شیڤان شێرزاد – هەولێر
کورتە فیلمی “دەریای ئومێد”، لە دەرهێنانی هونەرمەند “جوبرائیل ئەبوبەکر”ـە و دوای بەشداربوونی لە چەند فێستیڤاڵێکی جیهانی، ئێستا لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی پارادێسی ئەڵمانیا.
ئەو فێستیڤاڵە ساڵانە بە بەشداری ٥٢ وڵاتی جیهانی و بەشێک لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا بەڕێوە دەچێت، فیلمی “دەریای ئومێد”ـیش یەکەم بەرهەمی کوردییە لە چوارچێوەی ئەو فێستیڤاڵەدا بەشدار دەبێت و لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدایە و چاوەڕوان دەکرێت خەڵاتێکی ئەو فێستیڤاڵەی پارادێس بەدەست بهێنێت.
“جوبرائیل ئەبوبەکر” دەرهێنەری ئەو فیلمە سەبارەت بە بەشداریکردنی فیلمی “دەریای ئومێد” بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: جێگەی خۆشحاڵیە فیلمەکەم لە نێوان ٤٨٠٠ بەرهەمی نێردراو بۆ فێستیڤاڵەکە هەڵبژێردراوە بۆ بەشی پێشبڕکێ، کە ٥٢ وڵات چاویان بڕیووەتە خەڵاتی ئەو فێستیڤاڵە.
لە بارەی ناوەڕۆکی فیلمەکەشی دەرهێنەری دەڵێت: فیلمی “دەریای ئومێد” کورتە فیلمێکە، کە پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی مرۆیی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی، کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات. فیلمەکە بە گرنگیدان بە شوێنەواری سۆزداری و جەستەیی ئاوارەبوونی زۆرەملێ، شوێنپێی گەشتەکانی تاکەکان دەگرێتەوە کە ناچارن لە ماڵەکانیان هەڵبێن، هەموو شتێک دەخاتە مەترسییەوە کاتێک بە ڕێگاکانی مترسیدار دا دەڕۆن- کە مردن و خنکان لە هەموو وەرچەرخانێکدا دەڕوانن- لە گەڕانێکی بێهیوادا بۆ سەلامەتی و ژیانێکی به کەرامەت.

