رۆژنامەی ھەولێر

د. محەمەد حەسەن: خواردنی هێلكە بكەنە هاوڕێی منداڵەكانتان

ماكوان عێزەت – هەولێر

 

هێلکە خۆراکێکی بەسوودە بۆ تەندروستیی منداڵان؛ ئاخر زۆرێک لەو ماددە خۆراکیانەی تێدایە کە جەستەی منداڵ پێویستی پێیەتی. د. محەمەد حەسەن ، پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان بە پێویستی دەزانێت منداڵ، بەلایەنی کەمەوە، هەفتانە چوار ڕۆژ یان پێنج ڕۆژ هێلکەی پێ بدرێت.

د. محەمەد حەسەن پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان دەڵێت: دەمەوێت خواردنێکی کوردەواری بکەمە هاوڕێی بەردەوامتان، بە تایبەت بۆ منداڵەکانتان، کە سوودێکی زۆر گەورە بە گەشە و باڵا و جەستە و توانا و هێزیان دەگەیەنێت، ئەوەش بریتییە لە هێلکە.
هێلکە بەرهەمێکی زۆر گرنگ و دەوڵەمەندە بە جۆرەها ماددەی کانزایی و ڤیتامین و پرۆتین کە دەکرێ ڕۆڵێکی زۆر گرنگ ببینێت لە بەهێزکردنی جەستە و زیادکردنی باڵا و گەشەیەکی تەندروست. بۆیە پێویستە منداڵ، بەلایەنی کەمەوە، هەفتانە چوار ڕۆژ یان پێنج ڕۆژ هێلکەی پێ بدرێت. مەرجیش نییە هەموو ڕۆژێ هێلکەی پێ بدرێت و مەرجیش نییە تەنیا هێلکەی کوڵاو بێت. ئەگەر هێلکە کوڵاو بێت باشترە. ئەگەر سوورەوەکراو بێت، یاخود هێلکە و ڕۆن بێت، یان بە هەر جۆرێک منداڵەکە ئارەزووی لێ بوو، بە مەرجێک زۆر چەور نەبێت، ئەوە سوودی خۆی هەر دەگەیەنێت.
د. محەمەد حەسەن جەخت دەكاتەوە كە: پێویست ناکا تەنیا بڵێی دەبێ بەم شێوەیە منداڵەکە بیخوات. ئەگەر زەردێنە و سپێنەکەی بخوات زۆر باشە. ئەگەر منداڵەکە حەزی لێ نەبوو، خۆی ویستی تەنیا یەک دانە بخوات، ئەوەش هەر باشە.
بۆیە ئێمە پێویستە بە شێوەیەکی تەندروست وا بکەین کە منداڵەکانمان ببنە دۆستی هێلکە و ئەو بەرهەمە بخۆن.