رۆژنامەی ھەولێر

ئەنجامی هەڵبژاردن لە کەرکووک زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دەرەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک لەم خولەی هەڵبژاردنی عێراق بە دڵی کورد نییە. ئەنجامەکە زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە بۆ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ئەوانەی دڵیان بۆ کەرکووک لێدەدات، پێش ئەوەی هاوکێشەکە لە کەرکووک خراپتر ببێت، مشووری بخۆن و بە پلانێکی تۆکمە پارێزگاری لە کوردستانیبونی پارێزگاکە بکەن.

بەگوێرەی دەرەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن کە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاو کراوەتەوە کورد لە کەرکووک بۆ یەکەم جار کورسییەکانی لە زۆرینەی پارێزگاکەوە بوو بە کەمینە و تەنیا پێنج کورسیی پەرلەمانی لە دوازدە کورسییەکەی پەرلەمان بەدەست هێنا.
ئەم دەرەنجامە لە کاتێکدایە کورد لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق خاوەنی حەوت کورسی بوو و زۆریەی کورسییەکانی پارێزگاکەی بەدەستەوە بوو بەڵام ئەم جارە عەرەب پێنج کورسی و تورکمان دوو کورسییان بەدەست هێناوە.
بەشێک لە هۆکارەکان لای زۆرینەی خەڵک ئاشکران کە پێوەندی بە فرەلیستیی بەشداری کورد لەم پارێزگایەی کوردستان هەبووە. بەگوێرەی بەدواداچوونی ڕۆژنامەی هەولێر، بەداخەوە لیست هەیە سەداسەد دڵنیا بووە لەوەی هیچ کورسییەک لە کەرکووک ناباتەوە، کەچی بە تەنیایی بەشداری لە هەڵبژاردنی کەرکووک کرد. ئەگەر سەرکردەی ئەو حزبانە لە ڕەهەندێکی نیشتمانییەوە سەیری پرسی کورد لە کەرکووکیان کردبا نەدەبوایە هەرگیز ڕێیان بەخۆیان دابا بەم شێوەیە بەشداری بکەن و دەبوایە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئەو لایەنانەی کەرکووک کە توانای بردنەوەی کورسییان هەیە.
لە کەرکووک جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر یەک لە نەوەی نوێ، بەرەی گەل و پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی کودستان بەشداریان کرد. سێ پارتی ناوبراو هیچ کامێکیان نەک هیچ کورسییەکیان بەدەست نەهێنا بگرە بە یەکەوە چواردە هەزار و هەشتسەد و سێزدە دەنگی کوردیان فەوتاند. ئەو دەنگانە ئەگەر چ بۆ یەکێتی چووبان و چ بۆ پارتی چووبان ئەوا کورسییەکی تریان بۆ کورد مسۆگەر دەکرد و ژمارەی کورسییەکان دەگەیشتە شەش کورسی.
بەڵام ئەمەی باس کرا یەکێکە لە هۆکارەکان و هۆکاری تر لە پشتی بەرزبوونەوەی کورسیی عەرەب و دابەزینی کورسی کوردە . یەکێکی تر لە هۆکارەکان پێوەندیی بە ڕێژەی بەرزی بەشداریی عەرەبەکان لە دەنگدان و بەشداری نزمی کورد لە دەنگدان هەیە و لە هەموو هەڵبژاردنێکیش ئەوانە چارەنووسی کورسییەکان یەکلایی دەکەنەوە کە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان نەک ئەوانەی لە ماڵەوە دانیشتوون و بەهەر هۆکارێک بەشداری لە هەڵبژاردن ناکەن.
هۆکارەکانی سەرەوە لەبارەی کەمبوونەوەی کورسییەکانی کورد لە کەرکووک قابلی چارەسەرن و کورد دەتوانێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو چاوکراوەتر و بە ڕەچاوکردنی پلانی تۆکمە بەشداری لە هەڵبژاردن بکات و واز لە فرەلیستی بهێنێت و ئەوپەڕی بە دوو لیست بەشداری بکەن چونکە بە سیستمی سانتلیگۆ بەشداریی زیاتر لە دوو لیست بە زیانی کورد تەواو دەبێت و ئەگەر یەک لیست بێت ئەوا زۆر باشترە.
