رۆژنامەی ھەولێر

توێژەرێكی كورد پێی وایە زیرەكی دەستكرد تا ساڵی 2030 كۆمەڵێك ترلیۆنێر دروست دەكات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

لوقمان حەوێز، توێژەرێكی كوردی دانیشتووی ئەمریكا، لە تازەترین توێژینەوەیدا باسی لەوە كردووە كە ئێستا لەم ساڵی 2025ـەدا، جیهان پتر لە 3000 كەس ملیاردێری لێ هەیە؛ پتر لە 1000 کەسیان لێ، لە ئەمەریكان؛ نزیكەی 500 كەسیشیان لێ لە چین و نزیكەی 200 کەسیان لە هیندوستان؛ تا ئێستا لە جیهان كەس ترلیۆنێر نییە بەڵام بەهۆی ئەو تەقینەوەیە و ئەو گەشە خێرایەی كە لە زیرەكی دەستكرددا ڕوو دەدات و بەڕێوەیە، بە خێرایی هەموو كونج و بستێكی ژیانمان داگیر دەكات، بۆیە تا ساڵی 2030 كۆمەڵە كەسێکی ترلیۆنێر دروست دەبن لە جیهاندا.

ئەو توێژەرە پێی وایە ترلیۆنێر ئەو كەسەیە بڕی هەموو پارە و سامانەكەی بگاتە یەك ترلیۆن دۆلار یان زیاتر، واتە هەزارملیار دۆلار یان زیاتر، كاندید بۆ ئەو ترلیۆنێرانەش ئەو كەسانە دەبن كە ئێستا سەرۆكایەتی و خاوەنداریەتی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی زیرەكیی دەستكرد دەكەن؛ لەوانە: سەم ئاڵتمەن (Sam.Altman) سەرۆكی كۆمپانیای (OpenAI)، ئیلۆن مەسک سەرۆكی كۆمپانیای تێسلا (Tesla) و خاوەنی (SpaceX) و ئێکس توێتەری جاران() و (xAI)، مارک زۆکەربێر سەرۆكی كۆمپانیای مێتا (فەیسبوک) و، جێنسن هوانگ (Huang Jensen) سەرۆكی كۆمپانیای (nVidia).
ئێستا ئیلۆن مەسك خەریكی دروستكردنی داتاسەنتەرێكی زۆر زەبەلاحی زیرەكیی دەستكردە لە شاری ممفیس (Memphis) لە ئەمەریكا كە لە پتر لە ١ملیۆن جۆری (H100) و (H200)ـی ئێن‌ڤیدیا (nVidia) پێك دێت؛ بۆ بەراورد پلاتفۆرمی زیرەكیی دەستكردی چینی دیپسیک (DeepSeek) تەنیا بە نزیكەی پەنجاهەزار (GPU)ـی كار دەكات، لە داهاتووی نزیك هەموو ڕۆبۆتە زیرەكەكانی تێسلا كە بە (Optimus) ناسراون ئەگەر لە هەر شوێنێكی دنیا كار بكەن بەو داتاسەنتەرە دەبەسترێتەوە، لە ماوەی 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوو تێسلا لە بەرنامەیدایە دەیان‌ملیۆن ڕۆبۆتی زیرەك بەرهەم بهێنێت كە لە ڕێگەی فێربوون بە زیرەكی دەستكرد دەتوانن هەموو كارەكانی مرۆڤ بكەن، ئیلۆن مەسك دەڵێت لە داهاتووی دوورتریشدا ژمارەی ڕۆبۆتە زیرەكەكان لە ژمارەی مرۆڤ زیاتر دەبن و بەهیوان ئەوان گەورەترین ڕۆڵیان هەبێت لەو بوارە لەسەر ئاستی جیهاندا.