزیک لەم شارەدا و شێواندنی ناسنامە موزیکییە بایەخدارەکەی، کە شکۆی نازناوە ڕۆشنبیرییەکەیەتی. ئەوەی شارێک دەخاتە ڕیزی شارستانییەتەوە موزیک و هونەرەکانی دیکەن. فەرامۆشکردنی موزیکی جیدی، سەرەتایەکە بۆ لێسەندنەوەی سیمای شارستانییەت لەو شارە و داماڵینی شاربوون لێی.
سلێمانی و هونەردۆست و ئەدەبدۆستەکانی دژ بە هەموو فەرامۆشکردنێکی لەم شێوەیە دەوەستنەوە، ئەویش بە پڕۆژەی نوێی هونەری و ئەدەبی و سازدانی چالاکی لە دەرەوەی چالاکی ساختە و ئاراستەکراو، چونکە هونەر و ئەدەب بەرهەمی ئەو شنەبا سروشتییەک کە ڕۆحی مرۆڤی داهێنەر هەڵگریەتی. هەر لێرەوەیە کە ئەدەب و هونەر لەم شارەدا بۆ هەمیشە بە نەمریی دەمێنێتەوە و بۆ هەمیشەیی دەدرەوشێتەوە.

