رۆژنامەی ھەولێر

شوناس و هەڕەشە لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بڵاو كرایەوە

 

 

شوناس و هەڕەشە. دوو ئاراستەی پێچەوانە، لە نووسینی شاخەوان برایم عەبدوڵڵا لە دووتوێی (780 لاپەڕە)دا بڵاو كرایەوە.

ئەم كتێبە كۆمەڵەوتاری سیاسییە لە نێوان (2011-2025)نووسراون سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و لە رۆژنامە و هەفتەنامە و ماڵپەڕە كوردییەكاندا بڵاو كرانەوتەوە. لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كتێبخانە گشتییەكان/ هەرێمی كوردستان، ژمارەسپاردنی (3033)ی ساڵی 2025ی پێ دراوە.

پێشه‌كی نووسەر لەبارەی شوناس و هەڕەشە:
كتێبی “شوناس و هه‌ڕه‌شه‌. كورد و به‌غدا دوو ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌” كۆمه‌ڵه‌وتارێكی سیاسییه‌، له‌ نێوان ساڵانی (2011 تا 2025) په‌یوه‌ست به كێشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی نێوان هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدای پایته‌ختی كۆماری عێراق نووسراون و به‌شی زۆریان له‌ ڕۆژنامه‌ و ماڵپه‌ڕه‌ كوردییه‌كان و چه‌ند وتارێكیشیان له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆم، له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووكدا بڵاو كراونه‌ته‌وه.
شوناس و هه‌ڕه‌شه‌، ته‌نیا ئه‌و وتاره‌ بڵاوكراوانه‌ی تێدان كه‌ په‌یوه‌نددارن به‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌داخه‌وه‌ زۆرینه‌ی زۆری ئه‌و كێشانه‌ی له‌م كۆمه‌ڵه‌وتاره‌دا تیشكیان خراوه‌ته‌ سه‌ر، ئێستاش به‌رده‌وامن، مەزەندە دەكەم لە ئاییندەشدا بەشێوەیەك لە شێوەكان بەردەوام بن، چونكه‌ به‌غدا نایه‌وێت كێشه‌ی كورد بەپێی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و‌ دیالۆگ و بنەماكانی دیموكراسی چاره‌سه‌ر بكات. ده‌وڵه‌تێكه‌‌ له‌بری ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی تاوانەكانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و كۆمه‌ڵكوژكردنی كورد بكاته‌وه‌، پرۆسه‌ی سه‌ركوت و پێشێلكاریی به‌رانبه‌ر كورد و مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان به‌رده‌وام تۆختر بووه‌ته‌وه.
كۆكردنه‌وه‌ و ئه‌رشیفكردنی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌وتاره‌، ده‌كرێت سوودیان هه‌بێت، هه‌ر هیچ نه‌بێت نه‌وه‌ی داهاتوو، بزانن ده‌سه‌ڵاتدارانی دوای سه‌ددام حوسێن، ئه‌وانیش له‌ سته‌مكاریی به‌رانبه‌ر كورد هەمان ڕەفتاریان هەبووە، بەڵام بە شێوازی جیا.
به‌وپێیه‌ی‌ شوناس و هەڕەشە، دیدێكی ڕۆژنامه‌نووسییانه‌یه‌‌‌ بۆ كێشه‌ و دۆخی كورد له‌ كۆماری عێراقی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس و دامه‌زراندنه‌وه‌ی داموده‌زگه‌كانی عێراق و نووسینه‌وه‌ و په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووری عێراق و ناساندنی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ستووری عێراقدا وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستووری،‌ شوناس و هه‌ڕه‌شه‌ دیدی ڕۆژه‌ و ڕووداوه‌كانی زیندوون و ئه‌وه‌ی ڕوویان داوه‌ تۆمار كراون و شیكردنه‌وه‌ی سیاسییان بۆ كراوه‌، دیارترینیان پێشێلكردنی ده‌ستووره‌ كه‌‌‌‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه،‌‌ له‌ هه‌لومه‌رجی جیاواز و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر‌ كاری پێنه‌كرا، ئه‌مه‌یش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، تا ئاستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقیش بڕوات.
بۆچی شوناس و هه‌ڕه‌شه‌؟ دوای ئازادیی عێراق له‌ ساڵی 2003، عێراقییه‌كان به‌ كوردیشه‌وه‌ دڵخۆش بوون به‌وه‌ی سه‌رده‌مێكی نوێ و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتییانی عێراق به‌ عه‌ره‌ب و كورد و توركمان و ته‌واوی پێكهاته‌كانی دیكەیشەوە دێته‌دی، كه‌چی عێراق نه‌ك هه‌ر خۆشگوزه‌رانی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیت و هاووڵاتییانی ئاسووده‌ نه‌بوون، به‌ڵكوو دووچاری زۆرترین ئازار و ئاواره‌یی و پێشێلكردنی مافه‌كانیان لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی بوونه‌وه، كوردیش زیاتر له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان‌ی دیكەی عێراق ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ كرایه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ی شوناسی كوردبوون و به‌عه‌ره‌بكردنی خاكه‌كه‌ی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌غدا، سەرەڕای ئەوەی له‌ ده‌ستووردا عێراق به‌‌ كۆمارێكی فیدڕاڵی و پەرلەمانی و دیموكراسی پێناسه‌ كراوه‌، كه‌چی كێشه‌كان به‌ ده‌ستوور چاره‌سه‌ر نه‌كران و ده‌ستوور‌ ته‌نیا ڕووكه‌ش‌ و ئامرازێك بووه‌‌ بۆ سه‌ركوتكردنی كورد و پێشێلكاریی به‌رانبه‌ر مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆماری عێراقدا.