ئەوەی زۆر مەترسیدار و جێی تێڕامانە و وەک هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی پاشەکشەی کورد لە کەرکووک دادەنرێت ئەوەیە ژمارەی دەنگەکانی عەرەب لە کەرکووک لەم هەڵبژاردنەدا بەراورد بە هەڵبژاردنی ڕابردوو نزیک بە دوو هێندە بەرز بووەتەوە کە شتێکی ئاسایی نییە.
کۆی دەنگی عەرەب لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ بریتی بوو لە سەد و بیست هەزار دەنگ بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دووسەد و سی و چوار هەزار دەنگە. لەکاتێکدا دەنگی کورد لە هەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق سەد و شەست هەزار بوو کەچی ئەم جارە دووسەد و پەنجا و حەوت هەزارە و ئەگەر ڕێژەکە لای عەرەب نزیکەی نەوەد و چوار لەسەدا هەڵکشابێت لای کورد ڕێژەکە پەنجا و حەوت لەسەد هەڵکشاوە.
راستە بەشێکی زۆربونی ژمارەی دەنگدەرانی عەرەب ئەوەیە بە ڕێژەی بەرزتر بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە بەڵام خاڵە مەترسیدارەکە ئەوە دەسەلمێنێت کە ژمارەی عەرەب لە کەرکووک زۆر بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدایە و ئاکامەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن خەریکە کاریگەرییەکانی لەسەر کورسی و دەنگدان بە ڕوونی دەردەخات.
لە کەرکووک ژمارەیەک گەڕەک زیادیان کردووە کە بە زێدەڕۆ بنیات نراون و دانیشتووانەکەیان لە شوێنی تر هێنراون و لەو کاتەدا کە کورد خەریکی ململانێی ناوخۆیی بووە، ئەوا فۆرمە خۆراکەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەوە بۆ کەرکووک گواستووەتەوە، ڕەنگە دەزگا باڵاکانی عێراق لە حکوومەتەوە بگرە تا دەگاتە سوپا و دامەزراوەکانی تر لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکەدا بە کڕی ڕۆڵیان هەبێت.
کورد ئەگەر بێدەنگی هەڵبژێرێت و بە یەکدەنگی فریای پێشگرتن بەم سیاسەتە نەکەوێت ئەوا لە داهاتوودا ئەو مەترسییە لەسەر کورد هەیە کەرکووک لەدەست بدات و دۆخەکە بگاتە قۆناغێک تەنانەت هەر بە جێبەجێکردنی مادەی سەد و چل ئەنجامەکە بۆ عەرەب یەکلایی ببێتەوە.
بەدەر لەو هەنگاوە نایاساییانەی عەرەب ناویانە هەموو سەرژمێرییەکان ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە وەجەخستنەوەی لە کەرکووک لای کورد کەم و لای عەرەب زۆرە و ئەوەش خاڵێکی تری مەترسیدارە کە لەپاڵ سیاسەتی بەعەرەبکردن ئەوا گەشەی ئاسایی ژمارەی دانیشتووانیش زیانی بە کورد گەیاندووە.
ئەگەر لایەنە کوردستانییەکان بە ڕاستی دڵیان بۆ کەرکووک لێ دەدات و بە بەشێکی دانەبڕاو لە کوردستان سەیری دەکەن و نایانەوێت خوێنی سەدان هەزارشەهید و ئەنفالکراو بە فیڕۆ بچێت کاتی ئەوە هاتووە لە خەو ڕاپەڕن و سیاسەتەکانیان بەرانبەر کەرکووک بگۆڕن و بەیەکەوە ڕێ لە سیاسەتی بەعەرەبکردن بگرن و لەوەی لە ڕابردووشدا ڕووی داوە بێدەنگ نەبن و هەوڵی ئاساییکردنەوەی بدەن.