ئارام كۆشكی – سلێمانی
ئەم هەفتەیە یادی دروستبوونی شاری سلێمانی کرایەوە. یادێک، کە لە ئاستی شکۆ و ناوبانگ و پێگەی سلێمانیدا نەبوو. کاتێک ئێمە یادی دروستبوونی شارێک دەکەینەوە، گرنگە بزانین بۆ یادی ئەو شارە دەکەینەوە؟ ئایا ئەو شارە شایستەی ئەوەیە یادی دروستبوونەکەی بکەینەوە یان نا؟ ئەگەر شایستەیەتی، دەبێت گرنگی بەو پێگە و سێکتەرانە بدەین، کە ئەو شارە هەڵگریەتی و خۆ ئەگەر ئەوە نەکەین کەواتە یادمان نەکردووەتەوە، بەڵکو خۆمان بە یادەکەدا هەڵواسیوە و شکۆی ئەو شارەمان بریندار کردووە، چونکە هەر شارێک شکۆی تایبەتی خۆی هەیە؟
سلێمانی شارێکە شایستەی نەک ڕۆژێک یادکردنەوەیە، بەڵکو گرنگە هەفتەیاد، یان مانگەیادی بۆ ساز بکرێت و لەو هەفتەیە، یان مانگەیادەدا، ڕۆژانە لە سێکتەری جۆراوجۆردا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام بدرێت، نەک بە پێشکەشکردنی چەند گۆرانییەک و کەڕنەڤاڵێکی بچووکی خواردن یادی بکرێتەوە. کاتێک یادی سلێمانی دەکرێتەوە گرنگە یادی ڕۆژنامەگەریی ئازاد، کە پیرەمێردی شاعیر دامەزرێنەرییەتی بکرێتەوە، تا گۆڤاری گەلاوێژ و لەوێوە بۆ یادکردنەوەی ئەو سەدان شاعیر و هونەرمەندە گرنگ و سەنگینەی پێگەیان لە ئاستی هەموو کوردستاندا نکۆڵی ناکرێت.
کاتێک یادی سلێمانی دەکرێتەوە، ناکرێت هونەری شانۆ وەکو هونەرێکی ڕەسەن و دایکانە فەرامۆش بکرێت، بەڵام ئەوەی لەم یادەدا بینیمان فەرامۆشکردنی تەواوەتی ئەم هونەرە بوو بەبێ ئەوەی کەسیش بیر لەم هونەرە بکاتەوە و بەڕێوەبەرایەتی شانۆ و تیپ و گرووپە شانۆییەکان لەخۆیان بپرسن ئەمساڵ چ شانۆیەکیان پێشکەش کردووە؟ کوان ئەو نمایشانەی ئەمساڵ لەم شارەدا نمایش کران؟
ئەمساڵ کە یادی 241 ساڵەی دامەزراندنی سلێمانی دەکرێتەوە، سلێمانی ساڵێکی بێ شانۆ بەڕێ دەکات و کەس بیری لای ئەم هونەرە ڕەسەنە نییە بەشانۆکارانیشەوە. من ڕەخنەکەم تەنها لە لایەنە حکومییەکان نییە، بەڵکو تیپ و گرووپە شانۆییەکان و شانۆکارانیش بەرپرسن لەم دۆخە. ناڵێم بەرپرسیارێتییەکەیان هێندە لایەنە پەیوەندیدارەکانە، بەڵام ناکرێت سلێمانی ساڵێکی بێ شانۆ بەڕێ بکات و هەموو خەتاکە بکەوێتە سەر (لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەڵبەت بەداخەوە، کە پەیوەندیدار نین)، بێگومان ئەگەر هەموان چاوەڕوانی (لایەنە پەیوەنیدار، ناپەیوەندیدارەکان) بن بۆ ئەوەی هاوکاری بکرێن بۆ دروستکردنی فیلم، چاپکردنی کتێب، گۆرانی و میوزیک، ئەوا دەبوو هەموو سێکتەرە هونەریی و ئەدەبییەکانی دیکەش ساڵێکی وشک و بێ چالاکییان بەڕێ بکردایە؟ وەکو چۆن ئەمساڵ کە لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە سلێمانی ساڵێکی بێ شانۆ بەڕێ دەکات!
وەک بینەرێکی تامەزرۆی شانۆ لانی کەم چارەکە سەدەیەکە لەم شارەدا بینەری نمایشە شانۆییەکانم و تا ئێستا بیرم نایەت یەک ساڵ بینەری شانۆ نەبووبم (وەک ئەمساڵ)، بەساڵی کۆرۆناکەشەوە. لەم 25 ساڵەدا سەرەڕای دەیان قەیرانی جۆراوجۆر، بەڵام سلێمانی شارێک نەبووە بەبێ شانۆ، هەمیشە شانۆیەک، چەند شانۆیەک هەبووە و دڵی بینەرانی ئاوداوە. من لەم ساڵدا هیچ شانۆیەکم لەم شارەدا نەبینی و ئیتر چۆن باسی یادکردنەوەی شارەکە دەکرێت؟ یادکردنەوەی شارێک ئەوەیە نەهێڵین هیچ سێکتەرێکی هونەری و ئەدەبی شارەکە (کە خاوەنی نازناوی ڕۆشنبیرییە) بوەستێت. وەستانی هەر سێکتەرێک لەوانە نیشانە لەشارخستنی ئەو شارەیە. سلێمانی لە شارێکی پڕ وزە و جوڵەی ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەوە خەریکە دەبێتە شارێک، کە لە شاربوون بخرێت. شاربوون بریتی نییە لە ژمارەیەکی زۆری بینای بەرز و شەقامی جوان، بەڵکو بریتییە لەو وزە و چالاکییە کولتووری و ئەدەبی و هونەرییانەی ڕۆحی زیندووی ئەو شارە پیشان دەدەن. زیندووبوونی شارێک واتای زیندووبوونی چالاکییە کولتوورییەکانی بەبێ زیندووبوونی ئەو چالاکییانە ئەو شارە مردووە. مەهێڵن سلێمانی بمرێت و یادکردنەوە ئەوەیە نەهێڵن ئەدەب و هونەر بمرێت.