له‌ شوناس و هه‌ڕه‌شه‌دا، ده‌بینین حكوومه‌تی به‌غدا بە هاوكاری و پاڵپشتیی گرووپە چەكدارە میلیشیاكان زۆرترین گوشاری جۆراوجۆری له‌ كورد كردووه‌،‌ هه‌ر كاتێكیش پێویست بووبێت، سوپا و حه‌شدی شه‌عبی و گرووپە میلیشیاكان به‌رانبه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌كار هێناوە‌ و ئاستی هه‌ڕه‌شه‌كانی به‌ قۆناغ بۆ توندوتیژیش به‌رز بووه‌ته‌وه. له‌ نموونه‌ی هێرشكردنه‌ سه‌ر كورد له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 كه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی خاكی كوردستانی به‌ كه‌ركووك و به‌شێكی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستانی داگیر كرد، پرۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن و ده‌ركردنی كورد و سه‌ركوتكردن له‌ دوای ئه‌م ڕووداوه‌وه‌ به‌ به‌رنامه‌ی ڕێكخراو درێژه‌ی پێدرا بۆ ئه‌وه‌ی كورد‌، كه‌ركووك و سنووری مادده‌ی 140ی ده‌ستوور چۆڵ بكه‌ن.
ئەگەر ئەو ئەقڵییەتە فاشیستییەی دەسەڵاتدارانی بەغدا خۆی نەگۆڕێت و بە دیموكراسی و ڕێزگرتن لە كورد مامەڵە لەگەڵ هەولێردا نەكات، بێگومان دەوڵەتی عێراق بۆ كورد جارێكی دیكە دەبێتەوە چوارچێوەیەكی دەوڵەتی ستەمكار بۆ گەمارۆدان و زیندانیكردنی نەتەوەیەكی دێرینی وەك كورد لەسەر خاكەكەی خۆیدا، ئەمەیش پەرچەكرداری كوردی بەدوادا دێت و ئەگەری پێكدادانی هەولێر و بەغدای لێ دەكەوێتەوە.
شوناس و هه‌ڕه‌شه‌، توێژینه‌وه‌ی ئه‌كادیمی‌ نییه‌، بەڵكوو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی زیندووی ڕۆژنامه‌نووسییه و‌ لە ڕێگەی ئەم كۆمەڵە وتارەوە، ساته‌وه‌ختی پێشهات و ڕووداوه‌ سیاسی و سەربازییەكان شیكردنه‌وه‌یان بۆ كراوه و تۆمار كراون‌. شوناس و هەڕەشە سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ ‌عێراقی نوێ له‌ دوای (2003)وه‌، له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونه‌وه‌ی و دامه‌زراندنه‌وه‌ی داموده‌زگه‌كانی ده‌وڵه‌ت، حكوومه‌تی بەغدا هه‌موو هه‌وڵێكی داوه‌ شوناسی كورد بسڕێته‌وه و له‌ مامه‌ڵه‌یشیدا له‌گه‌ڵ كورد، هه‌ست ده‌كرێت‌ له‌ قه‌واره‌ی دەستووریی هه‌رێمی كوردستانیش پاشگه‌زبووه‌ته‌وه،‌ كاری جدی بۆ بچووككردنه‌وه‌ و ده‌ستوه‌ردانی له‌ كاروباری هه‌رێمی كوردستاندا كردووه‌ و به‌ قۆناغ و به‌ هێواشی وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌رانبه‌ر كورد ڕه‌فتاری كردووه‌‌. سه‌ره‌ڕای داگیركردنی كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان،‌ شه‌ڕێكی سه‌ختی ئابووری و یاسایی به‌رانبه‌ر كورد ده‌ستپێكرد به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان‌ و سڕینه‌وه‌ی شوناسی كوردبوون له‌ عێراقدا، ته‌نانه‌ت له‌ زۆر قۆناغیشدا دادگه‌ی فیدڕاڵی له‌ دژی كورد به‌كار هێناوه.
له‌ سۆنگه‌ی دیدی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌وتاره‌وە، ده‌بینین به‌و ئەقڵییه‌ته‌ فاشیستییە، ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ناتوانن دان به‌ ماف و بوون و شوناسی كورددا بنێن، هه‌تا ئه‌و ئەقڵییه‌ته‌ به‌غدای پایتەخت به‌ڕێوه‌ ببات و كاره‌كته‌ره‌كانی بمێنن و ده‌سه‌ڵاتدار بن، كێشه‌كانی كورد لە باشووری كوردستان له‌ كۆماری عێراقدا به‌رده‌وام ده‌بن و به‌ جۆر و مامه‌ڵه‌ و ڕه‌فتاری جیاواز‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كورد و شوناسه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و خۆی ئەبدێت ده‌كاته‌وه‌. له‌كاتێكدا عێراق و عێراقییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ دەزانن كێشه‌ی كورد ته‌نیا به ڕێگه‌ی‌ دیموكراسی و دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردستان چاره‌سه‌ر ده‌بێت نه‌ك به‌ زه‌بروزه‌نگ و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دێرینی وه‌ك كورد!
****
بەرهەمە چاپكراوەكانی نووسەر:
١- سێبەرەكانی جەنگ/ چیرۆك/2012
٢- ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەوییەوە بۆ خەونی خەلافەت/2017
٣- كورد لە ئۆكتۆبەری ڕەشدا/ 2018
٤- ئیسلامی سیاسی فریودان و تیرۆریزم/ 2018
٥- ئیناس و پیاوەكانی خەلیفە/ ڕۆمان/ 2019
٦- پژمین/ ڕۆمان/ 2021
٧- ئازادی و مانەوە لە بازنەی چەقبەستووییدا/ 2022
٨- خوێن و ئیرۆتیك/ ئەدەبی/ 2022
٩- شوناس و هەڕەشە/2025